سری ساکک: ئیسرائیل 10 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە و ئەمان دەیانەوێت کورد کۆمەڵکوژ بکەن

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لەبارەی هێرشەکانی سەر حەلەب رایدەگەیێنێت، ئیسرائیل گەیشتووەتە دووریی 10 کیلۆمەتری دیمەشق، بەڵام ئەوانەی "فیشەکێکیشیان بە ئیسرائیلەوە نەناوە،" دەیانەوێت ئەو کوردانە کۆمەڵکوژ بکەن، کە پەنایان بۆ شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بردووە.
 
سری ساکک، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (دەم پارتی) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لەبارەی دۆخی حەلەب بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، "هەندێک کەس ساڵانێکە بە گوتنی 'با کورد لەنێوبەرین'، ئەم وڵاتە و خۆشیان هیلاک کردووە."
 
پەرلەمانتارەکەی ئاگری رەخنە لە بێدەنگیی حکومەتی سووریا بەرامبەر ئیسرائیل دەگرێت و دەڵێت، "ئێستا جیهادییەکان و سوپای سووریا، دوو گەڕەکی گەمارۆدراوی کوردی لە حەلەب بە چەکی قورس بۆردوومان دەکەن، بەبێ جیاوازی منداڵ و خەڵکی مەدەنی کۆمەڵکوژ دەکەن؛ لە کاتێکدا ئیسرائیل گەیشتووەتە دووریی 10 کیلۆمەتری دیمەشق، بەڵام ئەوان فیشەکێکیشیان بە ئیسرائیلەوە نەناوە."
 
ساکک هۆشداری دەدات لەوەی ئەم رێگەیە شەڕ و خوێنڕشتنی زیاتری لێدەکەوێتەوە و دەڵێت، "جگە لە ئاشتی، هەموو بژاردەکانی دیکە سەرجەم گەلان بەرەو دۆزەخ رادەکێشن."
 
لە رۆژی سێشەممەوە سوپای سووریا هێرشی چڕی کردووەتە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب. بەگوێرەی ئاسایشی حەلەب، لەماوەی سێ رۆژدا 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 57ی دیکەش بریندارن.
 
هێرشەکان کاردانەوەی لێکەوتەوە و شەوی رابردوو لە شارەکانی ئامەد، ئێلیهـ و وان لە باکووری کوردستان گردبوونەوە و خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیی کوردانی حەلەب بەڕێوەچوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە