رووداو دیجیتاڵ
عومەر سلێمان، هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناوداری سووریا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، لە شاری روهای باکووری کوردستان دەستگیرکرا.
ئەو هونەرمەندە، بە رەگەز عەرەبە و ساڵی 1960 شاری سەریکانێی رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، بە گوێرەی زانیارییەکان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان دەستبەسەرکراوە.
کوڕی عومەر سلێمان، هەواڵی دەستگیرکردنی باوکی پشتڕاستکردەوە و گوتی: "باوکم سەر لەبەیانی رۆژی چوارشەممە 17-11-2021 لە نێو ماڵەکەیدا دەستگیرکراوە".
کوڕەکەی ئاماژەی بەوەداوە کە هەندێک کەس "زانیاریی هەڵە"یان لەبارەی باوکی بە دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا داوە. بەڵام رەتیدەکاتەوە باوکی پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەبێت.
عومەر سلێمان، کە هونەرمەندێکی ناوداری سووریایە و بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی گۆرانی دەڵێت، لە سۆشیاڵمیدیا هەوادارێکی زۆری هەیە.
گۆرانیی "وەرنێ، وەرنێ"، کە یەکێکە لە گۆرانییە کوردییە بەناوبانگەکانی عومەر سلێمان، لە کەناڵێکی یوتیوب زیاتر لە 94 ملیۆن جار تەماشاکراوە. هەروەها گۆرانییەکیشی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری دەستگیرکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان گوتووە.
عومەر سلێمان سەرەتا بە ئاهەنگەکانی شایی لە گوندەکانی سەرێکانێی رۆژئاوای کوردستان دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە، بەڵام دواتر بەرە بەرە ناوبانگی دەرکردووە. لە ساڵی 2013 لە لایەن کۆمیتەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی نۆبڵ بانگهێشتکراوە بۆ ئەوەی لە مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکان گۆرانی بڵێت. عومەر سلێمان خاوەنی نۆ ئەلبوومی گۆرانییە.
لەدوای شەڕی ناوخۆی سووریا، عومەر سلێمان زێدی خۆی جهێشتووە و ماوەی 10 ساڵە لە شاری روهای باکووری کوردستان نیشتەجێتە. ئەو تاوەکو ئێستا لە چەندین وڵاتی جیهان کۆنسێرتی گۆرانی کردووە.
کێ لە پشت دەستگیرکردنەکەیەتی؟
لە بارەی دەستگیرکردنی عومەر سلێمان، رۆدی سەعید، کە هاوڕێی عومەر سلێمانە و خەڵکی هەمان گوندن لە سەرێکانی، لە تویتەری خۆیدا هەندێک زانیاری ئاشکراکردووە.
رۆدی سەعید دەڵێت، عومەر سلێمان لە خێزانێکی هەژاری سەرێکانییە، کە وەکو ماڵبات سەروکاریان لەگەڵ سیاسەتدا نەبووە، عومەر سلێمان جووتیاری کردووە، لە ساڵانی نەوەتەکاندا دەستیکردووە گۆرانیگوتن لە ئاهەنگەکانی شایی.
رۆدی دەشڵیت: "سەرەتا رزانی برام لەگەڵ عومەر بوو لە ئاهەنگە کوردی و عەرەبییەکاندا ئامێری ئۆرگی بۆ لێدەدا، لە ساڵی 2000دا عومەر لە ناوچەکەدا ناوبانگی پەیداکرد و ساڵانە لەگەڵ رزان بانگهێشتی فێستڤاڵەکان لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکا، چین و وڵاتانی عەرەبی دەکران".
لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی سووریا لە 2011، رزان و عومەر سووریایان جێهێشت، عومەر سلێمانی لە تورکیا جێگیربوو و رزانیش لە سوێد، هەردووکیان بە جیا لە کاری خۆیان بەردەوامبوون.
رۆدی سەعید هەروەها دەڵێت: "کاتێک عومەر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەنێوبانگ بوو، هەندێ گۆرانیبێژی خۆجێی ئیرەییان پێدەبرد. ژمارەیەک گۆرانیبێژی رکابەری کە وەکو ئەو بەنێوبانگ نین، ئێستا کەسانی دیارن لەنێو سوپای نیشتمانی سووریا (ئۆپۆزسیۆن) کە لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێت. ئەم کەسانە و خێزانەکانیان دەستیانکرد بە دروستکردنی کێشە بۆ عومەر، کاتێک لە تورکیا دەژیا، ئاسانترین رێگەش دروستکردنی پڕوپاگەندە بوو کە عومەر سەر بە یەپەگە و پەکەکەیە، تەنیا لەبەر ئەوەی هاوڕێ و هاوکاری کوردی هەبوون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ