رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەی لە کازاخستان، لەنێو فڕۆکە بۆ رۆژنامەڤانان قسەی کرد. ئەردۆغان رایگەیاند کە وڵاتەکەی دەرفەتێکی زۆر گەورەیە بۆ یەکێتیی ئەورووپا و پێویستە ئەو یەکێتییە بڕیارێکی مێژوویی بدات.
ئەردۆغان گوتیشی: "هەندێک وڵاتی ئەورووپایی وەک رکابەر تەماشای تورکیا دەکەن، بەڵام حەزی ئەنقەرە بۆ ئەندامێتی تەواو بە مەبەستی کێبڕکێ یان ئاستەنگدروستکردن نییە بۆ کەس، بەڵکو دەیانەوێت بە دڵسۆزی هەم وڵاتەکەیان و هەم یەکێتییەکە بەهێز بکەن." ئەردۆغان رەخنەی لە هەندێک هەڵسوکەوتی جیاکارییانە گرت و جەختی کردەوە: "تورکیا وڵاتێک نییە ببێتە بارگرانی بەسەر ئەو پێکهاتانەی تێیدایە، بەڵکو وڵاتێکە بارگرانییەکان سووکتر دەکات."
سەبارەت بە قەیرانی ناوچەی کەنداو، ئەردۆغان رایگەیاند کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی ئەم دۆخە، سەرکێشییە بێ کۆتاییەکانی ئیسرائیلە کە دەیەوێت جەنگەکە بۆ تەواوی ناوچەکە پەرە پێبسەنێت. ئەردۆغان گوتی: "پێویستە سەرەتا سەرکێشییەکانی ئیسرائیل بوەستێندرێت و پاشان ئاشتییەکی راستەقینە بونیاد بنرێت. ئەگەر سەقامگیریی هەمیشەییمان لە ناوچەکەدا دەوێت، دەبێت هەمووان لێکدانەوە کورتخایەنی خۆیان بنێنە لاوە و وڵاتان بەرگری لە مافی هاووڵاتیانی خۆیان بکەن، نەک دەوڵەتانی دەرەوەی ناوچەکە."
ئەردۆغان تیشکی خستە سەر لووتکەی داهاتووی سەرکردەکانی ناتۆ کە بڕیارە لە رۆژانی 7 و 8ی تەممووزی 2026 لە ئەنقەرە بەڕێوە بچێت، رایگەیاند کە ئەم لووتکەیە گرنگییەکی رەهای لە مێژووی هاوپەیمانێتییەکەدا هەیە و چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری زۆر گرنگ سەبارەت بە داهاتووی ناتۆ و پێکهاتەی ئاسایشی جیهانی تێدا بدرێت. لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، ئەردۆغان دووپاتی کردەوە کە بە شێوەیەکی شایستە بەسەر هەموو بەربەستەکاندا زاڵ دەبن و دەگەنە ئامانجی پرۆسەکە.
سەبارەت بە پرسی دەستووری نوێ بۆ تورکیا، ئەردۆغان گوتی: "دەستوورێکی نوێ پێویستییە، ئامادەکارییەکانمان لەم رووەوە تەواو کردووە و ئەو بابەتانەمان دەستنیشان کردووە کە میللەتەکەمان پێویستی پێیەتی و داوای دەکات."
ئەردۆغان لە رۆژی 13-5-2026 سەردانی کازاخستانی کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاوکاری ستراتژیکی ئاستی باڵای تورکیە-کازاخستان و دواتر بەشداری لووتکەی نافەرمی رێکخراوی دەوڵەتانی تورک کرد و ئەمڕۆ 16-5-2026 گەڕایەوە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ