رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، ''هەندێک لایەن دەیانەوێ بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکەن، بەڵام ئێمە رێگەیان پێنادەین.''
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی رۆژی سێشەممە، 26ی ئابی 2025 لە گوتارێکیدا لە مێردینی باکووری کوردستان، لەبارەی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە سەرەتایەکی نوێداین، لاپەڕەیەکی نوێمان هەڵداوەتەوە. ئێستا رێگە و شێوازەکانی بەرخۆدان و خەباتی ئێمە گۆڕاون. لەم پرۆسە نوێیەدا گرنگترین ئامرازی خەباتمان، کردنەوەی رێگەکانی سیاسەتی دیموکراسییە.''
دۆغان ئاماژەی بەوە کرد، پێشوازی لە هەموو ''رەخنەیەکی بنیادنەرانە'' دەکەن کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە ئاراستەی پارتەکەیان بکرێت.
گوتەبێژی دەم پارتی گوتیشی، ''هەندێک لایەن دەیانەوێ بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکەن، رەنگە ژمارەشیان زۆر نەبێت، بەڵام ئێمە رێگەیان پێنادەین.''
1ی تشرینی یەکەمی پار، حکومەتی تورکیا پرۆسەی چارەسەری دەستپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێ، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداش لە سنووری پارێزگەی سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان سووتاند.
هەروەها لیژنەی (هاوپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەکە پێکهێندراوە کە هەفتانە کۆبوونەوە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ