رووداو دیجیتاڵ
لە لیژنەی دەستوور و دادی پەرلەمانی تورکیادا، هەزار و 52 دۆسیەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر 145 پەرلەمانتار هەن. زۆرترین ژمارەی دۆسیەکان کە 628 دانەن، دۆسیەی پەرلەمانتارانی دەم پارتییە(هەدەپەی پێشوو)
بەکر بۆزداغ، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، داتایەکی لەبارەی دۆسیەکانی هەڵگرتنی پارێزبەندی و ئەو کەسانەی لە ساڵی 2015ـەوە پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیراوە، ئاشکرا کرد.
بۆزداغ، لە وەڵامی پرسیارێکی جەیلان ئاکچا جوپۆلۆ، پەرلەمانتاری ئامەدی دەم پارتی، دابەشکاریی دۆسیەکانی هەڵگرتنی پارێزبەندی بەپێی پارتەکان بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی وەڵامەکە، زۆرترین دۆسیە بە 628 دۆسیە لە دژی 43 پەرلەمانتاری دەم پارتییە. لە کاتێکدا 325 دۆسیە لە دژی 71 پەرلەمانتاری جەهەپە، 30 دۆسیە لە دژی 9 پەرلەمانتاری ئیی پارتی، 11 دۆسیە لە دژی 9 پەرلەمانتاری مەهەپە و 8 دۆسیە لە دژی 5 پەرلەمانتاری ئاکپارتی هەن.
هەروەها 42 دۆسیە لە دژی 3 پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا، 2 دۆسیە لە دژی پەرلەمانتارێکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان و 5 دۆسیە لە دژی 3 پەرلەمانتاری سەربەخۆ هەن. ئاماژە بەوەش کراوە کە دۆسیەیەک لە دژی پەرلەمانتارێکی پارتی رێگەی نوێ هەیە.
کۆی گشتی 1052 دۆسیەی هەڵگرتنی پارێزبەندیی تایبەت لەسەر 145 پەرلەمانتاری 8 پارت هەن.
پەرلەمانتاری لە 15 کەس سەندراوەتەوە
بۆزداغ، ئەو ناوانەشی ریزکرد کە لە چوارچێوەی مادەکانی 76، 83 و 84ـی دەستووری تورکیا، لە 1ـی کانوونی دووەمی 2015ـەوە بەهۆی یەکلاکردنەوەی سزاکانیانەوە مافی پەرلەمانتارییان لێسەندراوەتەوە.
ئەو کەسانەی لەم چوارچێوەیەدا ئەندامێتییان لە پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە بریتین لە: فیگەن یوکسەکداغ، نورسەل ئایدۆغان، بەسیمە کۆنجا، فەرهاد ئەنجوو، ئەحمەد یڵدرم، ئیبراهیم ئایهان، عوسمان بایدەمیر، سەلما ئرماک، لەیلا گوڤەن، موسا فارسئۆغوڵڵاری و جان ئاتالای.
هەڵوەشاندنەوە بەهۆی ئامادەنەبوون
بۆزداغ، هەروەها ئەو ناوانەشی ئاشکرا کرد کە بەپێی مادەی 84ـی دەستوور و بەهۆی ئامادەنەبوونەوە ئەندامێتییان لە پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە.
بەگوێرەی ئەمە، فەیسەڵ سارییڵدز، توغبا هەزەر ئۆزتورک، لەیلا زانا و سەمیرا گوزەل لەنێو ئەو کەسانەدان کە کۆتایی بە ئەندامێتییان لە پەرلەمان هاتووە.
ئەوانەی بە بڕیاری دادگەی دەستوور گەڕانەوە
بۆزداغ، بیریهێنایەوە کە دوای خوێندنەوەی بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگە لەبارەی ئەنیس بەربەرئۆغڵو و عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانی تورکیا، ئەندامێتییان هەڵوەشایەوە، بەڵام دوای بڕیارەکانی دادگەی دەستوور جارێکی دیکە پۆستی پەرلەمانتارییان بەدەستهێنایەوە.
لە 20ی مایسی 2016 دوای ئەوەی بە دەنگی فراکسیۆنی ئاکپارتی و مەهەپە و بەشێک لە پەرلەمانتارانی جەهەپە مادەی 83 ـی دەستووری تورکیا هەموار کرا کە تایبەتە بە لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران، لە ئاکپارتی 29، مەهەپە 10، جەهەپە 55 و لە هەدەپەش 53 پەرلەمانتار لەگەڵ پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیرا.
لەو 148 پەرلەمانتارانەی پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیرا تەنیا مافی پەرلەمانتاری لە پەرلەمانتارانی هەدەپە وەرگیرایەوە. نۆ پەرلەمانتاری هەدەپە کە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی ئەو کاتی هەدەپەی لەنێودابوو خرانە زیندانەوە. 11 پەرلەمانتاری دیکەی هەدەپەش بەهۆی دەوام نەکردن و ئەو بڕیارانەی پێشتر بۆ زیندانیکردنیان لەلایەن دادگەوە درابوون، مافی پەرلەمانتارییان لێسەندرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ