رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت: ''لە سووریا چەندین پارتی کوردی هەن کە دۆستی تورکیان و دەیانەوێت هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێمە بکەن''.
هاکان فیدان، شەوی پێنجشەممە، 28ی ئابی 2025، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان قسەی کرد. لەبارەی پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ پارتە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گوتی: ''لە سووریا تەنیا یەپەگە نییە، لەوێ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی (ئەنەکەسە) هەیە. چەندین پارتی کوردی هەن کە دۆستی تورکیان و دەیانەوێت هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێمە بکەن''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە، 26ی ئەم مانگە، لە گوتارێکیدا لە مووشی باکووری کوردستان گوتی: ''وەک هەموو گەلانی سووریا، تورکیا گەرەنتی ئاسایش، ئارامی و خۆشگوزەرانی کوردیشە. ئەوانەی روویان لە ئەنقەرە و دیمەشق بێ، سەردەکەون''.
فیدان لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەو گوتارەی ئەردۆغان، ژمارەیەک ئەندامی ئەنەکەسە پەیوەندییان بە بەرپرسانی وڵاتەکەی کردووە و گوتوویانە: ''ئێمە روو لە ئەنقەرە دەکەین و با ئەنقەرە بێت و یارمەتیمان بدات. ئەمە شتێکی گرنگە و پرسێکە کە ئەنقەرە جەختی لەسەر دەکاتەوە. ئێمە پشتگیری ئەو پارتانە دەکەین کە نابنە کێشە بۆ هیچ لایەنێک''.
فیدان ئاماژەی بە دۆخی سووریا کرد و گوتی: "هەوڵدان بۆ دابەشکردن کارێکی هەڵەیە. هەر ناسەقامگیرییەک لە سوریا رووبدات، کاریگەری لەسەر ئێمەش دەبێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی رێوشوێن دژی هەر هەڕەشەیەک دەگرێتەبەر کە لەسەر وڵاتەکەی دروست بێت و گوتی: "ئەگەر دووژمنایەتیمان بەرامبەر نەکرێت، ئێمەش دووژمنایەتی هیچ لایەنێک ناکەین. بەڵام هەر کاتێک هەڕەشە لەسەر سنوورەکانمان دروست ببێت، بێدەنگ نامێنینەوە. پەیامی ئێمە بۆ هەموو لایەنەکان ئەمەیە: دووژمنایەتیمان مەکەن."
یەکێکی دیکە لەو مژارانەی فیدان قسەی لەبارەوە کرد، هێرشەکانی ئیسرائیل بوو بۆ سەر غەززە. وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: ''زۆر روونە کە ئیسرائیل بەدوای فراوانکاری و داگیرکارییەوەیە''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: ''حکومەتی نەتەنیاهوو، رێز لە هیچ بەهایەکی یاسایی، ئەخلاقی و مرۆیی ناگریت''.
جەنگی رووسیا و ئۆکراینایش یەکێک بوو لەو مژارانەی فیدان قسەی لەبارەوە کرد. وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە جەنگی هەردوو وڵات، ''بە ئومێدین''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ