تورکیا
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی پرسی غەززە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی قسە دەکات. وێنە: AA
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، ''ئیسرائیل بەو کۆموڵکوژییەی دوو ساڵە لە غەززە دەیکات، بەها مرۆییەکانی خستوونەتە ژێرپێ.'' ئاماژە بەوەش دەکات، ''بازرگانیمان بە تەواوی لەگەڵ ئیسرائیل راگرتووە. هیچ وڵاتێکی دیکە نییە، بە تەواوی بازرگانیی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل راگرتبێت.''
ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 29ی ئابی 2025 بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی تایبەت بە پرسی غەززە ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد.
فیدان رەخنەی لە ئیسرائیل گرت بەهۆی ئەو هێرشانەی دەیانکاتە سەر غەززە و گوتی، ''ئیسرائیل بەو کۆمەڵکوژییەی دوو ساڵە لە غەززە دەیکات، بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە بەها مرۆییەکانی خستوونەتە ژێرپێ.''
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کرد، ''ئەگەر رێگە بدرێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر فەلەستین، بەتایبەت غەززە، بەردەوام بن؛ ئەوە هەر لە چوارچێوەی فەلەستینییەکان نامێنێتەوە، بەڵکو تەواوی ناوچەکە پەلکێشی نێو ئاگر دەکات.''
لەبارەی سەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیل، فیدان ئاماژەی بەوە کرد، ''لە جیهاندا هیچ وڵاتێکی دیکە نییە کە زیاتر لە تورکیا لەم بارەیەوە هەنگاوی نابێت. ژمارەیەکی زۆر لە رێوشوێنی دیپلۆماسی، یاسایی و بازرگانیمان گرتوونەتەبەر؛ بازرگانیمان لەگەڵ ئیسرائیل بە تەواوی راگرتووە.''
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی، ''بەندەرەکانمان بەڕووی کەشتییەکانی ئیسرائیل داخستوون. رێگە نادەین کەشتییەکانی تورکیا بچنە بەندەرەکانی ئیسرائیل. هیچ وڵاتێکی دیکە نییە کە بازرگانیی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل بە تەواوی راگرتبێت. رێگە نادەین کەشتییە بارهەڵگرەکانی چەک و تەقەمەنی لە بەندەرەکانمانەوە بۆ ئیسرائیل بڕۆن، هەروەها ئاسمانی وڵاتەکەمان بەڕوویان داخستووە.''
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر سووریا مژارێکی دیکەی گوتارەکەی فیدان بوو. وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، ''ئیسرائیل داگیرکارییەکانی لە بەرزاییەکانی گۆلان فراوانتر کردوون، تاوەکو نێو خاکی سووریا چووە و گەیشتووەتە ئاستێک کە دیمەشقیشی کردووەتە ئامانج.''
فیدان ئاماژەی بەوەش کرد، ''ئیسرائیل بە ئاشکرا نیشانی داوە کە لەگەڵ سووریایەکدا نییە سەقامگیر، بەهێز و یەکگرتوو بێت و یەکپارچەیی خاکی پارێزراو بێت. هەرگیز رێگە نادەین کۆمەڵگە دێرینەکانی سووریا بکرێنە قوربانیی ئەو ئامانجانە.''
ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر داوای جەهەپە و دەم پارتی و بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا بوو، کە رۆژی چوارشەممە 27ی ئەم مانگە، بە نووسراوێک داوایان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردبوو.
ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە، پەرلەمانی تورکیا لە پشووی فەرمیدایە و 1ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ پشووەکەی کۆتایی دێت. تەنیا ئەندامانی لیژنەی (هاوپشتیی نیشتمانیی، برایەتی و دیموکراسی) کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، درێژە بە کارەکانیان و کۆدەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ