تورکیا
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی و سکرینێک لە پۆستەکەی ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی وەزیری ئاسایشی نیشتیمانیی ئیسرائیل گوتی، ''تورکیا یەکسانە بە حەماس.'' گوتەبێژی ئاکپارتی کە پارتی دەسەڵاتداری تورکیایە لە وەڵامدا گوتی، ''لە راستیدا هەموو وڵاتان لەوە دەترسن لەگەڵ ئیسرائیل بە یەک چاو سەیربکرێن.''
عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، ''حەماس دەوڵەتێکی تیرۆریستی نییە. ئەوان منداڵ، خێزان و نیشتیمانی خۆیان دەپارێزن. ئەگەر بڕیاربێت کردارێک بە تیرۆریستی ناوببەین، ئەو کردارانە تیرۆریستین کە ئیسرائیل لە ناوچەکە دەیانکات.''
ئەو گوتانەی چەلیک دوای ئەوە هاتن، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، وەکو کاردانەوەیەک بۆ سزاکانی تورکیا بۆ سەر وڵاتەکەی، دوێنێ هەینی 29ی ئاب، وێنەیەکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماسی بڵاوکردەوە و لەسەری نووسی، "تورکیا یەکسانە بە حەماس."
چەلیک لەبارەی ئەو پەیامەی وەزیری ئاسایشی نیشتیمانیی ئیسرائیل گوتی، ''مەبەستی ئەوەیە بڵێ، ئێمە دەتوانین پڕوپاگەندە لەبارەی تورکیاوە بڵاوبکەینەوە و گوشار بخەینە سەری؛ بەڵام نەخێر، شتێکی لەو شێوەیە روونادات.''
گوتەبێژی ئاکپارتی لە وەڵامی ئەو پەیامەدا گوتی، ''ئێستا هەموو وڵاتان لەوە دەترسن لەگەڵ ئیسرائیل بە یەک چاو سەیر بکرێن. ئەمڕۆ هەر کەسێک بڵێت فڵانە وڵات یەکسانە بە ئیسرائیل، ئەوە سووکایەتییەکی گەورەیە بەو وڵاتە. ئەگەر کەسێک بڵێت، فڵانە سەرۆک یەکسانە بە نەتەنیاهوو، مانای ئەوەیە رەفتارەکانی ئەو کەسە دوور لە مرۆڤایەتین.''
چەلیک ئیسرائیلی بە ''نازییەکانی سەردەمی ئێستا'' ناوبرد و باسی لەوە کرد، ''ئەگەر سەیری مێژووی هەزار ساڵی رابردوو بکەین، جیهان تۆڕێکی وەها کە دووژمنی مرۆڤایەتییە، بەخۆیەوە نەیبینیوە. ئەوان ئێستا سەرچاوەی هەموو خراپەکارییەکانن.''
پەیوەندییەکانی تورکیا و لەگەڵ ئیسرائیل لە دوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری پێرار زیاتر گرژییان تێکەوت. تورکیا بەردەوام گوتار و لێدوانی دژی ئیسرائیل داوە بەهۆی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل دەیانکاتە سەر غەززە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دوێنێ هەینی، لە گوتارێکیدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی، ''بە تەواوی بازرگانیمان لەگەڵ ئیسرائیل وەستاندووە. ئێستا هیچ وڵاتێکی دیکە نییە بە تەواوی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل وەستاندبێت.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ