هەڤاڵ کوێستانی، نووسەر و پێشمەرگەی دێرین
لە ساڵی ١٩٥٦ لە گوندی میرزا رۆستەمی سەربە چیای کۆسرەت لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە شارۆچکەی چوارقوڕنە تەواوکردووە، خوێندنی ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە، دواتر لە زانکۆی سلێمانی کۆلێژی کشتوکاڵی تەواوکردووە.
لە ساڵی ١٩٧١ پەیوەندی بە یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە کردووە ، هاوکات بووە بە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام بەهۆی رەخنەیەکەوە کە لە رۆژنامەی برایەتی ئۆرگانی پارتی بڵاویدەکاتەوە، بەهۆی ناڕەزایەتی هەندێک بەپرسی لۆکاڵییەوە، بڕیار دەدات واز لە پارتی بێنێت.
لە ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندی بە رێکخستنە نهێنیەکانی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستانەوە دەکات، ساڵی ١٩٧٩ دەبێتە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لە راگەیاندنی ئەو حیزبە دەستبەکار دەبێت و ماوەیەک دەبێت بە پرسی رادیۆی دەنگی شۆڕشی عێراق.
تاوەکو دروستبوونی گۆڕان لە ریزەکانی یەکێتی کاردەکات، پێش دروستبوونی گۆڕان لەگەڵ چەند هەڤاڵێکدا رێکخراوێک بەناوی رەگ دروستدەکەن و پاشان دەچنە نێو گۆڕانەوە، بۆ ماوەی چوار ساڵ وەکو نوێنەری گۆڕان دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
خاوەنی چەندین وتار و لێکۆڵینەوەیە و چەندین شیعری شۆڕشگێرانەی نووسیوە، شیعرەکانی دەنگدانەوەیەکی زۆریان هەبووە، بەتایبەتی لە دوای ساڵی ١٩٧٦، چەند ساڵێک لە بەریتانیا ژیاوە و ئێستا گەڕاوەتەوە و بەیەکجاری لە کوردستان دەژی.
لە بەرنامەی ئەمجارەی پەنجەمۆردا، ناکۆکییەکانی نێوان نەوشیروان مستەفا و ئەندامانی دیکەی سەرکردایەتی کۆمەڵە دەکات، هەروەها عێراقیبوون و کوردستانی بوونی مام جەلال و جیابوونەوەی مەلا مەختیار و هاورێکانی و دامەزارندنی رەوتێکی نوێ بەناوی ئاڵای شۆرش کە لەنێو یەکێتیدا ناویانرا ئاش باس دەکات، ئایا هەڤاڵ کوێستانی ئاش بووە، ئەگەر وانییە بۆچی مام جەلال پێیگوتووە تۆ لە ئاش ئاشتری! ئەمانە و چەندین بەسەرهاتی دیکە کە لە ئەڵقەی کۆتایی پەنجەمۆردا، هەڤاڵ کوێستانی شایەتیان لەسەر دەدات.
ئەم بەرنامەیە شەوی هەینی 04/01/2019 بڵاوکراوەتەوە.
پەنجەمۆر
مێژووی کوردستان زۆر لاپەڕەی هەڵنەدراوەی تێدایە. لەبارەی زۆر رووداوی گرنگ لەو مێژووەدا گێڕانەوەی جۆراوجۆر هەن. زۆر پرسیار هەن کە هەر پرسیار ماونەتەوە و وەڵامیان نەدراوەتەوە. زۆر کەسایەتیش هەن کە رۆڵی مەزنیان گێڕاوە لە مێژووی کوردستاندا و خەریکن چیرۆکی ئەو رووداوانەی خۆیان تێیدا بەشداربوون لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە ژێر خاک. بەرنامەی پەنجەمۆر دەیەوێ ئەو مێژووە دۆکیۆمێنت بکات. ئەویش لەڕێگەی زنجیرە هەڤپەیڤینی ٤٨ خولەکی لەگەڵ هەریەکە لە کەسایەتییەکان.
بهشی بكه لە