د. حوسێن خەلیقی- بەشی دووەم
د. حوسێن خەلیقی: 18 لاپەڕە بەڵگەی ساواکم لەسەر سەڵاحی موهتەدی دەستکەوت، نووسیبووی "دژی قازی محەممەد بووین"
دکتۆر حوسێن خەلیقی، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەشی دووەمی بەرنامەی پەنجەمۆری رووداو، باس لە قۆناخە هەستیارەکانی مێژووی رۆژهەڵاتی کوردستان، پەیوەندی هونەرمەندان بە دەسەڵاتی شا، بەڵگەنامەکانی ساواک لەسەر کەسایەتییە سیاسییەکان و وردەکاریی کۆبوونەوەی شاندی کوردی لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای شۆڕشدا دەکات.
سەبارەت بە کودەتای ساڵی 1953 (28ی گەلاوێژ)، دکتۆر حوسێن خەلیقی ئاماژە بەوە دەکات، کە دکتۆر موسەدیق خاوەنی بیرێکی دیموکراتییانە بوو و دەیویست دەسەڵاتی پاشا سنووردار بکات، بەڵام شا دەیویست دەسەڵاتی رەهای هەبێت و خۆی یاسا بێت، بۆیە تەحەمولی موسەدیقی نەکرد".
خەلیقی رەخنە لە حیزبی توودە دەگرێت و دەڵێت"حیزبی توودە گوێڕایەڵی سۆڤیێت بوون، ئەگەرچی هێز و توانایان هەبوو کودەتاکە پووچەڵ بکەنەوە، بەڵام پشتیوانییان لە موسەدیق نەکرد".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خەلیقی نهێنییەک دەردەخات و دەڵێت "رۆژنامەیەک بەناوی کوردستان لە ساڵانی شەستەکاندا بڵاودەکرایەوە کە دکتۆر سدیق موفتیزادە سەرنووسەری بوو، ئەم رۆژنامەیە ساواک دایمەزراندبوو بۆ دژایەتیکردنی شۆڕشی ئەیلوول و بزووتنەوەی کوردی، هەرچەندە کەسانی دڵسۆزیش کاریان تێدا دەکرد".
سەبارەت بە هونەرمەندی ناودار حەسەن زیرەک، دکتۆر خەلیقی کە دۆستایەتی نزیکی لەگەڵدا هەبووە، رەتیدەکاتەوە زیرەک لەلایەن ساواکەوە کوژرابێت و دەڵێت "حەسەن زیرەک نەخۆش بوو و بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد، هیچ بەڵگەیەک نییە کە کوژرابێت".
سەبارەت بەو گۆرانییەی زیرەک بۆ شای ئێران گوتوویەتی، خەلیقی دەڵێت "زیرەک هیچ بیروباوەڕێکی سیاسی نەبوو، هونەرمەندێکی میللی بوو، ئەوەی کردی بەهۆی هەژاری و بێ پارەییەوە بوو".
یەکێک لە خاڵە هەرە مشتومڕهێنەکانی نێو بەرنامەکە، باسکردنی بەڵگەنامەکانی ساواک بوو دوای رووخانی رژێمی شا، دکتۆر خەلیقی دەڵێت "کاتێک بەرپرسی لیژنەی پاکسازی بووە لە زانکۆی تەورێز، دەستی بەسەر دۆسیەکانی ساواکدا گرتووە.
خەلیقی گوتیشی"نزیکەی 17 بۆ 18 لاپەڕە بەڵگەم لەسەر سەڵاحی موهتەدی دەستکەوت، لە یەکێک لە نامەکاندا کە بۆ سەرۆکی ساواکی ورمێی نووسیوە، داوای مۆڵەتی پەلەوەرخانە دەکات و دەنووسێت: "ئێمە لە کاتی غائیلەی قازی محەممەددا پشتیوانی حکومەتی شاهەنشاییمان کرد و دژی قازی وەستاینەوە، بۆیە دەبێت پاداشت بدرێینەوە".
سەبارەت بە رۆژانی سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی و رووداوەکانی سنە، دکتۆر حوسێن خەلیقی باسی هاتنی شاندی تاران بە سەرۆکایەتیی داریوش فروهەر، بەهەشتی، تاڵبانی و رەفسنجانی دەکات بۆ سنە.
خەلیقی دەڵێت "لە کۆبوونەوەکەدا سارم خان سادق وەزیری وەک گوتەبێژی شاندی کورد داواکارییەکانی خستەڕوو، بەڵام دکتۆر بەهەشتی بە شێوەی توانج گوتی" سەرکردەی خۆتان دیاری بکەن".
خەلیقی دەگێڕێتەوە کە لە وەڵامی بەهەشتیدا گوتوویەتی "لە شەریعەتی ئیسلامدا هاتووە ئەگەر کەسێک شێت بێت یان منداڵ بێت، دەبێت سەرپەرشتیارێکی بۆ دابنرێت تاوەکو ماڵی نەفەوتێت، ئێمە مافی خۆمان دەوێت و پێویستمان بە وەلی ئەمر نییە".
لە کۆتاییدا، دکتۆر خەلیقی ئاماژەی بە رۆڵی ئەحمەدی موفتیزادە کرد و گوتی "حکومەتی نوێی ئێران دەگەڕا بەدوای خاڵێکی مەزهەبیدا لە کوردستان بۆ ئەوەی دژی هێزە چەپ و نەتەوەییەکان بەکاری بێنێت، بۆیە موفتیزادەیان هەڵبژارد، هەرچەندە ئەو نیازیشی خراپ نەبووبێت، بەڵام ئەنجامەکەی بە زیانی کورد شکایەوە".
بەرنامەی پەنجەمۆر شەوانی چوارشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.