د. حوسێن خەلیقی: پێشەوا ملەکەچی سۆڤیێت نەبوو و دەرەبەگەکان خیانەتیان لە کۆمار کرد

03 December 2025
د. حوسێن خەلیقی: پێشەوا ملەکەچی سۆڤیێت نەبوو و دەرەبەگەکان خیانەتیان لە کۆمار کرد

لە بەشی یەکەمی بەرنامەی پەنجەمۆردا، دکتۆر حوسێن خەلیقی، کەسایەتیی دیاری سیاسی و ئەدەبی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکرات، وەک شایەتحاڵێک و توێژەرێکی وردبین، لاپەڕە شاراوەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردی هەڵدایەوە، لەم بەرنامەیەدا باس لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان، رۆڵی نەرێنیی دەرەبەگەکان، دەرفەتە لەدەستچووەکانی ئایین بۆ دەوڵەتسازی و دیداری خۆی لەگەڵ خومەینی لە ساڵانی شەستەکان دەکات.

"کۆمار سەربەخۆ بوو، نەک بەشێک لە ئازەربایجان"

دکتۆر حوسێن خەلیقی سەرەتای قسەکانی بە راستکردنەوەی هەڵەیەکی مێژوویی دەستپێکرد سەبارەت بە پەیوەندیی کۆماری کوردستان و یەکێتیی سۆڤیێت، ئەو ئاشکرایکرد کە بەپێی بەڵگەکان و فەرمانی ستالین و میر جەعفەر باقرۆڤ، بڕیار وابوو تەنیا کۆماری ئازەربایجان دروست بکرێت و ناوچە کوردستانییەکانی وەک مەهاباد و دەوروبەری، وەک هەرێمێکی خودموختار لەناو قەوارەی ئازەربایجاندا پێناسە بکرێن.

خەلیقی گوتی "پێشەوا قازی محەممەد بە بوێرییەوە ئەو فەرمانەی رەتکردەوە و وەڵامی ئەرێنیی بۆ داواکەی سۆڤیێت نەبوو، بەڵکو بڕیاریدا کۆماری کوردستان بە سەربەخۆیی رابگەیەنێت، نەک وەک پاشکۆیەک بۆ ئازەربایجان".
سەبارەت بە پشتیوانییەکانی سۆڤیێت، دکتۆر خەلیقی ئاماژەی بەوە دا کە سۆڤیێت زیاتر لەڕووی فکری، ئیداری و تەکنەلۆژییەوە (وەک چاپخانە) هاوکاریی ئازەربایجانی دەکرد، بەڵام بۆ کوردستان ئەو پشتیوانییە کەمتر بوو، هەرچەندە پەیوەندیی نێوان پێشەوا و پێشەوەری (سەرۆکی فرقەی دیموکراتی ئازەربایجان) زۆر برایانە و ستراتیژی بوو.

پێکهاتەی عەشایەری و خیانەتی دەرەبەگەکان

یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی قسەکانی دکتۆر خەلیقی، شیکردنەوەی هۆکارە ناوخۆییەکانی رووخانی کۆمار بوو، ئەو بە راشکاوی رایگەیاند کە کۆمەڵگەی ئەوکاتی کوردستان کۆمەڵگەیەکی عەشایەری و دەرەبەگایەتی بوو، سیستەمی پاشایەتیی ئێرانیش لەسەر کۆڵەکەی دەرەبەگایەتی وەستابوو، بۆیە مەحاڵ بوو دەرەبەگەکان بتوانن هەرس بە سیستمێکی دیموکراتی وەک کۆمار بکەن.

خەلیقی گوتیشی "زۆربەی سەرۆک عەشیرەتەکان بە رواڵەت لەگەڵ کۆمار بوون، بەڵام لە ژێرەوە نامەی دڵسۆزییان بۆ شای ئێران دەنارد، تەنانەت دوای رووخانی کۆمار، هیچ کام لە ئاغا و دەرەبەگە گەورەکان لە سێدارە نەدران، چونکە رژێمی پاشایەتی دەرەبەگی نەدەكوشت، بەڵکو رۆشنبیران و هەژارانیان کردە قوربانی، مانەوەی کەسانی وەک حاجی بابە شێخ و ئیسماعیل خانی ئیلخانیزادە بەڵگەی ئەو ڕاستییەن".

دادگاییکردنی پێشەوا و ڕۆڵی بارزانییەکان

سەبارەت بە دادگاییکردنی پێشەوا قازی محەممەد، دکتۆر خەلیقی جەختی لە ئازایەتی و وەڵامە ژیرانەکانی پێشەوا کردەوە، ئەو باسی لە بەڵگەنامەیەک کرد کە لەلایەن ئەفسەرێکی ئێرانییەوە تۆمار کراوە و تێیدا دادوەرەکان لە پێشەوا دەپرسن: "بۆچی بارزانیت هێنایە ئێرە؟" پێشەوا لە وەڵامدا دەڵێت: "من بارزانیم نەهێناوە، ئەو لە دیوێکی ماڵەکەی خۆیەوە هاتووەتە دیوێکی دیکە، ئێرە خاکی کوردستانە".

خەلیقی ستایشی رۆڵی بارزانییەکانی کرد لە پاراستنی کۆمار و گوتی "بارزانییەکان لە باشووری کوردستانەوە پەڕینەوە و بوونە میوانی کۆمار، ئەوان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەرگرییان کرد و هاتنیان بۆ رۆژهەڵات لاپەڕەیەکی درەوشاوەی مێژووی نەتەوەییە".

ململانێی تەریقەتەکان و دەرفەتی دەوڵەتسازی

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، دکتۆر خەلیقی تیشکی خستەسەر رۆڵی ئایین لە مێژووی کورد، ئەو رەخنەی لە ململانێی مێژوویی نێوان تەریقەتی قادری (بە رێبەرایەتیی شێخ مەعروفی نۆدێ) و تەریقەتی نەقشبەندی (بە رێبەرایەتیی مەولانا خالید) گرت.

بە بڕوای دکتۆر خەلیقی "لە سەردەمی مەولانا خالیددا زەمینەیەکی زۆر لەبار هەبوو بۆ ئەوەی کورد لە رێگەی تێکەڵکردنی ئایین و تەسەوفەوە دەوڵەت دروست بکات، بەڵام ململانێ و تەکفیرکردنی یەکدی لەلایەن ئەو دوو جەمسەرەوە، بووە هۆی لەدەستچوونی ئەو دەرفەتە زێڕینە".

هەروەها بەرگریی تووندی لە کەسایەتیی سەلاحەدینی ئەیووبی کرد و رایگەیاند، نابێت بە پێوەرەکانی سەدەی بیستەم و بیری نەتەوەیی مۆدێرن دادگایی بکرێت، چونکە ئەو لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەکاندا ژیاوە و شانازییەکی گەورەیە بۆ کورد.

لە گوندێکی هەژارەوە بۆ زانکۆی تاران

دکتۆر خەلیقی باسی لە قۆناخەکانی ژیانی خۆی کرد، لە گوندێکی بێ خزمەتگوزارییەوە کە تەنانەت ئاوی پاکیان نەبوو، بۆ خوێندنی ئایینی لای باوکی و دواتر چوونە تاران، ئەو باسی لەوە کرد کە چۆن لە زانکۆی تاران، سەرەڕای چاودێریی تووندی ساواک، لەگەڵ خوێندکارە کوردەکان کۆڕی ئەدەبیی نهێنییان دروستکردووە و هەوڵی پاراستنی زمانی کوردییان داوە، تەنانەت پێشبڕکێیان دەکرد لەسەر دۆزینەوە و بەکارهێنانی وشە کوردییە رەسەنەکان.

دیداری خومەینی لە ساڵانی شەستەکان

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، دکتۆر خەلیقی باسی لە یەکەم دیداری خۆی لەگەڵ رۆحوڵڵا خومەینی کرد لە شاری قوم، کە لە رێگەی زاوایەکی خومەینییەوە (کوڕی ئایەتوڵڵا بروجەردی) رێکخرابوو، خەلیقی گوت: "ئەوکات هێشتا خومەینی بەتەواوی نەدەناسرا و لە ساڵانی چل و شەش و پەنجاکانی هەتاویدا بوو، وەک کەسێکی ئارام دەردەکەوت و دەیگوت کورد و فارس و تورک جیاوازییان نییە، بەڵام لە واقیعدا زانیاریی وردی لەسەر دۆخی کورد نەبوو، ئەوەی لەو کاتەدا لە خومەینیدا بەدی دەکرا، زیاتر هەستێکی تۆڵەسەندنەوە بوو لە شای ئێران و خواستی گەیشتن بە دەسەڵات، پێچەوانەی ئایەتوڵڵا بروجەردی کە بڕوای وابوو تێکەڵبوونی پیاوانی ئایینی بە سیاسەت زیان بە ئایین دەگەیەنێت".

دکتۆر حوسێن خەلیقی لەم ئەڵقەیەدا تەنیا بەشی یەکەمی یادەوەرییەکانی گێڕایەوە و لە ئەڵقەکانی داهاتوودا وردەکاریی زیاتر لەسەر قۆناخەکانی دواتری خەبات و شۆڕشی گەلانی ئێران ئاشکرا دەکات.


پەنجەمۆر شەوانی چوارشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.