سەربەست بامەڕنی - بەشی دووەم
سەربەست بامەڕنی: شەڕی ناوخۆ کارەسات بوو و گشتپرسیش شۆڕشێکی مەزن بوو
سەربەست بامەڕنی، سیاسەتڤان و نووسەر و جێگری پێشووتری وەزیری رۆشنبیریی عێراق، لە بەشی دووەمی بەرنامەی پەنجەمۆری تۆڕی میدیایی رووداو، نهێنییەکانی قۆناخە جیاوازەکانی ژیانی سیاسیی خۆی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی و پارتی، و هۆکاری گۆڕینی ئاراستەی سیاسیی خۆی ئاشکراکرد، بامەڕنی کە چەند مانگێک دوای تۆمارکردنی ئەم بەرنامەیە و لە رۆژی 24-07-2024 بەهۆی پەتای کۆرۆناوە کۆچی دواییکرد، وەسیەتی بۆ گەنجان و سەرکردایەتیی کورد بەجێهێشت.
سەربەست بامەڕنی سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە وەک "نەوەی عێراقچییەکان" ناوی دەبرێت، رەتیکردەوە کە خۆی و هاوڕێکانی هەڵگری ئەو بیروباوەڕە بووبن، بەڵام دانی بەوەدا نا کە لەگەڵ ئەو باڵەدا کاریان کردووە وگوتی: "هیچ کات عێراقچی نەبووین، بەڵام سیاسەتی گشتیی ئەو کۆمەڵەی ئێمە لەگەڵیان بووین، لەگەڵ حکومەتی عێراق بوون"، ئاماژەی بەوەشکرد کە دوای ساڵی 1975، باڵی کوردستانی بەسەر باڵی عێراقچیدا زاڵ بووە.
بامەڕنی باسی لە سەختییەکانی دوای نسکۆی 1974 کرد و ئاماژەی بەوە دا بۆ ماوەی ساڵێک بۆ شارۆچکەی عەفەک لە باشووری عێراق دوورخراوەتەوە، ئەو شارۆچکەکەی بە دۆزەخ وەسفکرد و گوتی "عەفەک ئەوەندە ناخۆشە، ئەوەی لە دۆزەخیش بێت لەوێ ناتوانێت بژی، بەهۆی ئاووهەوا و خەڵکە هەژار و وێرانەکەیەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بامەڕنی باسی لە قۆناخی مانەوەی لە سووریا و گفتوگۆکانی ساڵی 1983 و 1984ی نێوان یەکێتی و حکومەتی عێراق کرد، ئەو ئاشکرایکرد کە بەشێک لە سەرکردەکانی ئەو کاتە لەگەڵ گفتوگۆ نەبوون، بەڵام بەشداریکردنی خۆی لە شاندی دانوستاندنکار گێڕایەوە، سەبارەت بە شکستھێنانی گفتوگۆکان گوتی "حکومەتی عێراق لە هەندێک بەڵێن پەشیمان بووەوە، تاوەکو وای لێهات مام جەلال لە کۆبوونەوەیەکدا بە پێکەنینەوە گوتی: فت، واتە گفتوگۆکان کۆتاییان هات"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سووریا زیاتر هاوکاریی مەعنەوی پێشکەش دەکرد و پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ کورد هەبوو، هەرچەندە دانپێدانانیان بە مافی کورد لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بوو.
سەربەست بامەڕنی بە ئاشکرا دانی بەوەدا نا کە شەڕی ناوخۆ کارەسات بووە و هیچ پاساوێکی نییە و دەڵێت"کەس لە ئێمە نییە بەشداریی تێدا نەکردبێت، بەڵام دەبێت دان بەو راستییەدا بنێین کە هیچ سوودێکی نەبوو، نە ئەوکات و نە ئێستا"، هەروەها رەخنەی لە سیستەمی پەنجا بە پەنجای دوای هەڵبژاردنی 1992 گرت و بە هەڵەیەکی گەورەی بزوتنەوەی کوردی وەسفکرد کە بووە هۆی زیادبوونی ناکۆکییەکان.
سەبارەت بە وازهێنانی لە پۆستی جێگری وەزیری رۆشنبیری و جیابوونەوەی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بامەڕنی ئاماژەی بەوە کرد کە دوای ساڵی 2007 بڕیاری خانەنشینبوونی داوە، لەبارەی پەیوەندیکردنی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، گوتی "هۆکارەکەی ئاراستە نەتەوەییەکەی پارتی بوو، کاک مەسعود بارزانی لە ساڵی حەفتاکانەوە تفەنگی بەشانەوەیە و لەسەر یەک رێباز بەردەوامە، ئەوەش مایەی رێزە"، جەختیشی کردەوە کە مام جەلال کەسێکی کراوە بووە و هیچ گلەییێکی لێ نەکردووە بەهۆی ئەو بڕیارەوە، هەروەها گوتی" هۆکاری وازهێنانم لە یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک هۆکار، بەڵام با لەنێو دڵم بمێنێتەوەو ئامادەنەبوو هیچ بڵێت.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، بامەڕنی بەرگرییەکی تووندی لە گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان کرد و بە شۆڕشێکی گەورە وەسفیکرد و گوتی "گشتپرسی رووداوێکی گەورە بوو، سەرۆک بارزانی بە هەموو توانایەوە ئەنجامی دا و 93%ی گەل دەنگی بە بەڵێ بۆ دا".
بامەڕنی لە پەیامی کۆتاییدا گوتی "دوا مەنزڵی کورد هەر سەربەخۆییە و درەنگ یان زوو هەر دەبێت بگاتە ئەو ئامانجە، بەڵام دەبێت ناکۆکییە ناوخۆییەکان چارەسەر بکرێن و گرنگی بە گەنجی کورد بدرێت".
بەرنامەی پەنجەمۆر شەوانی چوارشەممە کاژێر 22:00 پەخشدەکرێت.