چوار قۆڵی - ناکۆکییە نێوخۆییەکان، هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەبەن؟

چوار قۆڵی - ناکۆکییە نێوخۆییەکان، هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەبەن؟

 

داهاتووی گرژییە نێوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان تەوەری گفتوگۆی  ئەمجارەی بەرنامەی چوار قۆڵی بوو كە چەند هەفتەیەك بەهۆی پرۆگرامەكانی مانگی رەمەزانەوە راگیرابوو. میوانی ئەمجارەی بەرنامەكەش، سەڵاح رەشید نووسەر و سیاسەتڤان بوو. بەرنامەكە رۆژی 1/5 پێشكیش كرا و  29 ساڵ پێش ئێستاش لە رۆژی 1ی ئایاردا یەكەم گوللەی شەڕی براكوژی تەقێنداربوو. سەلاح رەشید کتێبێكی لەسەر شەڕی نێوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی نووسیوە كە جگە لە گێڕانەوەی رووداوکانی شەڕەکە، لێکەوتە و لایەنە خراپەکانی شەڕەکەیشی لەسەر قەوارە و ناوبانگ و سەنگی هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو.

 

زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆلێنەوەی رووداو لە دەستپێکی بەرنامەی چوارقۆڵیدا گوتی"وەک چۆن لە كۆتاییەكانی سەتەی رابردوودا، هەڵبژاردن و رکابەرییەکان لەسەر سەرچاوەکانی داهات پڵیتەی گرژی و دواتر شەڕێکی نێوخۆییان لێرە داگیرساندبوو، ئێستاش دوای سێ دەیە جارێکی دیکە بابەتەکانی هەڵبژاردن و ناکۆکییەکان لەسەرداهات دیوی ئاشکرای گرژییەکانی نێوان دەستەبژێری سیاسی کوردین، بە تایبەتی، ئەو گرژییانەش لە شەش مانگی رابردوودا گەیشتووەتە لووتکە."

 

سەڵاح رەشید لە دەستپێکی قسەکانیدا گوتی" 29 ساڵ پێش ئێستا، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا یەکەم گولـلەی شەڕی نێوخۆ لە قەڵادزێ تەقێندرا، لەکاتێکدا بەر لە شەڕەکە، لە ساڵی 1994دا پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی و بەتایبەتی نێوان سەرکردایەتی هەردوولا زۆرباش بوو، هەروەها ئەوکات هیچ پلانێک بۆ گرژی و شەڕی نێوخۆیی نەبوو." هەڵبەت ئەوەشی رەتنەكردەوە كە ئەگەر لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە سازان نەكرابایە، دیسان هەر زەمینەی شەڕ هەبوو.

 

سەڵاح رەشید باسی لەوە كرد كە ئێستا پارتی و یەکێتی هەوڵدەدەن یەکدی بچووکبکەنەوە و گوتیشی"زەمینەی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ خۆشدەکرێت، بەڵام بەرپرسانی هەردوولا بەهۆی بەرژەوەندی ئابوورییان نایانەوێ شەڕ رووبدات." هەڵبەت زریان رۆژهەڵاتی باسی لەوەش كرد كە هەلومەرجی سیاسەتی دەرەوە و هەروەها سیاسەتی نێوخۆش لەبار نییە بۆ دووباربوونەوەی شەڕی نێوخۆ وەك ئەوەی كە جاران روویدا. ئێستا ئیدی خەڵكیش ئامادە نییە خۆی بۆ شەڕی نێوخۆیی  بدات بە كوشت. كەمال رەئوفیش باسی لەوە كرد كە مەرج نییە شەڕ هاوشێوەی جاران بێت لەوانەیە ئەمجارەیان عێراق بە پاساوی هەبوونی ئاشووبی نێوخۆیی دەستوەردان بكات. چونكە ئێستا لایەنی دیكەی دەرەكیش بوونەتە بەشێك لەو ململانێیەی لە نێوان لایەنەكاندا هەیە. هەڵبەت باسی لەوەش كرد كە " پارتی و یەکێتی بیر لە شەڕی نێوخۆ ناکەنەوە، بەڵام ئەگەرەکانی دروستبوونەوەی دوو ئیدارەیی زۆر بەهێزن و ئەگەر دوو ئیدارەیی دروست بێت قەوارەی هەرێمی کوردستان نامێنێت".

 

كەمال رەئووف سەردانی وەفدی بزووتنەوەی بۆ لای جێگری سەرۆكوزەیرانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە هیچ كەناڵێك لە نێوان پارتی و یەكیتی نەماوە و لاینەكانی دیكەی وەك گۆڕانیش زیاتر چاوەڕێن بزانن پارتی و یەكێتی چی دەكەن و ئەوەش واتای گرنگبوونی رۆڵی ئەوان لەو بابەتە نادات. هەڵبەت بە پێچەوانەوە، زریان رۆژهەڵاتی باسی لەوە كرد كە گوتەكانی وەزیری دارایی لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج، بەجۆرێك دەستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردسنتانی بەهێزتر كردووە سەبارەت بەو رەخنانەی كە باس لە پەراوێزخستنی سلێمانی دەكەن لەڕووی ئابوورییەوە، بۆیە دەشێ سەردانەكەی  مستەفای سەید قاد جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بۆ لای قوباد تاڵەبانی هەوڵی راگرتنی باڵانس بێت لە نێوان پارتی و یەكیتی و بەوەش وادیارە رۆڵی  لایەنەكانی دیكەی وەك بزووتنەوەی گۆڕان لەم بابەتەدا خەریكە زیاتر دەبێتەوە.

 

كەمال رەئووف باسی لەوە كرد یەكێتی پێیوایە پارتی نایەوێ ریككەوتن بكرێت و  یەكیتی خوازیارە یاسای هەڵبژاردن دەستكاری بكرێت ئەوسا هەڵبژاردن بكرێت. باسی لەوەش كرد كە ئێستا هەوڵێك هەیە لەسەر ئەوەی كە بە كەڵكوەرگرتن لە چەند بڕگەیەكی یاسای بودجە، رێگایەك بۆ پەیوەندیی راستەوخۆی دارایی لەگەڵ بەغدا بدۆزرێتەوە. هاوكات سەڵاح رەشید پێیوابوو كە ئەگەر پارتی بیەوێ، دەتوانێت کێشە داراییەکانی سلێمانی چارەسەر بکات و کۆتایی بەو کێشە و گرژیانە بهێنێت.

 

لەسەر سیمای دووئیدارەیی لە سنووری هەولێر و سلێمانی سەڵاح رەشید گوتی" حوکمی سلێمانی تەنیا لەدەست یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دایە، بۆ نموونە کارمەندانی کاک بافڵ و کاک قوباد پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەبەن، نەک پاریزگار و پارتی هیچ دەسەڵاتێکی لەو سنوورەدا نییە و دەسەڵاتی یەکێتیش لە دەست چەند کەسێکە کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، لەبەرامبەردا یەکێتی خۆی لە هەولێر بە میوان دەزانێت، لەکاتێکدا لە سنووری هەولێر و دهۆکیش بەهەمان شێوە حکومداری پارێزگاکان دەکرێت، بۆیە هیچ گەشبین نیم بەوەی هەڵبژاردن ببێتە کلیلی ئاشتی لەنێوانیان، بۆیە گرنگە سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی دۆخەکە هێمن بکەنەوە دەنا دەتەقێێتەوە".

 

بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو دادگەی فیدراڵی عێراق بڕیار لەسەر بڕیارە ماوە درێژکردنەوەکەی پەرلەمانی کوردستان بدات، لەو بارەیەوە عەدنان عوسمان، شرۆڤەکاری سیاسی گوتی" هەربڕیارێک لە دادگەی فیدراڵییەوە دەربچێت رێگەنادات جارێکی دیکە پەرلەمانی کوردستان وەک هەمێشە تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە، هیچ نەبێت دوا مۆڵەت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەداتە لایەنەکان."عەدنان عوسمان گوتیشی" کێشەکان ئەوەندە گەورەنین و بە ئاسانی چارەسەر دەبن، بۆ نموونە یەکێتی و پارتی دەتوانن تاوەکو هەڵبژاردن ئەم کابینەیە بە حکومەتێکی کاربەڕێکەر بناسێنن، بۆ نموونە نابێ هەڵبژاردن لەسەر داواکاریی حیزبێک دوابخرێت، بەڕێوەچوون و ئەنجامدانی هەڵبژاردن تەنیا لە بەرژوەندی نەوەی نوێیە، واتە جگە لە نەوەی نوێ هەموو حیزبەکان زیانمەندەبن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام بە گشتی لەوانەیە هەڵبژاردن دۆخەکە باشتر بکات".

 

زریان رۆژهەڵاتی باسی لەوە كرد كە ئەگەر بێتو دادگەی فیدراڵی بڕیار لەسەر نادەستووری بوونی درێژكردنی تەمەنی پەرلەمان بدات، ئەوا رەنگە جێگری سەرۆكوەزیران نەگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران چونكە، وادەی هەڵبژاردن نزیك دەبێتەوە و دەتوانیت ئەوە وەك بابەتێك بۆ ئامادەكاریی هەڵبژاردن بە كاربێنێت. رەنگە هەڵبژاردنیش تاكە دەرچەیەك بێت لەم دۆخەدا بۆ ئەو ناكۆكییانەی كە هەن هەرچەند كە لەوانەیە هەمو شت چارەسەرنەكات.

 

لەبارەی هەڵبژاردنەوە کەمال رەئووف دەڵێت" هەموو لایەک دەیەوێ هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام بەو جۆرەی خۆی دەیەوێ، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان لە خراپترین دۆخ دایە و بەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن ناکرێت، بۆیە تاوەکو ئەم دۆخە هێور نەکرێنەوە هەڵبژاردن نەکرێت باشترە، دۆخەکەش بەوە هێوردەکرێتەوە کە میدیاکانی پارتی و یەکێتی لە شەڕی راگەیاندنی نێوانیان بێدەنگ بکرێن، چونکە لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ هەموو لایەک زیانمەند دەبن و ئێستا خەڵک هۆشیارە و دەڵێن ئەگەر پارتی و یەکێتی شەڕی نێوخۆ بکەن با بیکەن خۆ لەسەر ئێمە نییە". عەدنان عوسمانیش جەختی لەوە كردەوە كە هەڵبژاردن دەتوانیت هەندێك گرفت چارەسەربكات هەرچەند هەموو كیشەكان چارەسەر ناكات. ئەو دەركەوتنی ئۆپۆزیسیۆنی نوێ بەشیك لە كێشەكان چارە بكات.

 

هەڵبەت سەلاح رەشید ئەوەندە گەشبین نەبوو بەوەی ئەو گرژییانە تەنیا بە هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن و پێیوابوو كە باشترین رێگا ئەوەیە بیر لە سیستەمێكی نوێ بكرێتەوە.