چوار قۆڵی - رووداو و دیدارە گەرمەکانی هەفتەی رابردوو لە هەرێمی کوردستان
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆلێنەوەی رووداو، لەدەستپێکی بەرنامەکە گوتی" هەفتەی رابردوو لە هەرێمی كوردستان هەفتەیەكی پڕ لە جموجۆڵ و باسی گەرم بوو. سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دوای نزیکەی حەوت مانگ کۆبوونەوە.. دادگەی فیدراڵی دانیشتنەكەی لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان بۆ 24ی ئەم مانگە دواخست، باسەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردن هێشتا هەر لە رۆژەڤدان، گفتوگۆكانی تایبەت بە بودجەش لە ریزی پێشەوەی مژارە گەرمەكانن كە لایەنە شیعییەكان دەیانەوێ تا 10ی مانگ یەكلابێتەوە، ئەگەر رێككەوتنی لەسەر بكرێت. لە نێوخۆیی كوردستانیش تازە باسێكی گەرم دەستپێكردووە لەسەر ئەوەی كە ئەو پرۆژە یاسایە، بۆ هەرێمی كوردستان ئەو باشەش نییە كە لەسەرەتاكانەوە باسی لێ دەكرا و تەڵەی زۆری تیدایە. بە هەمانشێوە لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەكیش ترافیكێكی سیاسی و دیپلۆماسی هەبوو، باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا و وەزیری بەرگری ئیتاڵیاش سەردانی هەولێریان كردبوو. نەك تەنیا ئەوە، بەڵكو لە ئاستی نێوخۆییشدا دیدارەكانی ئەم دواییەی بەڕێز لاهوور شێخ جەنگی، كشانەوەی كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمان و حكومەتە خۆجییەكانیش لەرۆژەڤدا بوون".
سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی، زریان رۆژهەڵاتی گوتی" ئەمریکییەکان دڵخۆشن بە گفتوگۆی نێوان پارتی و یەکێتی، پێشتر بەهۆی گەیشتنە بنبەستی کێشەکان، یەکێتی هەولیدا بەغدا بە جیا مامەڵەی لەگەڵ بکات، بەڵام هەندێک لایەن لە بەغدا قبووڵیان نەبوو بەجیا لەگەڵ یەکێتی مامەڵە بکەن".
لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەم ساڵەدا زریان رۆژهەڵاتی گوتی" بەگوێرەی کۆمیسیۆن تاوەکو 18ی ئەم مانگە لایەنەکان رێکبکەون هەڵبژاردن لەم ساڵەدا دەکرێت، ئەگەر نەکرا زەحمەتە بکرێت".
زریان رۆژهەڵاتی ئامژەی بەوەدا، گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەیە، بەتایبەت لە ماوەی 5 بۆ 10 ساڵی داهاتوودا گۆڕانکاری گەورە دەکرێت".
شادومان مەلاحەسەن، سیاسەتڤان و ئەندامى دوورخراوەى سەرکردایەتیى یەکێتی نیشتمانیی کوردستان میوانی قۆڵی چوارمی چوارقۆڵی بوو، سەبارەت بە کێشەی نێوان سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی لە حکومەتدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا کێشەکانی نێوان سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی روون نین کە لەسەر چین، دروستکردنی قەیرانەکان تەنیا بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە و گوتیشی" هیوادارین پارتی و یەکێتی گفتوگۆ بکەن و کێشەکان چارەسەر بکەن و ئێستاش گوشارێک هەیە بۆ کردنەوەی گرێکوێری نێوان پارتی و یەکێتی، بەگشتی پێکهاتنی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی کارێکی باشە".
هەفتەی رابردوو لاهوور شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری کرد و پشوازی لێکرا، لەم بارەیەوە شادومان مەلاحەسەن کە نزیکە لە لاهوور شێخ جەنگییەوە گوتی" ئێمە ئێستاش خۆمان بە یەکێتی دەزانین و وەک یەکێتیش سەردانی لایەنە سیاسییەکانمان کرد و لایەنەکان نیگەرانن، بەڵام حەزناکەن دەستوەردان لەکاروباری نێوخۆی یەکێتیدا بکەن". ئاشکرایکرد کە داوایان لە پارتی نەکردووە سەردانیان بکەن و پەیوەندی خۆیان لەگەڵ پارتی گەڕاندەوە بۆ هەندێک رووداو، ئاشکراشیکرد ئەوان پیرۆزبایی کۆنگرەیان لە پارتی کردووە.
سەبارەت بە بوونی لیستێکی سەربەخۆ لەلایەن لاهوور شێخ جەنگییەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، شادومان مەلاحەسەن گوتی" هیوادارین لیستەکەمان بۆ هەڵبژاردن لەنێو یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بێت و وەک یەکێتیی بەشداری بکەین، هیواخوازین وەک هەڵبژاردنی رابردوو نەبێت، لە کاتێکدا جیاوازی دەنگی نەوەی نوێ لەگەڵ یەکێتی تەنیا 10 هەزار دەنگ بوو" .
شادومان مەلاحەسەن گوتیشی" ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت 80%ی دەنگدەری یەکێتی پاڵپشتی ئێمە دەکەن و دەنگ بە ئێمە دەدەن".
ئەندامە دوورخراوەکەی یەکێتی هۆشداریدا لە جیلی داهاتوو و گوتی" بەپێی راپرسییەکان 73%ی دەنگی دەنگدەری داهاتوو بۆ پارتی و یەکێتی نابێت".
کەمال رەئووف، رۆژنامەڤان، پێیوابوو کە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکدایە هێواش هێواش دەسەڵاتەکانی کەمدەکرێنەوە و هەیبەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رۆژ بەڕۆژ کەمدەبێتەوە و کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی هەنگاوێکی باش بوو، بەڵام ئاشکرانەکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی ناهەقییە بەرامبەر خەڵک. گوتیشی "کاک مەسعود رۆڵی هەبووە لە نزیکبوونەوە و کۆبوونەوەی هەردوولا"
کەمال رەئووف روونیکردەوە،کە یەکێتی گومانی لە پارتی هەبوو، ئەگەر دۆخەکە ئاسایی نەکرێتەوە، ئەوا پارتی لەکاتی هەڵبژاردندا زەڕبە لە یەکێتی دەدات.
کەمال رەئووف گوتیشی"پارتی و یەکێتی دەزانن قەدەریان پێکەوەیە، بەشێک لە کێشەی سەرەکی نێوانیان لەسەر داهاتی نەوت بوو، ئێستاش داهاتی نەوت لەژێر دەستییان نەماوە، بۆیە کێشەی نێوانیان چارەدەبێت" هەروەها لێکزنیکبونەوەکەی نێوان پارتی و یەکێتی جگە لە داهاتی نەوت گەراندەوە بۆ هەڵبژاردنی تورکیا، گوشاری بەغدا و ئێران و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان.
سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، عەدنان عوسمان، شرۆڤەکاری سیاسی گوتی" نابێت گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی وەک شانۆ سەیر بکرێن، گرژییەکان جیددین و پێشتر دەرەنجامی ئەو گرژییانە بینراوە،بەڵام ئەگەر بمانەوێت خالێکی جەوهەری لە کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی بدۆزرێنەوە، ئەوا زۆر قورسە، چونکە کێشەکان گەورە و ستراتیژی نین، واتە هیچ گرێکوێرەیەک لە نێوانیاندا نییە، هەر بۆ نموونە ئێستاش نەمانزانی کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی لە حکومەت لەسەر چی بوو و ناشزانین لەسەر چی رێککەوتوون، ئەوەی دەزانرێ ئەوەیە کێشەکانی نێوانیان هۆکاربوو بە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، بەڵام هەرچۆنێک بێت باشبوونی پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی کارێکی باشە و گرنگە باشبوونی پەیوەندییەکە هەنگاوی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت".
پێنجشەممەی داهاتوو مەراسیمێکی فراوان لە گوندی بارزان سازدەکرێت و تێیدا کەسایەتی و کۆنسووڵ و سیاسەتڤان و پارت و لایەنەکان بەشداری دەکەن، عەدنان عوسمان پێموابوو کاک مەسعود دەیەوێ سەرکردایەتیی یەکێتی لەو مەراسیمەی بارزان بەشداربن".
سەبارەت بە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان، عەدنان عوسمان گوتی" کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی کوردستان تاسەر ئێسقان سەقەتە و دەبێت بگۆڕدرێت، چونکە کۆمیسیۆنەکە تەواو حیزبییە، پێموایە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق زۆر لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی کوردستان باشترە".