چوار قۆڵی - دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی و هەڵبژاردنی تورکیا

15 May 2023
چوار قۆڵی - دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی و هەڵبژاردنی تورکیا

مژاری ئەمجارەی بەرنامەی چوارقۆڵی دوو بابەتی لە خۆ گرتبوو، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی و کاریگەریی هەڵبژاردنەکەی تورکیا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆلێنەوەی رووداو، لە دەستپێکی بەرنامەدا ئاماژەی بەوەکرد گوتارە ٢٦ خولەکییەکەی سەرۆک بارزانی لە کردنەوەی یادگەی مەلا مستەفا بارزانی لە بارزان، دەسپێشخەرییەکەی بۆ کۆبوونەوە پارت و لایەنەکان بەر لە 18 ئەم مانگە، و پێشوازی لایەنەکان لە دەستپێشخەرییەکە و گرنگی پەیامەکە لە خاوکردنەوەی گرژییەکان و بەدواداهاتنی کۆبوونەوەی سێشەممەی 16/5/2023 نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە کردە بابەتی یەکەمی بەرنامەکە.
زریان رۆژهەڵاتی پێیوابوو، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی گرنگی خۆی هەبوو، بەتایبەتی بۆ ئاشتەوایی نێوان لایەنەکان، گوتیشی"میدیاش رۆڵێکی گەورەی دەبێت لەو ئاشتەواییە".
زریان رۆژهەڵاتی گوتی"ئەگەر پارتی و یەکێتی رێکنەکەون هەڵبژاردن ناکرێت، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر نێوبانگی هەرێمی کوردستان دەبێت لە دەرەوە" دەشڵێت"ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ هەموو لایەنەکان گرنگ و چارەنووسسازە". رۆژهەڵاتی ئاماژەی بەوەکرد، ململانێ و رکابەری لە هەموو جیهان لەنێوان حیزبەکاندا هەیە، بەڵام نابێت ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنەکان ببێتە ئەوەی ئەوەی هەموو شتێک لەنێوبەرێت".

چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، میوانی قۆڵی جوارەمی بەرنامەکەو رایگەیاند، دڵخۆشە بەوەی یەکەم ژنە لە بەرنامەکە بەشداری دەکات و داوایکرد رۆڵی زیاتر بە ژنان بدرێت.

سەبارەت بە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی چنار سەعد عەبدوڵڵا گوتی" پێشوازییەکی گەرم لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی کرا، دوای بانگەوازەکەش رۆژی سێشەممە 16/5/2023 مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆدەبنەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکرێتەوە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، واتە دەکرێتە خاڵێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە".

چنار سەعد گوتیشی" هەرگیز پارتی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نەبووەو نابێت و سوورە لەسەر ئەوەی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت، چونکە دواخستنی هەڵبژاردن جگە لەوەی ئێمەی نیگەران کردووە، دۆستەکانیشمان نیگەرانن و چاویان لەسەر ئەوەیە هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت، هەرچەندە ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەزۆر رووەوە لە عێراق پێشکەوتووترین، کەچی ئێمە ناتوانین لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکەین، بەڵام عێراق بە هەموو کێشەکانییەوە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکات و هەندێکجاریش پێشی دەخات".


ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی و یەکێتی لە سلێمانی کاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت، هەروەها کاریگەری دەروونیشی بەسەر کۆمەڵگەکەمانەوە دەبێت و هەموولایەک پێی دڵخۆشدەبن.

تاوەکو ئێستا کێشەی کۆرسی کۆتاکان کە بریتین لە (کریستیانەکان، تورکمان و ئەرمەن) یەکلانەبووەتەوەو یەکێتی سوورە لەسەر ئەوەی گۆڕانکاری لە ژمارە و شێوازی دەنگدان و بازنەکانیان بکرێت، لەو بارەیەوە چنار سەعد گوتی" کێشەی کورسی کۆتاکان گەورە نییە و چارەسەردەبێت، پارتی هیچ کێشەیەکی لەو بارەیەوە نییە و بە لایەنەکانی گوتووە پێکهاتەی کۆتاکان چۆنیان بوێت پارتی ئەوە دەکات و کێشەی نییە". 


"ئومێد هەیە کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی بەرهەمداربێت" ئەمە قسەی کەمال رەئووف، رۆژنامەڤان بوو و دەڵێت"پەیامەکەی کاک مەسعود گرنگ بوو بۆ ئاشتەوایی".

لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی، کەمال رەئووف گوتی" دەکرێ پارتی و یەکێتی لەسەر ئەوە رێکبکەون کە کۆمەڵگە چی دەوێت، لەکاتێکدا ئێستا خەریکە پەیتا پەیتا دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان کەمدەکرێنەوەو بەغدا بەرامبەرمان بەهێز دەبێت، بۆیە بۆ راستکردنەوە دۆخەکە باشترین بژاردە یەکخستنەوەی نێوماڵی کوردە".

کەمال رەئووف پێیوایە، تاوەکو هێزی دوو حیزب هەبێت و داهات بە نادادی دابەش بکرێت و کۆمەڵگە ئاشتنەکرێتەوە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی چارەسەرنابن و بنەبڕناکرێن.


عەدنان عوسمان، شرۆڤەکاری سیاسی، بە رۆڵی میدیای پارتی و یەکێتی دەستی بە قسەکانی کرد و گوتی "میدیای پارتی و یەکێتی لەکاتی گرژییەکان خراپترین رۆڵ دەگێڕن و یەکتر تەخوین دەکەن، ناچار دەکرێن هێرش بکەنە سەر یەکدی و دەبێ کۆتایی بەو جۆرە راگەیاندنە بهێنرێت".


سەبارەت بە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، عەدنان عوسمان گوتی" هیوادارم پەیامەکەی کاک مەسعود کاریگەریی لەسەر ئاشتەوایی هەبێت، هەموو بارگرژییەکان بە پەیامەکە خاوبوونەوە و جێگەی دەستخۆشییە".

عەدنان عوسمان باسی کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی کرد و گوتی"ئەو هەموو کۆبوونەوە زۆرەی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ چییە؟، ئینجا ئەگەر کۆبوونەوەکان کەسی یەکەم و دووەمی حیزبەکان بەشدار نەبن بەرهەمدار نابێت، تەنانەت سەرچاوەی بڕیاردان لای مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتیش نییە".


عەدنان عوسمان دەشڵێت"باشترین رێککەوتن لە نێوان پارتی و یەکێتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا، نابێت رێگە بدرێت چیتر دوابکەوێت، تەنانەت ئێستا لایەنەێک هەیە بە فەرمی داوای کردووە هەڵبژاردن بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێت، هەرچەندە پارتی و یەکێتی دەڵێن سوورین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەڵام، بەڵامێكی تێدەکەن".


سەبارەت بە کاریگەریی هەڵبژاردنەکەی تورکیا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆلێنەوەی رووداو گوتی" هەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیا هەڵبژاردنێکی گرنگ بوو، هەرچەندە لە گەڕی یەکەمدا زۆرینەی پەرلەمانی بۆ هاوپەیمانیی جمهوور یەکلابوویەوە و هیچ بەربژێرێک نەیتوانی سەرووی 50٪ی دەنگەکان بۆ سەرۆککۆمار بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەردۆغان چانسێکی زۆرتری هەیە ببێتەوە سەرۆککۆمار".
لە ئەگەری بردنەوەی کەمال کچدارئۆغڵو، زریان رۆژهەڵاتی دەڵێت" ئەگەر کلچدارئۆغڵو سەربکەوێت ناتوانێت بە بڕیارێک کێشەی کورد چارەسەربکات، چونکە چەند سەرەیە".

چنار سەعدیش گوتی" تێڕوانینی ئەردۆغان بەرامبەر هەرێمی کوردستان ئەرێنی بووە و زیادبوونی دەنگی نەتەوەپەرستەکان مانای پاشەکشەکردنی دۆزی کوردە لە تورکیا و کەمبوونەوەی دەنگی ئاکپارتیش شتێکی سرووشتی بوو".

کەمال رەئووف دەڵێت" ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی تورکیا چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام گرنگ بوو، چونکە کەمترین ساختەکاری تێدا کرا و بەڕۆیشتنی ئەرۆغانیش هەرێمی کوردستان سەری زیاتر ئیسرەحەتی دەکرد".

عەدنان عوسمانیش گوتی"وەک کوردێک حەزم دەکرد ئەردۆغان و رژێمەکەی بگۆڕێن و پێشتریش پێشبینیم کردبوو ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنە بباتەوە" دەشڵێت" ئەردۆغان بۆ کورد باش نییە، بەڵام دیکتاتۆریش نییە و ناشکرێت هەدەپە بکرێتە نوێنەری نەتەوەی کورد لە باکووری تورکیا".