چوار قۆڵی - ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر کورسی کۆتاکان

22 May 2023
چوار قۆڵی - ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر کورسی کۆتاکان

کوردستان بە شاخی سەرکێش و دۆل و دەشت و تەپۆڵکەی ورد و درشتی خۆیەوە، تۆپۆگرافییەکی فرەجۆری هەیە. ئەمەش رێک وەک ئاوێنەیەک بەسەر دانیشتوانەکیشیدا رەنگی داوەتەوە. هەر لە بنەڕەتدا جوگرافیای نایەکدەستی کوردستان رێگەی بۆ هەمەڕەنگیی زاراوە مەزهەبی لەنێوخۆی کوردستان کردۆتەوە. لە بەشی ساردەسێری کوردستان، لە داوێنی چیا سەرکێشەکان، کوردی موسلمان کە زۆرینەی شافعی مەزهەبن دەژین و لە نێویشیاندا مەسیحیی، جوو، هەروەها ئێزدی دەژین. ئەم کەوانە ئاینییە لە چیای شەنگالەوە بەرەو بادینان و لەوێشەوە تا دیانا و سنووری هەولێر و سلێمانی شۆڕ دەبێتەوە. هەرچی لە چیا و ساردەسێرەوە بەرەو دەشتایی و گەرمەسێری کوردستانیش دەڕۆی، زیاتر چاوت بە دابەشبوونە نێوخۆییە ئایینییەکان و کەمینەی نەتەوەیی جیاواز لە کوردستان دەکەوێت. تورکمانی سووننە و تورکمانی شیعە، شریتێکی جوگرافیدا لە هێڵێکی نێوان کورد و عەرەبدا لە بەدرە و جەسانەوە تاوەکو تەلەعفەر شوێن شوێن بڵاوبوونەتەوە. کاکەیی، کوردی شیعە و عەلەوی، لە رەنگەکانی دیکەی ئەم جوگرافییەن کە لەو دیوی حەمرینەوە تا تەلەعفەر وەکو شریتێک بەیەکەوە بەستراوەتەوە.
هەندێکجار ئەو زەوییەی لەسەری دەژین ئاراستە بەژیانی ئێمە دەدات و دەمەوێ لە باسی ئەو کەوانە و شریتە جوگرافییە ئایینی و نەتەوەییەوە، بچمە سەر رووداوەکانی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان و پرسی کۆتاکان. ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر کۆتای کەمینە ئایینی ونەتەوەییەکان بەرەو کوێ دەڕوات؟ چۆن لە رووداوەکانی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان تێبگەین؟ ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کارا کراوەتەوە یان نا؟ لە هەمووی گرنکتر هەڵبژاردن دەکرێت یان نا؟ 
 
ئەمە دەستپێکی قسەکانی زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بوو لە بەرنامەکە، ئەم مژارانەی لەگەڵ هەریەکە لە عەدنان عوسمان و کەمال رەئووف و هەروەها میوانی قۆڵی چوارەمی بەرنامەکە هیمداد سەباح، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان گەنگەشە کرد.
 
سەبارەت بە گرژییەکانی نێو هۆڵی پەرلەمان لە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان، زریان رۆژهەڵاتی گوتی"کۆمەڵێک ماددە لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان دا هەیە کە روون نیین و دەتوانرێت بە چەندین شێوە شرۆڤەی بۆبکرێت و هەریەکە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان بهێنن، ئەمەش کێشەیە، هەروەها بوونی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە و هێمایە بۆ پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بوونی کێشە لە نێوان پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی دەسەڵاتدا لەسەر پرسی کۆتاکان هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو دوو هێزە لەسەر ئەو مژارە متمانەیان بە یەکدی نییە و ئێستا وانیشاندەدرێت کۆتاکان بوونەتە هۆکارێك لە دروستبوونی گرژیی نێوان پارتی و یەکێتی و دواخستنی هەڵبژاردن".
 
هەندێ جار باسی نەبوونی کورسی کۆتا بۆ ئێزدی و کاکەییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، زریان رۆژهەڵاتی هۆکاری نەبوونی ئەو کورسیانەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە کورسی کۆتاکان لەسەر بنەمای نەتەوە دابەشکراوە نەک ئاین، ئێزدی و کاکەیی بەهۆی کوردبوونیان کۆرسی کۆتایان پێنادرێت".
 
هیمداد سەباح، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، وەک میوانی قۆڵی چوارەمی چوارقۆڵی رایگەیاند، ناکۆکی زۆر لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە و ئەوان دڵخۆشبوون بە نزیکنبوونەوەی پارتی و یەکێتی، بەڵام وادیارە نایانەوێ پێکبێن.
 
لەبارەی گرژی و پێکدادانی نێوان پارتی و یەکێتی لەنێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی" ئەوەی لەنێو هۆڵی پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان روویدا، پەرلەمانی کوردستانی خستە ژێر دۆخێکی نەخوازراوەوە، بۆیە ئێمە دەنگمان بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان نەدا، چونکە پێمانوابوو دەنگدانەکە تەندروست نەبوو، هەروەها نەدەبوو بەمشێوەیە کارابکرێتەوە." گوتیشی" بەرەی تورکمانی پارتێکی بێ لایەنە و لەژێر کاریگەریی هیچ هێزێکی سیاسییدا نییە و ناچینە نێو کێشمەکێشمی نێوان پارتی و  یەکێتی و نابینە لایەنگری لایەک لە دژی لایەکی دیکە، نامانەوێت کۆتاکان هۆکاری بوونی کێشە بن لە نێوان پارتی و یەکێتی، ئەوەی ئێمە دەمانەوێ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی تورکمانە لە هەرێمی کوردستان".
سەبارەت بە داواکاری بەرەی تورکمانی لە شێواز و سیستەمی هەڵبژاردن بۆ کورسی کۆتاکان، هیمداد سەباح گوتی" بەرەی تورکمانی داوای سیستەمی یەک بازنەیی دەکات بۆ کۆتاکان، چونکە پێشتر فرەبازنەیی زیانی زۆری بە حیزبە بچووکەکان گەیاندووە". 
 
هیمداد سەباح روونیکردەوە کە بوونی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان جوان کردنی هەرێمی کوردستانە، نامانەوێت واپیشانبدرێت کە ئەوان هۆکاری ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بن و هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن بن، ئەمە هیچ بنەمایەکی نییە و بە تەنیا بیانووە.
 
هەندجار کۆتاکان بە پاشکۆی پارتی پێناسە دەکرێن، لەو بارەیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی" هۆکاری نزیکبوونی کۆتاکان لە پارتی شوێنی جوگرافیایە، چونکە زۆربەی هەرەزۆری کەمینەکان دەکەونە ناوچەی فەرمانڕەوایەتیی پارتی و هیوامان وایە کۆتاکان دابەش نەکرێن".
 
هیمداد سەباح ئاماژەی بەوەشکرد، بەو کردەوانەی خۆمان رێگە دەدەین کە بەغدا دەست لەکاروبارەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان وەربدات و دوورنییە داوابکرێت کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی کوردستان بکات.
 
لای خۆیەوە کەمال رەئووف، رۆژنامەڤان، سەبارەت بە شێوازی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان گوتی" هێشتا یاساکە تەواو نییە، چونکە تاوەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژۆی نەکات یاسای کاراکردنەوەکە پەسەند ناکرێت و هیوام وایە واژۆی نەکات و بیگەڕێنێتەوە پەرلەمان، چونکە یاساکە رەهەندی نیشتمانی هەیە و پێویستی بە کۆدەنگی هەموو هێزە سیاسییەکانە و ئەگەر واش نەکرێ رەنگە کۆسپ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروست بێتەوە".
 
کەمال رەئووف گلەیی لە پارتی و یەکێتی کرد کە نایانەوێ هەڵبژاردن بکرێت و گوتی "پارتی و یەکێتی بیانەوێت هەڵبژاردن بکەن نەرمی دەنوێنن، بەڵام لووتبەرزی پارتی و بێباکی یەکێتی کێشەکان چارەسەر ناکەن و دەبێتە رێگر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بۆ نموونە  بەیاننامەکەی پارتی باش نەبوو دەبووایە نەرم بووایە".
 
سەبارەت بە کورسی کۆتاکانیش کەمال رەئووف گوتی" پارتی هێزێکی گەورەیە نازانم بۆ چاوی لە کورسی کۆتاکانە، لەو رێگەیەوە گوشاری زۆر لە یەکێتی دەکات، بۆیە یەکێتی پێیوایە کە پارتی ئەوانی خستووەتە دووڕیانێک یان چۆک بۆ پارتی دابەن یان یاخی بن، بەڵام بەشێوە مەنتقییەکە کۆتاکان کێشەیان نییە، بەڵکو کێشەکە لای پارتی و یەکێتییە و ئەوان دەیانەوێ لە رێگەی کۆتاکانەوە هەڵبژاردن نەکەن، بۆیە باشترە پارتی و یەکێتی واز لە کۆتاکان بێنن خۆیان چارەنووسی خۆیان دیار بکەن".
 
کەمال رەئووف ئاماژەی بەوەکرد، لە پرسی کۆتاکان ستەم لە ئێزدی و کاکەییەکانیش دەکرێ کە کورسی کۆتایان لە پەرلەمانی کوردستان پێنادرێت.
 
عەدنان عوسمان، کە چوار ساڵ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بوو لەبارەی گرژی و پێکدادان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی کوردستان لەنێوان پارتی و یەکێتی روویدا گوتی"وێنە گشتییەکەی بارگرژییەکەی نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان کارەساتێکی گەورەبوو لە پرۆسەی سیاسیدا، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دوو شت، یەکەمیان بوونی ناڕوونی لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دووەم کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵادا نەبوون".
 
سەبارەت بە نیگەرانییەکانی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، عەدنان عوسمان گوتی" ئەوەی پێشتر یەکێتی چاندی ئەمڕۆ بەرهەمەکەی دوورییەوە و یەکێتی هاوبەش بووە لەگەڵ پارتی بۆ کەمکردنەوەی هەیبەتی پەرلەمان".
 
لەبارەی بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دوای ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەکەی داخست و هۆڵی پەرلەمانی بەجێهیشت، عەدنان عوسمان گوتی "کاتێک سەرۆکی پەرلەمان ئامادەبێت دەسەڵاتی وەستان و بەردەوامبوونی کۆبوونەوە تەنیا لەدەست خۆیەتی، یاخود کاتێک سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەیەک دابخات، ئەوا جێگرەکەی بۆی نییە درێژەی پێبدات".
 
سەبارەت بە کێشەی کۆتاکانیش، عەدنان عوسمان پێیوایە کێشەیەک نییە لە کوردستان بە ناوی کێشەی کۆتاکان و دەڵێت"پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردن رادەکەن و هەر رۆژێک بیانوویەک دەدۆزنەوە و ئێستاش کۆتاکانیان کردووە بە بیانوو، ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی شەڕ بۆ کۆتاکان ناکەن، بەڵکو بۆ بەشی خۆیان دەکەن، کۆتاکان خەڵکی رەسەنی ئەم وڵاتەن و دەبێت مافیان بپارێزرێت".
 
عەدنان عوسمان داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، یاسای کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن واژۆ نەکات و بیگێڕێتەوە بۆ پەرلەمان و هەروەها هەموو ئەو یاسایانەی کە دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەرکراون واژۆیان نەکات و گوتیشی"پێمباشە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی کوردستان بکات".