ئەنجامی گفتوگۆکانی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا
ئەنجامی گفتوگۆکانی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا تەوەری بەرنامەی ئەمجارەی چوارقۆڵی بوون، لەم مانگەدا سێیەمجارە شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتە بە بەغدا بۆ جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق و هەروەها رێککەوتن بۆ کێشەی نەوت و گاز لە نێوان هەولێر و بەغدا و چەند کەیسێکی دیکە.
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆکان گوتی"کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا یاسا نییە، واتا یاسا ناتوانێت چارەسەری کێشەکانیان بکات، هەمیشە لەکاتی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان خوێندنەوەی جیاواز بۆ دەستوور دەکرێت، ئێستا فاکتەری هێز کاریگەرە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و لە ماوەیەکی نزیک هەولێر و بەغدا ناگەنە چارەسەرێکی کۆنکرێتی ".
زریان رۆژهەڵاتی گوتیشی"نەبوونی سازان لەنێوان پارتی و یەکێتی هەڵوێستی کوردی لە بەغدا لاوازکردووە و هەرجارێکیش پارتی لە بەغدا نزیک بێتەوە یەکێتی دژی دەوەستێتەوەو ئەگەر یەکێتی لە بەغدا نزیکبێتەوە ئەوا پارتی دژی دەوەستێتەوەو هیچ سازانێک لەو بارەیەوە لە نێوانیاندا نییە".
د. محەممەد شاکر، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، میوانی قۆڵی چوارەمی ئەمجارە بوو، لەبارەی هەوڵەکانی هەردوولا و جیددی بوونی هەردوولا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی گوتی"حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی پێکهاتن لەگەڵ بەغدا دەدات، هەروەها سوودانیش پابەندە بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت، بەگشتی هەولێر و بەغدا دەیانەوێ کێشەی نەوت و گاز و بودجە لە نێوانیان چارەسەربکەن، هەروەها کورد هەڕەشەی کشانەوەی نەکردووە لەکاتی چارەسەرنەبوونی کێشەی نەوت و گاز، هەرچەندە کشانەوەی کورد لە حکومەت کارتێکی کاریگەرە، بەڵام ئەگەر حکومەت رێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکات ئەوکات ئەگەرێکە پارتی لە حکومەت بکشێتەوە و دواتریش بەشێکی زۆری سوننەش دەکشێنەوە و یەکێتیش رەنگە هەمان هەڵویست بنوێنێت".
د. محەممەد شاکر روونیکردەوە، کورد بەشداری لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی ساڵی 2011 نەکردووە، بۆیە شاندی هەرێمی کوردستان بە رەشنووسی پڕۆژە یاساکە رازینەبوو و داوای هەموارکردنەوەی دەکات، گوتیشی" تێگەیشتنێکی باش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە و شاندی هەرێمی کوردستان رژدە لەسەر چەسپاندنی مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".
د. محەممەد شاکرگوتیشی" خولی ئەمجارەی پەرلەمان جیاوازە و سەرۆکی حکومەت پشتیوانییەکی گەورەی هەیە و ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند بکرێت، ئەوا لە پەرلەمانیش دەنگی پێویست دەهێنێت و کێشەکە چارەسەردەبێت".
لای خۆیەوە کەمال رەئووف، رۆژنامەڤان لەبارەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا گوتی"شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا خاڵی بەهێز و لاوازی هەیە، نەبوونی لایەنی یەکێتی لە شاندەکە خاڵێکی لاوازە و شاندەکە بە بەغدای گوتووە هەرێمی کوردستان دەیەوێ خۆی نەوتی خۆی بفرۆشێت، بەڵام بە چاودێری بەغدا، بەڵام من گەشبین نیم بە شاندی هەرێمی کوردستان کە بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن".
کەمال رەئووف گوتیشی" 18 ساڵە هەولێر و بەغدا کێشەی دارایی نێوانیان بە پینەوپەڕۆ چارەسەرکردووە، بۆیە ئێمە لە ئابووری سەربەخۆدا شکستمان هێنا و خەڵکیش زیانمەندی سەرەکییە لە کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، خەڵک دەڵێن ئێمە نەوت دەفرۆشین بۆچی 30 ملیار دۆلار قەرزارین، لەکاتێکدا بەغدا دەڵێت هەولێر نەوت رادەستبکات رێژەی 12.6 لە بودجە پێدەدات و دەشیدات".
کەمال رەئووف گلەیی لە ناشەفافییەتی پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتن و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان گرت و گوتی" داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان شەفاف نییە، بەگشتی پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان کەمکوڕی زۆری تێدایە، بۆ نموونە نەوتی هەرێمی کوردستان 19 دۆلار کەمتر لە نرخی ئاسایی خۆی دەفرۆشرێت".
عەدنان عوسمان، شرۆڤەکاری سیاسی ئاشکرایکرد، گوشار لەسەر هەولێر و بەغدا هەیە بۆ گەیشتن بەرێککەوتن، بەتایبەتی لەبارەی بودجە و یاسای نەوت و گاز، گلەیی لە شاندی هەرێمی کوردستان کرد کە گفتوگۆکانیان بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا ناکەن و گوتی "تاوەکو ئێستا شاندی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیان نەداوە لەسەر جەوهەری کێشەکان لە گەڵ بەغدا" گوتیشی" کورد کێشەی لەگەڵ سوودانی نییە، بەڵکو لەگەڵ زۆرینە و کەمینەی پەرلەمان هەیە، سبەی بودجەش لە حکومەت پەسەند بکرێت، بەڵام لە پەرلەمان رێگری لە تێپەڕبوونی دروست دەکرێت، بۆیە پێویستە کورد لەگەڵ هێزە گەورەکانی عێراقیش گفتوگۆ بکات و بگەنە رێککەوتن".
عەدنان عوسمان گوتیشی" سیاسەتی ئابووری لە بەرژەوەندی خەڵک بێت هەموولایەک پشتگیری دەکەن، بەڵام وانییە، بۆیە دەبێت پێداچوونەوەیەکی ورد بە سیاسەتی ئابووری هەرێمی کوردستان بکرێت و هەروەها دەبێت هێزەکانی پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش یەک گوتار بن کە نین، ناکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پێنج ساڵە پڕۆژە یاسای بودجەی نییە و کەچی داوای پرۆژە یاسا لە بەغدا دەکات، باشترین چارەسەریش ئەوەیە لەگەڵ بەغدا رێکبکەوین".