چوار قۆڵی - گفتوگۆكانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، لە دەستپێکی بەرنامەکەدا باسی گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و رایگەیاند، گوشارێکی زۆری نیودەوڵەتی و هاوپەیمانان هەیە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت و لێکنزیکبوونەوە و گفتوگۆکانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی نێوان هێزە سیاسییەکان لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەکە بە گرنگ وەسفکرد و گوتیشی" رەنگە هەڵبژاردن نەتوانێت گۆرانکاریی تەواو دروستبکات، بەڵام هۆکارێکە بۆ هاوسەنگکردنی هێزداری لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئایندەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە کوردستان دیاریبکات، دەکرێت هەڵبژاردنەکە خاڵێکی وەرچەرخانیش بێت بۆ زانینی ئاراستەی ئەو جەماوەری کە چەند هەڵبژاردنێکە توخنی سندووقەکانی هەڵبژاردن نابنەوە."
زریان رۆژهەڵاتی گوتیشی"ئەنجامدانی هەڵبژاردن سەقامگیری هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات و دەتوانیت بابەتی رادەی متمانەی خەڵك بە هەردوو لایەنی پارتی و یەكێتی دەربخات كە ئێستا گوتاری جیاوازیان لە ئاستی نێوخۆی و دەرەكی هەیە."
رۆژهەڵاتی لەباسی کاریگەری هەڵبژاردن لەسەر دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان گوتی"هەڵبژاردن ناتوانێت گۆڕانکارییەکی ریشەیی دروست بکات، بەڵام دەتوانێت کێشە کەڵەکەبووەکان چارەسەربکات و متمانەی لایەنە سیاسییەکان نوێبکاتەوە، بۆیە
دەبێت هەڵبژاردن بکرێتە سەنگی مەحک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
زانا مەلاخالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، میوانی قۆڵی چوارەمی بەرنامەی ئەمجارەی چوارقۆڵی بوو، لەبارەی کۆبوونەوەکانی حیزبەکەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەبارەی شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو رایگەیاند، لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان ئومێدی لای خەڵک دروست کردووە و هەروەها بەربەستە سیاسییەکان رێگربوون لەبەردەم کارانەکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بۆیە نەتوانرا هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و پەرلەمان بە ناچاری تەمەنی خۆی درێژکردەوە.
زانا مەلاخالید لەبارەی رای پارتی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن گوتی" ئێمە وەک پارتی پێمان وابوو یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوە نییە، بەڵام لایەنەکانی دیکە داوایانکرد دەبێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە، بەتایبەتی بۆ شێوازی هەڵبژاردنەکە، هەموومان رازیبووین لەسەر ئەوەی کوردستان بکرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن، بە سیستەمی نیوەکراوەو نیوە داخراو، هەروەها پارتی لاری نەبوو بەهەر تۆمارێک لایەنەکان بیانەوێ هەڵبژاردن بکرێت و دواتر رێککەوتین لەسەر تۆماری بایۆمەتری وەزارەتی پلاندانی عێراق، بەڵام دەبێت هەرچۆنێک بێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت و پارتی لەگەڵ هەموو لایەنەکان رێککەوتووە لەسەر 100 کورسی پەرلەمانی کوردستان".
لەبارەی کورسی کۆتاکان کە ژمارەیان 11 کورسییە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان گوتی" تاوەکو ئێستا کورسی کۆتاکان یەکلانەکراوەتەوە، کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان نەتەوەییە نەک ئاینی، دواتر لە پەرلەمان لەگەڵ لایەنە کۆتاکان کۆبووینەوە و ئەوان پێیان باشبوو بۆ ئەوان یەک بازنە بێت".
زانا مەلاخالید گوتیشی"هەڵبژاردن بۆ سەقامگیری سیاسییە، هۆکاری دواخرانی هەڵبژاردنەکان لە هەموو خولەکان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەستوور و تاوەکو دەستوورمان نەبێت کێشەی هەڵبژاردن چارەسەر نابێت".
سەبارەت بە چۆنیەتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، زانا مەلاخالید گوتی"رای جیاواز لەسەر دروستکردنەوە و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هەبوو و هەیە، جگە لە نەوەی نوێ هیچ لایەنێک رازینەبوو کۆمیسیۆن لە دادوەران پێکبهێندرێت، کە پێشنیازی ئێمە بوو، دواتر لایەنەکان داوایانکرد کۆمیسۆن لەسەر هەیکلی ئێستای کارابکرێتەوە، پارتیش رازیبوو ، بەڵام بەو مەرجەی بۆ یەک خولی هەڵبژاردن بێت".
کەمال رەئووف، رۆژنامەڤان لە بارەی نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی رایگەیاند، پێیخۆشە پارتی و یەکێتی لە رێککەوتن نزیکبوونەتەوە و ئەوان لە پێشتریش ئەو دەستپێشخەرییەیان کردووە، بەڵام لەکاتی نزیکبوونەوەیان میدیاکانی هەردوولا وەک پێویست هاوکاری ئەو نزیکبوونەوەیە نابن.
کەمال رەئووف لەبارەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان گوتی" تاقیکردنەوەیەکی تاڵمان لەگەڵ هەڵبژاردنەکاندا هەیە، بۆیە دەبێت ئەمجارە هەڵبژاردنێک بکرێت وەک هەڵبژاردنەکانی جیهان بێت، دەبێت بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن کەشێکی گونجاو بڕەخسێندرێت و خەڵک ئاشتبکرێتەوە، چونکە رێژەی 30%ی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان شکستێکی گەورەیە، هەروەها گرنگە هەڵبژاردن گۆڕانکاری دروست بکات کە دروستیشی ناکات، چونکە پارتی و یەکێتی لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەسەڵات دەستاودەست ناکەن ".
سەبارەت بە بوونی هێز و لایەنی نوێ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، کەمال رەئووف گوتی"ئەگەری زۆرە لە هەڵبژاردنی داهاتوو لیستی نوێ دروست بن، هەروەها ئیسلامییەکانیش دەتوانن پارێزگاری لە دەنگەکانیان بکەن".
کەمال رەئووف داوایکرد لەکاتی دروستکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەندێک خەڵکی بێلایەنیش بهێندرێنە پێشەوەو بکرینە ئەندامی کۆمسیۆن.
عەدنان عوسمان، شرۆڤەکاری سیاسی، لەسەر مژاری هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان گوتی" کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سوورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێت، لەکاتێکدا هەڵبژاردن مافی خەڵکە و نابێت حیزب رێگری لە ئەنجامدانی بکات، بەڵام لە رابردوودا لایەنەکانی کوردستان هەڵبژاردنیان دواخستووە، چونکە نەیانتوانیوە هەڵبژاردن بکەنە خولی و لەکاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام ئەوەی لە هەڵبژاردن گرنگترە ئەوەیە کێ دەنگەکان دەژمێرێت و جیایان دەکاتەوە؟، لەبەر ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تەواو حیزبییە و سەرکەوتوو نەبووە لە پرۆسەکانیدا".
عەدنان عوسمان روونیکردەوە، کەمی رێژەی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان جێگەی تێڕامانە، بە واتایەکی دیکە بوونی رێژەیەکی زۆری بایکۆت لە هەڵبژاردنەکان نیشانەی ناڕەزایەتییە.
عەدنان عوسمان پێشبینی کرد کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا جووڵانەوەی نەوەی نوێ ببێتە هێزێکی کاریگەر.