چوار قۆڵی - ئایندەی هەرێمی کوردستان و مشتومڕەکانی سەر مانەوەی قەوارەکەی
مشتومڕی مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و راپۆرتەکەی رۆژنامەی سەباحی عێراقی و چەند راپرسییەک لە لە سۆسیال میدیا لەبارەی مانەوەو نەمانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئایندەی قەوارەکە تەوەری بەرنامەی چوارقۆڵی بوون.
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لەوبارەیەوە گوتی" مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام مەترسییەکان جیددی نین، چونکە دەوڵەتەکانی ناوچەکە بەهۆی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان دامەزراون و هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە بە هاوکێشەیەکی نێودەوڵەتی دامەزراوە، بۆیە مەترسییەکە جیددی نییە".
زریان رۆژهەڵاتی گوتیشی" بەر لە 2020 مەترسی هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام دوای شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا مەحاڵە قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێتەوە".
زریان رۆژهەڵاتی روونیکردەوە، لە سی ساڵی رابردوودا نەتوانراوە لە زۆربەی سێکتەرەکان گرنگی بە نیشتمانپەروەریی بدرێت و ئینتیما بەرزبکرێتەوە.
عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان میوانی قۆڵی چوارەمی بەرنامەکە بوو، رایگەیاند، بەشێک لە بەرپرسە عێراقییەکان تاوەکو ئێستا نایانەوێ بە سیستەمی فیدراڵی کاربکەن و گوتی" من پێموایە ئێستا مەترسی راستەقینە لەسەر نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان نییە، عێراق وڵاتێکە ناتوانێت لە ماوەی ساڵێک سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت، چۆن بە ئاسانی ببێتە وڵاتێکی فیدراڵی، واتە تاوەکو ئێستا دەوڵەتی عێراق بە سیستەمی فیدراڵی کارناکات".
ئەنجوومەنی فیدراڵی، دامەزراوەیەکە دەبوایە دوای پەسەندکردنی دەستووری عێراق لە 2005 دروستبکرێت و وەک سەنگی مەحەک و پارێزەری مافی هەرێمە فیدراڵییەکان بپارێزێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دانەمەزراوە، لەو بارەیەوە عەبدولسەلام بەرواری گوتی" دروستبوونی ئەنجوومەنی فیدراڵی لە عێراق لە نەبوونی هەرێمی دیکەی جگە لە هەرێمی کوردستان مەترسیدارە، بۆیە دروستکردنی ئەو ئەنجوومە لە کاتێکی وەک ئێستا خراپە و لە بەرژەوەندی کورد نییە و تەنانەت نابێت نوێنەرانی کورد لە بەغدا رێگە بە دروستکردنی بدەن".
عەبدولسەلام بەرواری گلەیی کرد لەوەی تاوەکو ئێستا حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان خۆی رزگار نەکردووە لەوەی حوکم بە نەریتە کۆمەڵاتییەکان نەکات و گوتیشی" دۆستانمان لەبارەی گەندەڵی و ئازادی گلەیی لە هەرێمی کوردستان دەکەن و ئەگەر کێشەکانمان بە جیددی وەرنەگرین ئەو کات دۆستەکانمان پشتمان تێدەکەن".
کەمال رەئووف، رۆژنامەڤان، روونیکردەوە، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و بە راپرسییەک و راپۆرتێک و قسەی سیاسییەک هەڵناوەشێتەوە، گوتیشی" لە هەرێمی کوردستان دامەزراوەیی نییە، و هەموو شتێک پەیوەست کراوە بە پارتی و یەکێتی ، واتە لەناوچوونی پارتی و یەکێتی واتای لەناوچوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە، تەنانەت لە ناوخۆدا پارتی و یەکێتی گومانیان لەیەکدی هەیە و ئەمەش مەترسییەکان زیاتر دەکات، بۆ نموونە یەکێتی گومانی لەسەر داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە و پارتیش گومانی لەسەر داهاتی سنووری سلێمانی هەیە".
کەمال رەئووف روونیکردەوە، بێ هیوایی و بێ ئومێدی خەڵک هۆکاری ئەو راپرسییانەن و هەندێک خەڵك بە ناچاری دەڵێن بەڵێ بۆ گەڕانەوەی هەرێمی کوردستان بۆسەر بەغدا و گوتیشی" لە هەرێمی کوردستان گوێ لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان نەگیرا و ناگیرێت و نادادپەروەرییەکی زۆریش هەیە، لەکاتێکدا سەرەڕای ئەو هەموو سەرچاوە زۆرەی داهات، بەڵام چینێکی کەم لێی سوودمەندن".
لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیی کە بڕیاربوو لە ماوەیەکی نزیک دابنیشن و گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان بکەن، بەپێی قسەی کەمال رەئووف دانیشتنەکان بەمزووانە ناکرێن، بەهۆی بڕیاری دادگەی ئاسایشی هەولێرەوە لە بارەی کەیسی لاهوور شێخ جەنگییەوە.
عەدنان عوسمان، شرۆڤەکاری سیاسی، کەمێک دوورتر باسی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی" لە ساڵی 1992ەوە قەوارەی هەرێمی کوردستان سەربەخۆ بوو، بەڵام لەدوای شەڕی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003وە بە رەزامەندی کورد خرایەوە سەر عێراق".
عەدنان عوسمان گوتیشی" هێشتا عێراق نەبووەتە دەوڵەتێکی فیدراڵی، ئێستا لە بەغدا بۆچوونێک هەیە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەوان باوەڕیان بەو سیستەمە نییە، تەنانەت لە 2003وە رێگەیان نەدا هیچ هەرێمێكی دیکەی فیدراڵی جگە لە هەرێمی کوردستان دروست بێت".
لە بارەی کاریگەری نەبوونی ئەنجوومەنی فیدراڵی لە عێراق بۆ پاراستنی مافەکانی کورد، کە ئیستا دادگەی فیدراڵی جێگەی گرتووەتەوە، عەدنان عوسمان گوتی" دروستبوونی ئەنجوومەنی فیدراڵی بۆ کورد زۆر گرنگ و پێویست بوو، دەبوایە کورد کاری لەسەر دروستکردنی ئەنجوومەنەکە کردبا، بەڵام نەیکرد".
عەدنان عوسمان، ئەو راپرسیانەی سەبارەت بە مانەوەو نەمانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە سۆسیال میدیا گوتی" ئەو راپرسییانە نیشانەی بوونی ناعەدالەتییەکی گەورەن و بەشێکی زۆر لە خەڵکی هەرێمی کوردستان بێهیوا بووە، بۆیە پەنا بۆ ئەو راپرسییانە دەبات، بۆیە بۆ کەمکردنەوەی ئەو بیرۆکانەی گەڕاندنەوەی هەرێمی کوردستان بۆسەر بەغدا زۆر پێویستە گەندەڵی کەمبکرێتەوەو دادپەروەری زیادبکرێت، چونکە فاکتەری نێوخۆیی بەهێزترن بۆ نەمانی قەوارەکە لە فاکتەری دەرەوە".