مامۆستایانی ئایینی و سۆشیال میدیا
لەم بەرنامەیەی باوەڕنما، گفتوگۆیەکی قووڵ کرا لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی مامۆستایانی ئایینی لەگەڵ سۆشیال میدیا، بەتایبەتی تیکتۆک. لە بەرنامەکەدا پ.ی.د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسیی پەروەردەیی، شۆخان حەمەڕەشید، پارێزەری راوێژکار، د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی و، د. خالید عومەر، دکتۆرا لە بواری فەرموودەناسی بەشداریان کرد و هەریەکە لە روانگەی پسپۆڕیی خۆیانەوە بیروڕای خۆیان خستەڕوو.
سەرەتا نیگەرانی هەندێک خەڵک باسکرا کە دەڵێن: "مامۆستایانی ئایینی وامان لێ دەکەن لە سۆشیال میدیاوە بێ ئیمانمان بکەن، مامۆستایانی ئایینی وامان لێ دەکەن تازەترین جنێوەکان فێر بین." ئەم دیاردەیە پرسیارێکی گەورەی دروستکردووە کە چۆن ئەو کەسانەی دەبێت بەپێی پێگەیان نموونەی رەوشتی بەرز و پەیامی ئایینی بن، بوونەتە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و قسەی ناشیرین.
مامۆستانی بەشداربووی باوەڕنما چەندین تەوەری گرنگیان لەسەر ئەو مژارە تاوتوێ کرد. یەکەمیان پۆلێنکردنی مامۆستایانی ئایینی بوو لە سۆشیال میدیادا، بەشداربووان جەختیان کردەوە لەسەر جیاوازی نێوان مامۆستای راستەقینە و ئەوانەی بە ناوی مامۆستای ئایینی خۆیان پێشکەش دەکەن. میوانەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە مامۆستای راستەقینە ئەوەیە کە زانستی تەواوی هەبێت، بە ئاکاری بەرز و بە زمانێکی شیرین و رووخۆش پەیامەکەی دەگەیەنێت، نەک کەسێک کە دەبێتە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی قسەی ناشیرین و جنێو.
تەوەرێکی گرنگی دیکەی گفتوگۆکە پەیوەست بوو بە سۆشیال میدیا وەکو ئامرازێک. میوانان هاوڕابوون کە سۆشیال میدیا لە خۆیدا خراپ نییە، بەڵکو ئامرازێکە دەکرێت بۆ خێر بەکاربهێنرێت. هەروەها سۆشیال میدیا دەرفەتێکی گەورەیە بۆ گەیاندنی پەیامی ئایینی بە گەنجان کە ئێستا زیاتر لە پلاتفۆرمەکانی وەک تیکتۆک چالاکن.
پرسی فەتوادان لە سۆشیال میدیا یەکێک بوو لە هەستیارترین تەوەرەکانی گفتوگۆکە. بەشداربووان نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەوەی هەندێک کەس بەبێ زانست و تەنیا لەسەر بنەمای بۆچوونی کەسی فەتوا دەدەن. ئەوان نموونەیان هێنایەوە کە مامۆستای ئایینی راستەقینە وەکو ئیمامی مالیک و ئیمامی شافیعی زۆرجار دەیانگوت "نازانم" یان داوای کاتیان دەکرد بۆ لێکۆڵینەوە پێش وەڵامدانەوە.
بابەتێکی گرنگی دیکە لە بەرنامەکەدا گەنگەشە کرا، پەیوەندی نێوان پارە وەرگرتن لە پلاتفۆرمەکانی وەکو تیکتۆک و هەڵسوکەوتنی مامۆستای ئایینی بوو. بەشێک لە میوانان پێیان وایە پارە وەرگرتن لە بەرامبەر کاری دروست کارێکی شەرعی و ئاساییە، چونکە هەر کەسێک پێویستی بە داهاتێک هەیە بۆ ژیان. دکتۆر خەزنەوی گوتی: "کاتێک من شتێکی باش پێشکێشی خەڵک دەکەم، ئەو پارەیە بە حەڵاڵ دەبینم." بەڵام جەخت لەوە کرایەوە کە کاتێک باسی پەیامی ئایینی دەکرێت، نابێت پارە ببێتە مەبەستی سەرەکی.
تەوەرێکی دیکە کە قسەی لەسەر کرا، رۆڵی بینەر و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا بوو. میوانەکان جەختیان کرد کە تەنیا مامۆستایانی ئایینی بەرپرس نین، بەڵکو ئەو بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیاش بەرپرسن کە پشتگیری ئەو جۆرە مامۆستایانە دەکەن و، دەبێتە هۆکاری بەردەوامبوونیان.
لە کۆتاییدا، بەشداربووان پێشنیازیان کرد کە پێویستە رێوشوێن هەبێت بۆ رێکخستنی بابەتی مامۆستایانی ئایینی لە سۆشیال میدیا، لەوانە:
1. پێویستە مامۆستای ئایینی لە سۆشیال میدیا بە حیکمەت و ئامۆژگاری جوان پەیامەکانی بگەیەنێت.
2. خەڵک پێویستە لە مامۆستای ئایینی داوای بەڵگە و سەرچاوە بکەن بۆ فەتواکانیان، نەک هەموو شتێک بەبێ پرسیار وەربگرن.
3. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسایەک دەربکات بۆ کۆنترۆڵکردنی گوتاری توندڕەو لە سۆشیال میدیادا، هەروەک لە وڵاتانی وەکو بەریتانیا و ئیمارات هەیە.
4. مامۆستایانی ئایینی پێویستە فێری ئاکاری فەتوادان بن و نەترسن لە گوتنی "نازانم" کاتێک پرسیارێک دەکرێت کە وەڵامەکەی نازانن.
کاتی پەخش: 22:00
دووبارە: 03:00 و 07:00