لێبووردن لە سەردەمی "سکرینشۆت"دا؛ کاتێک ڤایرۆسی ناوزڕاندن متمانە دەکوژێت
لە جیهانێکی دیجیتاڵیدا کە داتا ئەلیکترۆنییەکان هەرگیز ناسڕێنەوە، ئایا لێبووردن هێشتا مانای ماوە؟ ئەمە ئەو پرسیارە بوو کە دەروون گێژەن لە دوا بەرنامەی باوەڕنما لە رەمەزانی ساڵی 2026 وروژاندی.
لە سەرەتان بەرنامەکەدا دەروون باسی لەوە کرد کە لێبووردن لەم سەردەمەدا خەریکە بەهای خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە "پینەکردنی هەڵەکان". ئەو لێبووردن دەچوێنێت بە "بەخشینی بتڵێک خوێن" و دەڵێت: "داوای لێبووردن دەبێت هێندە قورس بێت، مرۆڤ پێش ئەوەی دڵی کەسێک بشکێنێت، هەزار جار بیربکاتەوە. ئەگەر بووە رۆتین، بەهای نامێنێت.“ ئەو ئاماژەی بە خاڵێک کرد و ناوی برد بە سەردەمی سکرینشۆت، کاتێک هەڵەیەک دەکرێت و دواتر دەسڕدرێتەوە، بەڵام وێنەکەی لە مۆبایلی هەزاران کەسدا وەک چەکێکی ئامادە دەمێنێتەوە، لێرەدا لێبووردن چ مانایەکی دەبێت؟
د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی، چەمکێکی نوێی باسکرد ئەویش چەمکی "گەشەی ڤایرۆسیی تاوان". ئەو دەڵێت: "جاران هەڵە لەنێوان دوو کەسدا دەمایەوە، بەڵام ئێستا هەڵەیەک لە چرکەیەکدا دەگاتە ئەوپەڕی جیهان. داتا لە ئەلگۆریتمەکاندا نامرێت.“ دکتۆر محێدین، پارادۆکسێکی تاڵی خستەڕوو؛ خەڵک تاوانەکە دەبینن، چونکە وەک ڤایرۆس بڵاو دەبێتەوە، بەڵام کەس داوای لێبووردنەکە نابینێت. لێرەدا مرۆڤەکە لە ناخەوە دەبوورێت، بەڵام وێنە شێوێنراوەکەی لەنێو سۆشیاڵ میدیادا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
لە روانگەی ئایینییەوە، مامۆستا جاسم کەلاری، پسپۆڕ لە فیقهی ئیسلامی، جەختی لە چەمکی داپۆشینی کەموکوڕی کردەوە. ئەو پەیامێکی راشکاوی ئاراستەی بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا کرد و گوتی: "ئەگەر پەیجێکتان بینی خەریکی ناوزڕاندنە، بلۆکی بکەن، مەبنە بەشێک لە بڵاوکردنەوەی ناشرینی."
لای خۆیەوە، د. مورشید مەعشووق خەزنەوی ئاماژەی بەوە کرد کە جیهانی دیجیتاڵی پێویستی بە نوێکردنەوەی فیقهی هەیە. ئەو دەڵێت: "داوای لێبووردن لە ژوورێکی داخراودا بۆ تاوانێک کە لە سۆشیاڵ میدیا کراوە، بەس نییە. دەبێت لە هەمان شوێن و بە هەمان دەنگ بێت، هەرچەندە زۆرجار دەنگی لێبووردنەکە ناگاتە ئەو شوێنەی کە دەنگی تیرۆری کەسایەتییەکە گەیشتووە."
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا دکتۆر محێدین باسی ئەزموونێکی خۆی کرد و گێڕایەوە چۆن لە کۆڕێکی زانستیی 21 کاژێریدا لەسەر شوناسی کورد، تەنیا سێ خولەک نمایشێکی هونەری هەبووە، بەڵام هەندێک کەس تەنیا چەند چرکەیەکیان بڕیوە و وەک سووکایەتی بە ئایین نیشانیان داوە. دکتۆر محێدین گوتی: "پێیان گوتم کافر و زەندیق. هەرچەندە سەدان کەس دواتر داوای لێبووردنیان کرد، بەڵام ئەی ئەو هەزاران کەسەی دیکە کە تاوەکو ئێستاش وێنە بڕاوەکەیان لایە؟" ئەو بە دڵێکی فراوانەوە گەردنی هەمووانی ئازاد کرد، بەڵام برینەکەی وەک پەندێک بۆ بینەران جێهێشت.
بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان.
پێشکێشکار: دەروون گێژەن
پرۆدیوسەر: سەنگەر ستار
کاتی پەخش: 22:00