رۆڵی ژن لە بەختەوەریی خێزاندا

رۆڵی ژن لە بەختەوەریی خێزاندا

رۆڵی ژن وەکو کارەکتەرێکی سەرەکیی بۆ دروستکردنی ئارامی لەنێو خێزاندا، مژاری ئەم بەرنامەیەی باوەڕنما بوو، بە بەشداری مامۆستایانی ئاینی و پسپۆڕانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی. لە بەرنامەکەدا تیشک خرایە سەر گۆڕانکارییەکانی چەمکی خێزان لە نێوان نەریت، ئاین و ژیانی مۆدێرندا.

لە سەرەتای بەرنامەکەدا، دەروون گێژەن پێشکێشکاری بەرنامەکە، پرسیارێکی ئاراستەی میوانەکان کرد سەبارەت بەوەی لەنێو خەڵکدا دەڵێن ژن بۆ کوڕەکەمان دەهێنین. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دەربڕینە جۆرێک لە کاڵاکردنی ژنی تێدایە، وەکو ئەوەی باسی کڕینی ئۆتۆمبێل یان کاڵایەک بکرێت، نەک مرۆڤێک کە خاوەن بڕیار و ئیرادەیە.
د. هەڵاڵە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە وەڵامی ئەمەدا جەختی لەوە کردەوە کە کێشەکە لە زاڵبوونی کولتووردایە بەسەر ئایندا، گوتی "هاوسەرگیریی کایەیەکی هاوبەشە و ژن و پیاو وەکو یەک میزانن، ئامانجی سەرەکی هاوسەرگیری وەکو قورئان ئاماژەی پێکردووە سوکنایی و ئارامییە، نەک تەنیا تێرکردنی حەزێکی کاتی."

تەوەرێکی گەرمی بەرنامەکە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی فیقهی بۆ گرێبەستی هاوسەرگیری. د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فقهی ئیسلامی، رەخنەی لە هەندێک پێناسەی کلاسیکی فیقهی گرت کە هاوسەرگیری وەک گرێبەستێکی گۆڕینەوە دەبینن، کە تێیدا نەفەقە بەرامبەر چێژی سێکسی دادەنرێت، ئەو گوتی "ئەم جۆرە تەفسیرانە دەبنە هۆی ئەوەی ژن وەکو کاڵا دەربکەوێت، لە کاتێکدا ئەخلاقی پێغەمبەر (د.خ) زۆر لەوە بەرزتر بووە."
لەلایەکی دیکەوە، مامۆستا جاسم کەلاری، ماستەر لە فقهی ئیسلامی، بەرگری لە دیدگای شەرع کرد و رایگەیاند کە ژنهێنان لە ئیسلامدا بە مانای رێزگرتن دێت. ئەو روونیکردەوە کە پیاو ئەرکی سەرشانیەتی هەموو پێداویستییەکانی ژیان دابین بکات وەکو کۆشکێک بۆ ژنەکەی، ئەمەش نەک بێڕێزی نییە، بەڵکو لووتکەی پاراستنی مافی ژنە.

د. محێدین محەممەد خانی پسپۆڕی دەروونناسی، شرۆڤەیەکی کۆمەڵناسی بۆ گۆڕانی تێڕوانینی ژن و پیاو کرد. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەد ساڵی رابردوودا خێزان باوکسالار بووە و لەسەر بنەمای ئەرک بەڕێوەچووە، بەڵام ئێستا سەردەمەکە گۆڕاوە بۆ سەردەمی ماف. د. محێدین هۆشداریی دا لەوەی کە چۆن جاران ژن دەچەوسایەوە، ئێستا جۆرە مەترسییەکی نوێ هەیە کە ئەویش کۆیلەکردنی پیاوە لە رێگەی داواکارییە ماددییە زۆرەکانی ژنەوە. ئەو گوتی "ئەگەر ژن تەنیا داوای خانوو و ئۆتۆمبێل و زێڕ بکات و مەرجی بۆ هاوسەرگیری هەبێت، لێرەدا ژن خۆی دەکاتە کاڵا، لە بەرامبەریشدا ئەگەر پیاو تەنیا وەک ئامێرێکی پارەپەیداکردن سەیر بکرێت، ئەویش دەبێتە کۆیلە."

کۆکەرەوەی سەرجەم گفتوگۆکان ئەو خاڵە بوو کە خێزان وەکو کەشتییەک یان وەکو دوو کەس کە بە کەلەپچەیەک بەیەکەوە بەستراونەتەوە وێنا کرا. پسپۆڕان و مامۆستایانی ئاینی کۆکبوون لەسەر ئەوەی هەر لایەکیان (ژن یان پیاو) درزبخاتە نێو پەیوەندییەکەوە یان رێز لەوەی دیکە نەگرێت، ئەوا سەرجەم خێزانەکە و کۆمەڵگەش بەرەو خنکان دەچێت.

پێشکێشکار: دەروون گێژەن

پرۆدیوسەر: سەنگەر ستار

کاتی پەخش: 22:00