ئایا تەنیا نیەتی باش بۆ ئەنجامدانی کارێکی باش بەسە؟
لە بەرنامەیەکی دیکەی باوەڕنماندا، چەمکی نیەت و پەیوەندییەکەی بە ئەنجامی کردارەکانەوە خرایە بەر باس، کە تێیدا میوانانی بەرنامەکە جەختیان لەوە کردەوە کە نیەتی باش بە تەنیا بەس نییە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی و پێویستە زانست و لێهاتوویی لەگەڵدا بێت.
لە سەرەتای بەرنامەکەدا، دەروون گێژەن، ئاماژەی بەوە کرد کە نیەت تەنیا وشەیەک نییە، بەڵکو لایەنێکی قووڵی رۆحیی ژیان پێکدەهێنێت و گوتی "زۆربەمان لە رواڵەتدا کارێک دەکەین، بەڵام رەنگە نیەتی دڵمان شتێکی دیکە بێت. نیەتە مرۆڤ دەگەیەنێتە ئامانج، نەک ئەو وێنەیەی کە پێشانی دەدات."
د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی، نیەتی بە هاندەر (Motive) چوواند و گوتی: "هاندەر وەک بزوێنەری ئۆتۆمبێل وایە، بەڵام پێویستی بە ئاراستەکەرێکە." دکتۆر محێدین هۆشداری دا کە نیەتی باش بەبێ لێهاتوویی "دەبێتە کارەسات" و وەک نموونە باسی لەوە کرد: "ئەگەر کەسێک خەریک بێت بخنکێت و تۆ نیەتت پاک بێت رزگاری بکەیت، بەڵام شارەزای مەلەکردن نەبیت، لە کاتی بازدانە ناو ئاوەکە، نەک هەر ئەو رزگار ناکەیت، بەڵکو خۆیشت دەخنکێنیت." هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی خۆناسی کردەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ بزانێت ئاخۆ توانای جێبەجێکردنی نیەتە باشەکەی هەیە یان نا.
مامۆستا جاسم کەلاری، کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە فیقهی ئیسلامی، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئیسلامدا نیەت بنەمایەکی سەرەکییە و هەموو کردارەکان پێوەی بەستراونەتەوە، هاوکات فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلامی (د.خ) هێنایەوە کە دەفەرمووێت: "إنما الأعمال بالنیات". مامۆستا جاسم روونیکردەوە کە تەنیا نیەتی باش بەس نییە و مەرجە کردارەکەش شەرعی و دروست بێت. ناوبراو گوتیشی: "هەندێک کەس نیەتیان چاکە، بەڵام کارامەییان نییە، بەمەش زیان دەگەیەنن." وەک نموونەش باسی ئەو کەسانەی کرد کە بە ناوی ئاینەوە خەڵک بە کافر دادەنێن و پێیان وایە خزمەت دەکەن، لە کاتێکدا بەهۆی تێنەگەیشتنیانەوە زیان بە ئایین و کۆمەڵگە دەگەیەنن.
د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە فیقهی ئیسلامی، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە نیەت و کردار دوو کۆڵەکەی سەرەکین بۆ وەرگیرانی کارەکان و گوتی: "ئەگەر نیەت راست بێت بەڵام کردارەکە خراپ بێت، ئەو کردارە وەرناگیرێت." دکتۆر مورشید ئاماژەی بەوەش کرد کە لە رۆژی دواییدا 3 جۆر کەس (زانا، خێرخواز و شەهید) پێش هەمووان دەخرێنە دۆزەخەوە، چونکە کارەکانیان لە رواڵەتدا باش بووە، بەڵام نیەتیان بۆ روپامایی و ناوبانگ بووە. ئەو جەختی کردەوە کە ئەنجامی کار گرنگییەکی زۆری هەیە و مرۆڤ نابێت بە بیانووی نیەتی باشەوە خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە.
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، پسپۆڕان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە شوێنی نیەت دڵە نەک زمان و مەرج نییە بە دەم بگوترێت، بەڵکو هەر ئەوەی مرۆڤ بە ئاگاییەوە بەرەو کارێک هەنگاو دەنێت، وەک نیەت هەژمار دەکرێت. هەروەها جەختیان کردەوە کە بۆ گەیشتن بە چاکەی گشتی، پێویستە نیەتی پاک و لێهاتوویی لە کاردا کۆبکرێنەوە، چونکە هیچ کامیان بەبێ ئەوی دیکە نابێتە هۆی پێشکەوتن و چاکسازی لە کۆمەڵگەدا.
بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان.
پێشکێشکار: دەروون گێژەن
پرۆدیوسەر: سەنگەر ستار
کاتی پەخش: 22:00