ئایا ئیسلام رێگەدەدات ژن و مێرد سیخوڕی بەسەر یەکدییەوە بکەن؟

ئایا ئیسلام رێگەدەدات ژن و مێرد سیخوڕی بەسەر یەکدییەوە بکەن؟

لەم بەرنامەیەی باوەڕنمادا، گەنگەشەی پرسی بێ متمانەیی و چاودێریکردن لەنێو هاوژینانی کۆمەڵگەی موسڵماندا کرا. لە بەرنامەکەدا پ.ی.د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسیی پەروەردەیی، شۆخان حەمەڕەشید، پارێزەری راوێژکار، د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی و، د. خالید عومەر، دکتۆرا لە بواری فەرموودەناسی بەشداریان کرد و هەریەکە لە روانگەی پسپۆڕیی خۆیانەوە بیروڕای خۆیان خستەڕوو.
لە سەرەتای بەرنامەکەدا، باسی ئەوە کرا کە چۆن پرۆسەی هاوسەرگیری لە ئیسلامدا پرۆسەیەکی "تەواو حەڵاڵ و رێپێدراوە" کە بە کۆمەڵێک هەنگاوی کولتووری و ئایینی و کۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕێت لە پێناوی ئەوەی "کە ئەم دوو مرۆڤە بە متمانەوە پێیان کردۆتە ژیان و ماڵێکەوە کە بەیەکەوە بژین". بەڵام ئەوەی لە واقیعدا روودەدات ئەوەیە کە وەکو دەروون گێژەن پێشکێشکاری بەرنامەکە باسی دەکات "لەبری ئەوەی قۆناخی متمانەکردن و بەشکردنی ژیان دەست پێبکات، قۆناخی بنکەیەکی پۆلیس لەنێو ماڵدا دەست پێدەکات" و هاوژینەکان "لەبری ئەوەی خۆشەویستی شەیر بکەن، مۆبایلەکانی یەکدی شەیر دەکەن، کۆنترۆڵی ژیانی یەکدی دەکەن". بەشداربووان روونیانکردەوە کە ئەم دۆخە لەنێو خێزانی کوردیدا بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو.
دکتۆر خەزنەوی لە رووی شەرعییەوە تیشکی خستە سەر دیدگەی ئیسلام لەسەر سیخوڕیکردن و چاودێریکردن و، گوتی خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا رێگری کردووە لە سیخوڕیکردن. دکتۆر خەزنەوی ئاماژەی بە فەرموودەیەکی پێغەمبەر کرد کە دەفەرموێت "هەر کەسێک گوێ لە قسەی کەسێک رابگرێت، بەڵام کابرا پێی ناخۆش بوو کە گوێی لێ رادەگرێت، رۆژی قیامەت مس دەتوێنرێتەوە و لە گوێی ئەو کەسەکە دەکرێت". هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە پشکنینی نهێنی مۆبایل و دانانی کامێرای چاودێری لەناو ماڵدا حەرامە و دەبێتە هۆی تێکچوونی ژیانی هاوسەرگیری.
دکتۆر محەممەد خانی باسی لەوەکرد کە رەگی بێمتمانەیی لە چەند هۆکارێکەوە سەرچاوە دەگرێت. یەکەم، نەبوونی متمانەی سۆزداری، دووەم، ترسی دووبارەبوونەوەی رووخانی ژیانی پێشوو، سێیەم، بونیادی پەروەردەی خێزان.
بەرنامەکەدا تیشک خرایە سەر ئەو نهێنیانەی کە هاوژینەکان دوای شەڕ و ناکۆکی ئاشکرایان دەکەن لای خێزانەکانیان. لە کۆتاییشدا، بەشداربووان پێیان وابوو کە بێمتمانەیی و چاودێریکردن نەک تەنیا لە رووی ئایینییەوە حەرامە بەڵکو لە رووی دەروونی و کۆمەڵایەتیشەوە زیانبەخشە. دکتۆر خەزنەوی گوتی: "هیوادارم ئەم قسانەمان ببێتە مایەی هۆشیاری کۆمەڵگە و گەڕانەوە بۆ بنەمای چاوپۆشین و پەردەپۆشکردن". 

 

 

کاتی پەخش: 22:00

دووبارە: 03:00 و 07:00