تیڕوانینی ئیسلام بۆ ماستاوچێتی
لە بەرنامەی باوەڕنەمای ئەمجارە، دەروون گێژەن و میوانەکانی، هەریەک لە دکتۆر محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسیی پەروەردەیی، دکتۆر مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی و دکتۆر خالید عومەر، دکتۆرا لە بواری فەرموودەناسی، باسی دیاردەی ماستاوچییەتی دەکەن.
دەروون گێژەن لە بەرنامەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ماستاوچییەتی، تەنیا لە جۆرەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، قەتیس نەماوەتەوە، بەڵکو هەندێک کەس تەنانەت بۆ خودای گەورەش خەریکی ماستاوکردن و دووڕوویین. د. محەممەد خانی، سەرەتا باسی ماستاوچییەتی ئاینیی کرد و گوتی: "ئەو کەسەی کە بە ماستاو کردن لەگەڵ خودا مامەڵە دەکات، خودا ناناسێت. چونکە ئەگەر ئەوپەڕی خوداناسی لە کەسێکدا رووبدات، دەزانێت خودا لە هاندەرە ناوەکییە شاراوەکانی ئەو ئاگادارە". د. محەممەد خانی گوتی: "ماستاوچی خۆی بە بچووک نازانێت، ئەو بەرامبەرەکەی بە بچووک دەزانێت، چونکە دەڵێت: "خەڵەتاندم". هەروەها جەخت دەکاتەوە سەر ئەوەی کە رێزگرتن و ماستاوکردن دوو شتی جیاوازن و نابێت تێکەڵ بکرێن.
د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، کەسی ماستاوچی بە دووڕوو دادەنێت و لەوبارەیەوە ئاماژە بە ئایەتێکی قورئان دەکات و دەڵێت: " کەسانێک هەن کە قسەی جوان و پیاهەڵدان دەکەن بەڵام لە دڵی خۆیاندا دوژمنی تۆن، ئەوانە دووڕوون". د. خەزنەوی باسی لەوە کرد کە ئەو کەسانەی ماستاوچین، هەست بە کەمی لە دەروونیاندا دەکەن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە کەسانی سیاسی، دەسەڵاتدار، خاوەن هۆزەکان و شێخەکان زۆر حەز بە بیستنی قسەی کەسانی ماستاوچی دەکەن و، ئەو کەسانەش هۆکارێکن بۆ گەیشتنی کەسی نەشیاو بە پۆست و دەسەڵات.
د. خالید گەردی، لە روانگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە باسی لە بابەتەکە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، بەهۆی بوونی سیستەمێکی دادپەروەرانەوە، خەڵک پێویستیان بە ماستاوکردن نییە. بەڵام بەداخەوە، لە کوردستان بەهۆی نەبوونی ئەو سیستەمە، ماستاوچییەتی بووەتە دیاردەیەکی باو. د.خالید گەردی ئاماژەی بە مێژوو کرد کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە ماستاویان بۆ پاشاکان دەکرد، شاعیرەکان بوون کە دەچوونە لای دەسەڵاتداران و شیعریان بەسەریاندا دەگوت بۆ ئەوەی پاداشت وەربگرن. د. خالید گەردی گوتی: " ماستاوکردن دەگەڕێتەوە بۆ دوو ئامانج، یان پارە بەدەستهێنان یان پێگە". ئەو مامۆستا ئایینییە زیاتر گوتی کە ترس لە لەدەستدانی شتێک یاخود تەماح بۆ بەدەستهێنانی شتێک وادەکات مرۆڤ ماستاو بکات.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، میوانەکان جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە کەسێک پەروەردە بکەین کە نەزانێت ماستاو بکات، بەڵکو راستگۆ و دڵسۆز بێت بۆ کۆمەڵگەکەی.