ئایین یان کولتوور،کاتێک نەریت بەرگی پیرۆزی دەپۆشێت

ئایین یان کولتوور،کاتێک نەریت بەرگی پیرۆزی دەپۆشێت

لە کۆمەڵگەی کوردیدا سنوورەکانی نێوان ئایین و کولتوور تاچەند تێکەڵبوون؟ ئایا هەموو ئەو شتانەی ئەمڕۆ وەک فەرز و سوننەت سەیر دەکرێن، بنەچەی ئایینییان هەیە یان تەنیا نەریتی کۆمەڵایەتین؟ کۆمەڵێک زانا و پسپۆڕ لە گفتوگۆیەکی کراوەدا تیشک دەخەنە سەر ئەو پرسە ئاڵۆزانەی کە تێیدا کولتوور بووەتە ئایین و ئەرکی قورسی خستووەتە سەر شانی تاک.

لە بەرنامەی باوەڕنمای ئەمجارە، دەروون گێژەن لەگەڵ هەریەکە لە مامۆستا جاسم کەلاری، د. مورشید مەعشووق خەزنەوی و پ. د. محێدین محەممەد خانی، پرسی تێکەڵبوونی کولتوور و ئایینیان تاوتوێ کرد. لە سەرەتای باسەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە زۆرجار وشە و نازناوەکان، وەک پێشگری حاجی، هیچ دەقێکی ئایینییان لەبارەوە نییە، بەڵکو تەنیا کولتوور وای کردووە ئەو کەسەی دەچێتە حەج، دوای گەڕانەوەی وەک نازناوێکی ئایینی بەکاری بهێنێت.

د. مورشید خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە جیاوازی لە نێوان ئایین کە وەحییەکی نەگۆڕە لەگەڵ فیقهدا کە تێگەیشتنی مرۆڤە بۆ دەقەکان و کولتوور کە دابونەریتی گۆڕاوی کۆمەڵگەیە بکرێت. خەزنەوی دەڵێت "زۆرجار کولتوور تێکەڵی فیقهـ دەبێت و دواتر بەناوی ئیسلام و شەریعەتەوە بە خەڵک دەفرۆشرێتەوە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەی دروست کردووە."

یەکێک لەو نموونە زیندووانەی باس کرا، پرسی مافی ژنان و مامەڵەی پیاوان بوو. د. مورشید ئاماژەی بەوە کرد کە ئایین کەرامەتی پیاو و ژنی وەک یەک داناوە، بەڵام تێگەیشتنی پیاوانە و کولتووری کۆن، دەقە ئایینییەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ژن وەک پلە دوو نیشان بدات. هەروەها بابەتی خەتەنەکردنی مێینە وەک نموونەیەکی کولتووری باسکرا کە هیچ دەقێکی راست و دروستی ئایینی پشتگیری ناکات، بەڵام بەناوی ئایینەوە کراوەتە نەریت.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، مامۆستا جاسم کەلاری، ماستەر لە فیقهی ئیسلامی و مامۆستای ئایینی، ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرێک لە رێوڕەسمەکان، وەک ئامادەبوونی مەلا لە کاتی مارەبڕیندا، زیاتر رەهەندێکی کولتووری هەیە نەک مەرجێکی بنەڕەتی ئایینی. ئەو دەڵێت "ئەگەر کوڕ و کچێک لە دادگە یان بە شایەتی دوو کەس رەزامەندی دەربڕن، پرۆسەکە تەواوە، بەڵام کولتوور وا دەکات هەر ببرێنە لای مەلا."

سەبارەت بە رێوڕەسمی پرسەش، بەشداربووان باسیان لەوە کرد کە سوننەتی ئایینی ئەوەیە خەڵک خواردن بۆ بنەماڵەی مردووەکە ببەن، کەچی لە کولتووری ئێمەدا پێچەوانە بووەتەوە و بنەماڵەی مردووەکە دەکەونە ژێر باری قورسی دارایی بۆ نانخواردنی میوانەکان. د. مورشید بە پێکەنینەوە باسی لەوە کرد کە تەنانەت لە ئەورووپاش کولتوورێکی وا دروست بووە کە لە پرسەکاندا نیو مریشک بووەتە دیاردە و بارگرانی بۆ خاوەن مردووەکە.

پ. د. محێدین محەممەد خانی، دەروونناسی پەروەردەیی لە روانگەیەکی فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەوە بابەتەکەی شیکردەوە و باسی لەوە کرد کە قودرەت هەمیشە هەوڵ دەدات مەشروعییەت لە ئایین و کولتوور وەربگرێت. ئەو گوتی "کۆمەڵگە هێزێکی هەیە کە دەتوانێت حاکمێک دابنێت یان لایببات، بۆیە دەسەڵاتەکان هەمیشە هەوڵیان داوە کولتوور و نەریتەکان بە جۆرێک دابڕێژن کە خەڵک ناچار بە گوێڕایەڵی بکەن." ئەم پسپۆڕە جەختی لەوە کردەوە کە ژیان بە بیرە نوێییەکان و جیاوازی راوبۆچوون پێشدەکەوێت. ئەگەر هەموو شتێک بکرێتە ئایین و رێگری لە گۆڕانکاری بکرێت، ئەوا کۆمەڵگە لە ناو بازنەیەکی داخراودا دەمێنێتەوە.

بەشداربووان کۆدەنگ بوون کە ئیسلام هاتووە بۆ ئەوەی ژیان بۆ مرۆڤەکان سادە بکاتەوە، بەڵام تێکەڵبوونی نەریتە کۆنەکان و بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وای کردووە ئایین وەک کۆمەڵێک بەربەست و ئەرکی قورس دەربکەوێت. 

بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان. 

 

کاتی پەخش: 22:00