نمایشکردن لە سۆشیاڵ میدیا

22 March 2024
نمایشکردن لە سۆشیاڵ میدیا

13:00
جاسم کەلاری: هەیە پارەی خەڵکی دزیوە و پۆستی ئایینی دەکات.

24:00
د. بوشرا کەسنەزانی: وێنەگرتن لەگەڵ نەخۆش دیاردەیەکی زۆر ناشرینە.

35:00
د.مورشید خەزنەوی: کارەکتەرەکانی سۆشیاڵ میدیا مەترسین بۆ سەر خێزانەکانیان. 

8:00
د. محەممەد خانی: مرۆڤ کە پارەی هەبوو هەوڵدەدات بە هەموو رێگەیەک دەریبخات.
 
نمایشکردن لە سۆشیالمیدیا، مژاری بەرنامەیەکی دیکەی باوەڕنما بوو، بە میوانداری د. محەممەد خانی، دەروونناسی پەروەردەیی و مامۆستای زانکۆ، هەروەها مورشید خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی و مامۆستا جاسم کەلاری، ماستەر لە فیقهی ئیسلامی و پێشنوێژ و گوتارخوێن، هەروەها دکتۆر بوشرا کەسنەزانی، مامۆستای زانکۆ.
 
سەرەتا د. محەممەد خانی لە رووی دەروونییەوە باسی ئەو نمایشەی ئێستای نێو سۆشیاڵ میدیا دا کرد و پێیوابوو ژیانی نێو سۆشیاڵ میدیا لەگەڵ کەتواردا زۆر جیاوازە و گوتی "مرۆڤ بوونەوەرێکە حەز بە نمایشکردن وخۆدەرخستن دەکات، بەتایبەتی کاتێک کە پارەی دەبێت هەوڵدەدات بە هەموو رێگەیەک دەریبخات کە پارەی هەیە". د. محەممەد خانی گوتیش" لە رووی سۆشیاڵ میدیاوە شارستانیی کۆمەڵگە دەردەکەوێت".
 
مامۆستا جاسم کەلاری گلەیی لەو شێوازە پۆست و نمایشەی نێو سۆشیاڵ میدیا کرد و گوتی "بڵاوکردنەوەی تایبەتمەندییەکان کێشە بۆ خودی کەسەکە دروست دەکات و هەندێک پۆست هەن کێشە بۆ خێزان و کۆمەڵگە دروستدەکەن و باشترە کەمترین شوێنمان نیشانی خەڵک بدەین". جاسم کەلاری روونیکردەوە نابێت مرۆڤی موسوڵمان لە پۆست و کۆمێنت جنێو بدات، گوتیشی بەداخەوە ''هەیە پارەی خەڵکی دزیوە و پۆستی ئایینیش دەکات".
 
د. بوشرا کەسنەزانی روونیکردەوە، مرۆڤ خەریکی نمایشێکە لە سۆشیاڵ میدیا کە لە بنەڕەتدا وانییە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە ئەرکەکان لە تاکی مرۆڤەکان وەرگیراونەتەوە بۆیە مرۆڤەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێناکەن. د. بوشرا کەسنەزانی گوتی "بەهۆی نەمانی ئەرکەکان و گۆڕانیان نمایشی بێ مانا دەکرێت، بۆ نموونە بەشێک لە باوکەکان لە سۆشیاڵ میدیا باوکایەتی دەکەن، لە کاتێکدا پیویستە باوکایەتی بۆ منداڵەکانی بکات، بە هەمان شێوە دەبێت خانمان لە ماڵەوە سەرۆکایەتیی بکەن، بەڵام نایکەن". د. بوشرا کەسنەزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە کولتوور بریتییە لە بەها و رەوشت و رەفتار و ئایینیش کۆکە لەسەری، بەڵام رۆژانە کاڵ دەبنەوە، بۆ نموونە وێنەگرتن لەگەڵ نەخۆش دیاردەیەکی زۆر ناشرینە کە زۆر زۆرە، یاخود لە ماڵێک داوەت دەکرێی بەر لەوەی نانەکەت بخۆی وێنەت پۆستکراوە.

د. بوشرا کەسنەزانی گلەیی لە بەشێک لە مدیاکان کرد و گوتی "کاتێک لە پەیجەکانیان پۆستێک دەکەن یان قسەی کەسێک دادەنێن و لەژێری دەنووسن رات چییە؟ ئەمە هەڵەیە، چونکە ئەمە کاری هەموو کەس نییە و ئیتر لەو رێگەیەوە هەرچی جنێو و کۆمێنتی خراپ هەیە دەدرێت.''
 
لای خۆیەوە د.مورشید خەزنەوی رایگەیاند، خەڵک هەیە لە سۆشیاڵ میدیا پێیوایە بەرەی گەردوونە و هەست دەکات هەموو چرکەیەک تەواوی خەڵک چاوەڕیی دەکەن، بەڵام لە بنەڕەتدا وانییە و گوتی "نمایشکردنی سۆشیاڵ میدیا کێشە دەخاتە نێوان هاوسەران و ئەوانەی ژیانیان لە سۆشیاڵ میدیایە نەخۆشیی دەروونیان هەیە". هەروەها خەزنەوی کارەکتەرەکانی سۆشیالمیدیای بە مەترسی وەسفکرد بۆ سەر خێزانەکانیان.