چۆن یاسا و ئایین بازار لە تەڵەکەبازی دەپارێزن؟
لەگەڵ گەشەی خێرای تۆڕە کۆمەلایەتییەکان و پەرەسەندنی جیهانی دیجیتاڵی، پرسی بەبازاڕکردن و رێکلامکردن بووەتە
یەکێک لە بابەتە هەرە گەرمەکانی نێو کۆمەلگەی کوردی. بەرنامەی باوەڕنما، بە ئامادەبوونی پسپۆڕانی دەروونی و زانایانی ئایینی، تیشکی خستە سەر لایەنە نادیارەکانی ئەم پیشەیە و هۆشداری تووند دەدات لەبارەی ونبوونی رەوشت و راستی لەنێو رێکلامەکاندا.
د. محێدین محەممەد خانی ئاماژەی بەوە کرد کە بازاڕکردنی مۆدێرن تەنیا ناساندنی کاڵاکان نییە، بەڵکو جۆرێکە لە یاریکردن بە دەروونی مرۆڤ. ئەو روونی کردەوە کە ئەوانەی رێکلامی بازرگانی دەکەن پەنا دەبەنە بەر پەیوەستکردنی کاڵاکان بە کەسایەتییە ناودارەکانەوە بۆ ئەوەی متمانەیەکی ساختە دروست بکەن. خانی دەڵێت "ئێستا چۆنییەتی کاڵاکان گرنگ نییە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە کام کەسایەتی ناودار رێکلامی بۆ دەکات". هەروەها باسی لەوە کرد کە بەکارهێنانی پاساوی وەک "من تەنیا فەرمانبەرم و بێتاوانم" لە لایەن ئەوانەی کە رێکلام دەکەن، تەنیا هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی ویژدان و شاردنەوەی ئەو فێڵەی لە کڕیار دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، پسپۆرانی ئایینی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە کڕین و فرۆشتن پێویستە لەسەر بنەمای راستی و روونی بێت. مامۆستا جاسم کەلاری، ماستەر لە فیقهی ئیسلامی، رایگەیاند کە هەر جۆرە فێل و تەڵەکەبازییەک لە کاڵاکاندا مرۆڤ دەخاتە ریزی خراپەکاران و تاوانباران. ئەو وتی "بەپێی فەرموودەکانی پێغەمبەر (د.خ)، هەر کەسێک فێڵ لە خەڵک بکات لە ریزی باوەرداراندا نییە". کەلاری ئاماژەی بەوەش کرد کە متمانەی خەڵک نابێت بکرێتە قوربانی قازانجی ماددی، چیرۆکی کچەکەی خۆی گێڕایەوە کە چۆن بەهۆی رێکلامی ساختەی چێشتخانەیەکەوە تووشی نەخۆشی بووە.
دکتۆر مورشید مەعشووق خەزنەوی باسی لایەنێکی دیکەی هەستیار کرد، ئەویش بەکارهێنانی ژن و جەستەی مرۆڤە وەک ئامرازێک بۆ راکێشانی سەرنج لە رێکلامەکاندا. خەزنەوی گوتی "ئەم رەفتارە دژی کەرامەتی مرۆڤە کە خودا رایگەیاندووە، نابێت ژن وەک کاڵایەکی جەستەیی بۆ فرۆشتنی شتومەک بەکاربهێنرێت".
بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان.
پێشکێشکار: دەروون گێژەن
پرۆدیوسەر: سەنگەر ستار