ئیسلام چۆن سەیری بێزارکردنی خەڵک دەکات؟
هەموو رۆژێک لە شوێنە جیاوازەکاندا، وەکو شەقام، پاس و ماڵەکانمان، رووبەڕووی حاڵەتی بێزارکردن دەبینەوە. لەوانەیە هەندێکجار ئەم کارانە بە ئاسان ببینین، بەڵام شارەزایانی دەروونی و ئایینی دەڵێن کە ئەم رەفتارانە کێشەیەکی گەورەی ئەخلاقی و پەروەردەیی لە کۆمەڵگەکەماندا نیشان دەدەن.
لەم بەرنامەیەی باوەڕنما، باسی دیاردەی بێزارکردنی یەکتر کرا. شارەزایان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە کێشەکانی وەکو "بێزارکردنی دراوسێ، دەنگەدەنگ لەناو پاس و کێشەکانی سۆشیاڵ میدیا" تەنیا کێشەی بچووک نین، بەڵکو پەیوەندییان بە شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤەکانەوە هەیە.
پ. د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی، ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی ئەو کەسانەی خەڵک بێزار دەکەن، لە رووی بیرکردنەوەوە وەکو منداڵ ماونەتەوە. ئەو گوتی: "هەندێک کەس هەن تەمەنیان گەورەیە، بەڵام مێشکیان گەشەی نەکردووە و تەنیا بە سزا و پاداشت لە باش و خراپ تێدەگەن." بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، کێشە بچووکەکان وەکو فڕێدانی خۆڵ یان کێشانی جگەرە لە شوێنی گشتی، دەکرێت ببنە هۆی کێشەی گەورەتر. چونکە ئەو کەسەی رێز لە مافی گشتی نەگرێت، لە بابەتە گەورەکانیشدا هەر بیر لە خۆی دەکاتەوە.
لە لایەکی ترەوە، زانایانی ئایینی جەختیان لەوە کردەوە کە یەکێک لە بنەماکانی باوەڕداری ئەوەیە کە خەڵک لە دەست و زمانت سەلامەت بن. مامۆستا جاسم کەلاری، کە ماستەری لە فیقهی ئیسلامیدا هەیە، رایگەیاند: "پێناسەی موسوڵمان ئەوەیە کە خەڵک لە زیانی دەست و زمانی پارێزراو بن. تەنانەت ئەگەر بە دەنگی ناخۆشی بانگ یان قورئانخوێندنێکی بەرز خەڵک بێزار بکرێت، کارێکی دروست نییە."
هەروەها د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی، باسی لەوە کرد کە لە وڵاتانی رۆژئاوا یاسا خەڵکی رێکخستووە، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پێویستە یاسا و پەروەردەی ئایینی پێکەوە کار بکەن تاوەکو خەڵک فێر ببن رێز لە مافی یەکتر بگرن.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، شارەزایان گوتیان ئەگەر بەرامبەر ئەم رەفتارە بێزارکەرانە بێدەنگ بین، ئەوا دەبنە بەشێک لە کولتوورمان. ئەوان داوایان کرد کە پەروەردە لە خێزان و قوتابخانەوە دەست پێبکات، بۆ ئەوەی مرۆڤەکان فێری هاوسۆزی بن و پێش هەر کارێک بیر لەوە بکەنەوە کە ئایا بەرامبەرەکەیان پێی ناڕەحەت دەبێت یان نا. شارەزایان پێیان وایە تاوەکو یاسا نەبێت و سزای ئەو کەسانە نەدرێت کە لە شوێنە گشتییەکاندا خەڵک بێزار دەکەن، گۆڕینی ئەم رەفتارانە تەنیا بە ئامۆژگاری کارێکی زەحمەت دەبێت.
بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان.
پێشکێشکار: دەروون گێژەن
پرۆدیوسەر: سەنگەر ستار
کاتی پەخش: 22:00