دڵشکان ئەو زامەی بە ساڵان ساڕێژ نابێت
لە بەرنامەی باوەڕنمادا، تیشک خرایە سەر دیاردەیەکی باوی کۆمەڵایەتی کە ئەویش دڵشکاندن و بریندارکردنی هەستی بەرامبەرە، پسپۆڕانی دەروونی و مامۆستایانی ئایینی هۆشداری دەدەن کە دڵشکان تەنیا وشەیەک نییە، بەڵکو زامێکی قووڵە و لەڕووی زانستییەوە کاریگەرییەکەی هاوشێوەی ئازاری جەستەییە.
دڵشکان تێکشکاندنی کەرامەتی مرۆڤە
دکتۆر بوشرا کەسنەزانی، مامۆستای زانکۆ، لە میانی بەرنامەکەدا پێناسەیەکی قووڵی بۆ دڵشکان کرد و رایگەیاند "مەبەستمان لە دڵشکان، شکاندنی کەرامەت و شعوور و مرۆڤایەتیی کەسێکە"، ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە زۆر جار بە بێباکی دڵی کەسانێک دەشکێنین کە قوربانییان داوە، وەک ئەو کچ و کوڕانەی لەبەر خزمەتی دایک و باوکیان یان بەخێوکردنی خوشک و براکانیان هاوسەرگیرییان نەکردووە، بەڵام لە کۆمەڵگەدا بە چاوێکی کەم سەیری تەمەنیان دەکرێت.
دکتۆر بوشرا بە چاوێکی پڕ لە ئەسەفەوە چیرۆکێکی خۆی گێڕایەوە کە چۆن لە سەردەمی خوێندنی دواناوەندیدا، تەنیا لەبەر پۆشینی جەببە، رۆژانە لەبەردەم هەموو قوتابییەکاندا ناچار کراوە قۆپچەکانی بکاتەوە بۆ ئەوەی بزانن قەمیسی سپی لەژێرەوە پۆشیوە، گوتیشی "تائێستاش بەو هۆیەوە دڵم شکاوە و بریندارم."
زانست چی دەڵێت؟ ئازاری دڵ و ئازاری جەستە یەکن
پڕۆفیسۆر دکتۆر محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی، بابەتەکەی لە روانگەیەکی زانستییەوە شرۆڤە کرد، ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی پشکنینەکان، ئەو شوێنەی مێشک کە لە کاتی لێدان و ئازاری جەستەییدا دەجووڵێت، رێک هەمان ئەو شوێنەیە کە لە کاتی سووکایەتی پێکردن و دڵشکاندندا کاردانەوەی دەبێت.
دکتۆر محێدین هۆشداریی دا کە زامی زمان لە زامی شمشێر سەخترە و گوتی "دڵشکانی وا هەیە تاهەتایە ناسڕێتەوە"، ئەو باسی لەوە کرد کە دڵشکاندن دەکرێت بە بێدەنگیش بێت، کاتێک کەسێک چاوەڕێی وەڵامە و پشتگوێ دەخرێت، یان کاتێک بە تانە و تەشەر و شۆخیی بێجێ کەرامەتی مرۆڤێک بریندار دەکرێت.
ئایین و دڵنەوایی "خودا دڵشکاوەکانی خۆشدەوێت"
لەڕووی ئایینییەوە، مامۆستا جاسم کەلاری و دکتۆر خەزنەوی جەختیان لەوە کردەوە کە یەکێک لە ناوەکانی خودا "الجبار"ە، واتە ئەو زاتەی دڵی دڵشکاوەکان دەداتەوە، مامۆستا جاسم بە گریانەوە چیرۆکی خوشکە کۆچکردووەکەی گێڕایەوە کە چۆن لە منداڵیدا بەهۆی شکانی ئاوێنەیەک دڵی شکاندووە و تائێستاش ئازاری ئەو دڵشکانە لە ویژدانیدا ماوەتەوە.
دکتۆر خەزنەویش ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئیسلامدا دڵ وەک عەرشی رەحمان و شوێنی تەجەلای خودا دەبینرێت، بۆیە شکاندنی دڵی مرۆڤەکان، بەتایبەت هەژاران و بێدەسەڵاتان، گوناهێکی گەورەیە و قورئانی پیرۆز فەرمانی کردووە کە "قسەی جوان بۆ خەڵکی بکەن."
سۆشیاڵمیدیا، مەیدانی نوێی دڵشکاندن
لای خۆیەوە دەروون گێژەن، پێشکەشکاری بەرنامەکە تیشکی خستە سەر دیاردەی کۆمێنت لە سۆشیاڵمیدیا. گوتی "زۆر ئاسایی بووەتەوە کە من بتوانم دڵی تۆ بشکێنم بەبێ ئەوەی داوای لێبوردنت لێ بکەم، دێڕێک لەژێر ڤیدیۆیەک دەنووسرێت کە رەنگە بۆ هەمیشە دڵی ئەو کەسە بئێشێنێت."
بەشداربووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ پێش ئەوەی قسەیەک بکات، دەبێت بیپێوێت؛ ئایا ئەم قسەیە پێویستە؟ ئایا راستە؟ ئایا بە شێوازێکی جوان دەگوترێت؟ چونکە "دڵ وەک شووشە وایە، کە شکا چاککردنەوەی مەحاڵە و ئاسەوارەکەی هەر دەمێنێتەوە."
کاتی پەخش: 22:00