دینداریی پچڕپچڕ: ئایا تەنیا عیبادەتەکانی مانگی رەمەزان بەسە؟

دینداریی پچڕپچڕ: ئایا تەنیا عیبادەتەکانی مانگی رەمەزان بەسە؟

لەم بەرنامەیەی باوەڕنمادا، بە بەشداریی پسپۆڕانی ئایینی و دەروونناسی، تیشکخرایە سەر دیاردەیەک کە لەناو کۆمەڵگەدا بە دینداریی پچڕپچڕ دەناسرێت. پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەوەی کە جیاکردنەوەی عیبادەتەکان لە رەفتارە کۆمەڵایەتییەکان، دەبێتە هۆی دروستبوونی کەسایەتییەکی دووڕوو دوورکەوتنەوەی خەڵک لە ئایین.

د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی، لە دەستپێکی گفتوگۆکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئایین سیستەمێکی تەواوە و ناتوانرێت بە ئارەزووی کەسی هەندێک بەشی وەربگیرێت و هەندێکی دیکەی واز لێبهێنرێت. ئەو گوتی "ئایین نە تەنیا ریشەیەکی درێژە و نە تەنیا بەستنی مەندیل و لەبەرکردنی دەقەکانە، بەڵکو جێبەجێکردنی راستەقینەی ئایینە."
دکتۆر مورشید فەرموودەیەکی پێغەمبەری (د.خ) هێنایەوە سەبارەت بەو ژنەی کە زۆر نوێژی کردووە و بەڕۆژوو بووە، بەڵام بە زمانی دراوسێیەکانی ئازار داوە، پێغەمبەر فەرموویەتی ئەو ژنە لە ئاگردایە، بەم شێوەیە جەختی لەوە کردەوە کە رەفتاری باش لەگەڵ خەڵک، بەشێکی جیانەکراوەیە لە دینداری.

لە لایەکی دیکەوە، مامۆستا جاسم کەلاری، ماستەر لە فیقهی ئیسلامی، باسی لەوە کرد کە پابەندبوون بە بنەماکانی ئایین وەک نوێژ و رۆژوو بنەمای دیندارین، بەڵام جارجار ساردبوونەوەی مرۆڤ لە عیبادەتدا دیاردەیەکی مرۆییە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک کەس تەنیا لە مانگی رەمەزاندا روو لە مزگەوت دەکەن و دواتر واز دەهێنن، بەڵام جەختی کردەوە کە نابێت مامۆستایانی ئایینی بە جۆرێک قسە بکەن کە ئەو کەسانە بە تەواوی لە ئایین دووربخەنەوە، بەڵکو دەبێت هانیان بدەن بۆ بەردەوامی. مامۆستا جاسم گوتیشی: "ئەو کەسەی نوێژەکانی لە کاتی خۆیدا دەکات، دیندارییەکەی بەردەوامییە، نەک ئەوەی شەو و روژ تەنیا خەریکی نوێژ بێت، بەڵام کێشە لەوەدایە کە کەسێک ئایین بکاتە کەرەستەیەک بۆ خەڵەتاندنی خەڵکی دیکە."

پ. د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی، لە روانگەیەکی زانستییەوە شیکاری بۆ دیاردەکە کرد و رایگەیاند، مرۆڤ بوونەوەرێکی ئۆرگانیکە، ئەگەر بەشێکی تێکبچێت کاریگەریی دەکاتە سەر هەموو بەشەکانی دیکە. ئەو چەمکی "کەسایەتیی دوورگەیی" بەکارهێنا و گوتی "هەندێک کەس دوورگەیەکیان بۆ مزگەوت دروست کردووە و دوورگەیەکی دیکە بۆ بازار، لە مزگەوتدا دیندارن و لە بازاردا جنێوفرۆش و بێ ئەخلاق." دکتۆر محەممەد خانی هۆشداری دا کە ئەم جۆرە پچڕپچڕییە لە رەفتاردا، نیشانەی دووڕوویی دەروونییە و دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤەکانی دەوروبەر متمانەیان بە ئایین و بەها ئەخلاقییەکان نەمێنێت. ئەو گوتی: "پەروەردە بە کردار دەکرێت نەک بە قسە، کاتێک خەڵک کارێکی دووڕووییت لێ دەبینن، لە ئایین رادەکەن."

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، دەروون گێژەن گوتی کۆمەڵگە تەنیا سەیری کرداری مرۆڤەکان دەکات، ئەو رووی دەمی کردە بینەران و گوتی "من ناخی ئێوە نابینم و نازانم باوەڕتان چییە، من تەنیا مامەڵەی بازار و هەڵسوکەوتی دراوسێیەتی دەبینم، ئەگەر مامەڵەکەت شیرین بوو، ئەوا دیندارییەکەت پیرۆزە، ئەگەر نا، ئەوا پاشەکشەیەکی گەورەیە لە مرۆڤایەتی."
ئەم گفتوگۆیە لە کاتێکدایە کە لە مانگی رەمەزاندا دیاردەی رووکردنە عیبادەتەکان زیاتر دەبێت، بەڵام میوانانی بەرنامەکە کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئەم پابەندییە ببێتە رەفتارێکی بەردەوامی گشتگیر بۆ هەموو تەمەن و هەموو کاتەکان.

 

بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان. 

پێشکێشکار: دەروون گێژەن

پرۆدیوسەر: سەنگەر ستار

کاتی پەخش: 22:00