شارەزایان: ژیانی هاوژینی پێوەر نییە بۆ رەوشت و باوەڕی مرۆڤ
لە کۆمەڵگەی کوردیدا، پێکهێنانی ژیانی هاوژینی تەنیا وەکو پرۆسەیەک بۆ نەوەخستنەوە سەیر ناکرێت، بەڵکو زۆرجار وەکو پێوەرێک بۆ رەوشت و تەواوکاریی باوەڕی تاکەکان هەڵدەسەنگێندرێت. لە بەرامبەردا، پسپۆڕانی بوارەکانی دەروونناسی، یاسا و ئایین هۆشداری دەدەن کە هاوسەرگیری چارەسەری هەموو کێشەکان نییە و سەڵت مانەوەی تاکەکانیش بە واتای لادان لە رەوشت نایەت.
لە بەرنامەیەکی نوێی باوەڕنمادا، تیشک خرایە سەر ئەو دیدگا جیاوازانەی بەرامبەر کەسانی سەڵت و هاوسەردار لە کۆمەڵگەدا هەن. لەو چوارچێوەیەدا، شۆخان حەمەڕەشید، پارێزەر، ئاماژەی بەوە کرد کە هاوسەرگیری پەیمانێکی رەزامەندییە لەنێوان دوو کەسی پێگەیشتوو، بەڵام جەختی کردەوە کە "نابێت بە چاوی کەم سەیری ئەو کەسانە بکرێت کە هاوسەرگیرییان نەکردووە، چونکە باری خێزانداری هەرگیز پێوەر نییە بۆ بەها و پێگەی مرۆڤەکان."
د. محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی، دیدێکی دیکەی لەبارەی بابەتەکەوە خستەڕوو و رایگەیاند، پێویستە تاک پێش ئەوەی هەنگاو بۆ ژیانی هاوسەرگیری بنێت، لە چەندین رووەوە گەیشتبێتە ئاستی پێویست. ئەو گوتی، "پێویستە مرۆڤ بگاتە ئاستی پێگەیشتنی ژیری، دارایی، کۆمەڵایەتی و دەروونی. زۆرجار ئەو تەنیاییەی لەناو خێزانێکی پڕ کێشەدا بوونی هەیە، زۆر مەترسیدارترە لە تەنیایی کەسێکی سەڵت." ئەو پسپۆڕە دەروونییە هۆشداریی دا لەوەی کە "ژنهێنان یان بەشوودانی گەنجان بە مەبەستی چاککردنی رەفتاریان" زیانێکی گەورەی کۆمەڵایەتییە و دەبێتە هۆی دروستبوونی نەوەیەکی توندوتیژ.
لەلایەکی دیکەوە، شارەزایانی ئایینی ئەو تێڕوانینە باوەیان رەتکردەوە کە گوایە سەڵت بوون نیشانەی کەمیی باوەڕە. د. مورشید خەزنەوی، شارەزای فقهی ئیسلامی، روونیکردەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە زانایانی گەورەی ئیسلام و تەنانەت پێغەمبەرانی وەک عیسا و یەحیا هاوسەرگیرییان نەکردووە، بەڵام لە لووتکەی باوەڕ و رەوشت بەرزییدا بوون. ناوبراو گوتی، "هاوسەرگیری رێگەیەکی پیرۆزە بۆ بەردەوامیی نەوەی مرۆڤ، بەڵام ئەگەر ببێتە هۆکاری ستەم و نادادپەروەری، ئەوا رێگەپێدراو نییە."
هەروەها مامۆستا جاسم کەلاری، ماستەر لە فیقهی ئایینی، جەختی لەوە کردەوە کە بنەمای باوەڕ و چاکەکاری لە ناخی مرۆڤدایە، نەک لە شێوەی دەرەوەیدا. ئەو گوتی، "پیاوەتی بە رەفتار و کارکردنە، نەک بە شێوەی دەرەوە، چونکە زۆر کەسی هاوسەردار هەن کە نزمترین رەفتاریان بەرامبەر مرۆڤایەتی هەیە."
لە تەوەرێکی دیکەی بەرنامەکەدا، ئاماژە بە بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە کرا. شۆخان حەمەڕەشید، روونیکردەوە کە "ساڵانە لە هەر 4 پرۆسەی هاوسەرگیری، یەکێکیان بە جیابوونەوە کۆتایی دێت"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە زۆربەی هاوسەرگیرییەکان بەبێ تێگەیشتن و هۆشیاریی پێشوەختە ئەنجام دەدرێن.
میوانانی بەرنامەکە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردنەوەی خولی فێربوونی شێوازەکانی گفتوگۆ، خۆڕاگری و بەڕێوەبردنی خێزان بۆ گەنجان بکەنە ناچاری. بە بڕوای ئەوان، فێربوونی هونەری ژیانی هاوبەش و ناسینی مافەکانی یەکتر، تاکە رێگەیە بۆ پاراستنی خێزان لە هەڕەشەکانی هەڵوەشانەوە.
بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان.
پێشکێشکار: دەروون گێژەن
پرۆدیوسەر: سەنگەر ستار
کاتی پەخش: 22:00