ئایا دەکرێت گۆڕانکاریی لە یاسا و حوکمە فیقهییەکان بکرێت؟
لە بەرنامەی ئەمجارەی باوەڕنمادا تیشک خرایە سەر جیاوازیی نێوان دەقە پیرۆزەکان و ئەو تێگەیشتنەی کە زاناکان لە قۆناغە جیاوازەکاندا بۆیان هەبووە. شارەزایان پێیان وایە کۆمەڵگەیەک کە لە رابردوودا بوەستێت و حوکمەکانی نوێنەکاتەوە، تووشی دواکەوتوویی دەبێت.
د. مورشید خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی، ئاماژە بەوە دەدات کە پێویستە سنوورێک لە نێوان حوکمی شەرعی و فیقهـدا هەبێت. ئەو دەڵێت "شەریعەت کە قورئان و سوننەتە، جێگیرە و ناگۆڕێت، بەڵام فیقهـ بەرهەمی عەقڵی مرۆڤە و دەبێت بەپێی کات و شوێن بگۆڕێت"، بە بڕوای ئەو، تەنانەت هاوەڵانی پێغەمبەریش (د.خ) لەسەر یەک دەق تێگەیشتنی جیاوازیان هەبووە و پێغەمبەریش رێزی لێ گرتوون.
لەلایەکی دیکەوە، مامۆستا جاسم کەلاری، ماستەر لە فیقهی ئیسلامی، جەختدەکاتەوە کە ئیشتیهاد و لێکدانەوەی دەقەکان نەک هەر رێپێدراوە، بەڵکو ئەرکێکی واجبە لەسەر زاناکان. ئەو دەڵێت "خودا قورئانی بۆ ئەوە ناردووە بیربکەینەوە، ناکرێت بارودۆخی ژیان بگۆڕێت و ئێمە هەر لەسەر راکانی هەزار ساڵ پێش ئێستا بمێنینەوە."
د. محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی، لە روانگەیەکی زانستییەوە دەڕوانێتە بابەتەکە و پێی وایە تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ چەمکەکانی وەک تاوان و سزا گۆڕاوە، ئەو وەک نموونە باسی ماددە هۆشبەرەکان دەکات و دەڵێت "جاران ئالوودەبوویەک وەک تاوانبار دەبینرا، بەڵام ئێستا زانست پێمان دەڵێت ئەو کەسە نەخۆشە و پێویستی بە چارەسەرە." ئەو پسپۆڕە دەروونییە هۆشداری دەدات کە "ئەگەر تێگەیشتنی مرۆڤ لە جێگەیەک بوەستێت، ئەوا دواکەوتووە"، ئەو پێیوایە کە بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە، جۆری تاوانەکان گۆڕاون و پێویستە سزا و یاساکانیش بەو ئاراستەیەدا بگۆڕدرێن تاوەکو کەرامەتی مرۆڤ پارێزراو بێت.
لە کۆتاییدا میوانانی بەرنامەکە کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە نوێنەرانی گەل لە پەرلەماندا بەرپرسیارن لە داڕشتنی یاسایەک کە لەگەڵ سەردەمدا بگونجێت. ئەوان پێیانوایە نابێت فیقهی زانایەکی کۆن وەک ئەمری خودا بخرێتە ناو یاساکانەوە، بەڵکو دەبێت بە عەقڵێکی کراوە و بە رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی مرۆڤی ئەمڕۆ، یاساکان دابڕێژرێنەوە. ئەم مشتومڕە لە کاتێکدایە، کە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدان بۆ هێنانەدیی تەبایی لە نێوان دەقە ئایینییەکان و پێویستییەکانی ژیانی هاوچەرخدا.
بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان.
پێشکێشکار: دەروون گێژەن
پرۆدیوسەر: سەنگەر ستار
کاتی پەخش: 22:00