کارکردنی ژنان لە نێوان دەقی ئایینی و واقیعی کۆمەڵایەتیدا

کارکردنی ژنان لە نێوان دەقی ئایینی و واقیعی کۆمەڵایەتیدا

ئایا ئیسلام رێگرە لەبەردەم کارکردنی ژنان و چالاکبوونیان لە کایە جیاوازەکاندا، یان ئەوەی هەیە تەنیا تێگەیشتنی فقهی و کۆسپە نەریتییەکانە؟ ئەمە مژاری سەرەکی گفتوگۆیەکی کراوەی باوەڕنما بوو کە تێیدا کۆمەڵێک پسپۆڕی بواری شەریعەت، یاسا و دەروونناسی، تیشکیان خستە سەر رەهەندە جیاوازەکانی کارکردنی ئافرەت لە نێو کۆمەڵگەی موسڵماندا.

د. هەڵاڵە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە سەرەتای گفتوگۆکەدا بە گەڕانەوە بۆ مێژووی سەرهەڵدانی ئیسلام، چەندین نموونەی وەک بەڵگەی رێپێدراوی کارکردنی ژنان هێنایەوە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە دایکە خەدیجە گەورەترین بازرگانی سەردەمی خۆی بووە و دایکە عائیشەش رۆڵی سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازی بینیوە. د. هەڵاڵە جەختی کردەوە کە ئەو ژنانەی شانبەشانی پیاو کار دەکەن بێ رێز نین، بەڵکو ئیسلام وەک مرۆڤێکی بەرپرسیار تەماشای دەکات و تەنانەت لە جەنگەکانیشدا وەک پزیشک و شەڕڤان بەشدارییان کردووە."

لە بەرامبەردا، د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی، جیاکارییەکی وردی لە نێوان ئیسلام وەک ئایین و فیقهـ وەک تێگەیشتنی مرۆڤ کرد. خەزنەوی دەڵێت "ئیسلام پشتگیری لە مافی ژنان دەکات، بەڵام زۆربەی فوقەهاکان بەهۆی تێگەیشتنیان بۆ هەندێک ئایەت، رێگرییان لە کاری ژن لە شوێنە گشتییەکان و پەرلەماندا کردووە"، ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دیدگایانە زیاتر رەنگدانەوەی کات و شوێن بوون، نەک حوکمێکی بڕاوەی خودایی.

پ. د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی، گۆشەنیگایەکی جیاوازی بۆ بابەتەکە هەبوو. ئەو پێیوایە مرۆڤایەتی لە قۆناخی راوکردن و کشتوکاڵییەوە بەرەو سەردەمی تەکنەلۆژیا و هۆشی زیرەک هەنگاوی ناوە. د. محێدین دەڵێت "چیتر ناتوانرێت بە عەقڵییەتی سەردەمی کشتوکاڵ کە تێیدا هێزی بازوو پێوەر بوو، حوکم بەسەر ژنی ئێستادا بدرێت"، ئەو جەختی کردەوە کە کارکردنی ژن ئێستا پەیوەستە بە کەرامەتی مرۆیی و پێویستییەکی کۆمەڵگەیە، نەک تەنیا کێبڕکێ لەگەڵ پیاو.

مامۆستا جاسم کەلاری، ماستەر لە فیقهی ئیسلامی، تیشکی خستە سەر ناکۆکییەکانی نێو هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی، ئەو رەخنەی لەو دیدگایە گرت کە رێگری لە خوێندن و کارکردنی کچان دەکات، کەچی کاتێک خێزانەکانیان نەخۆش دەکەون، داوا دەکەن تەنیا پزیشکی ژن بییانبینێت، مامۆستا جاسم گوتییشی "ئەگەر رێگری لە کچان بکەیت بچنە زانکۆ، چۆن پزیشک و مامۆستای ژنت بۆ دروست دەبێت؟" ئەو جەختی کردەوە کە ئیسلام واجبی کردووە پیاو بژێوی دابین بکات، بەڵام هەرگیز کارکردنی لە ژن حەرام نەکردووە.

پسپۆڕان لە کۆتاییدا گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە کارکردنی ژن نەک هەر پێویستییەکی ئابوورییە، بەڵکو پێویستییەکی ئەمنی و مەدەنییە، هەبوونی ژن لە کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە و تەنانەت پۆلیس و تێرمیناڵەکان، یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی کەرامەتی ژنانی دیکە و رێگریکردن لەو هەستیارییە کۆمەڵایەتییانەی کە لە نەبوونی رەگەزی مێینەدا دروست دەبن.

بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان. 

 

کاتی پەخش: 22:00