دادپەروەری لەپێش لێخۆشبوونەوەیە
پسپۆڕانی ئایینی و دەروونی ئاگادارمان دەکەنەوە لەو لێخۆشبوونەی کە بەهۆی گوشاری خەڵک و بۆ خاتری کەسانی ناودار دەکرێت. ئەوان دەڵێن، ئەگەر لێخۆشبوونەکە بێ مەرج بێت و پێش ئەوەی دادگا بڕیاری خۆی بدات، دەبێتە هۆی ئەوەی تاوان و ستەمکاری زیاتر بێت.
لەنێو کۆمەڵگەی موسڵماناندا، زۆرجار کاتێک دوو ئۆتۆمبێل لەیەک دەدەن یان کێشەیەکی کۆمەڵایەتی روودەدات، خەڵکێکی زۆر کۆدەبنەوە و دەڵێن "قەزا و قەدەر بوو، لێی خۆش ببە" و بەم شێوەیە کێشەکە تەواو دەبێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئەم لێخۆشبوونە کارێکی دروستە یان ناچارکردنی کەسی ستەملێکراوە بۆ ئەوەی لە مافی خۆی خۆش بێت؟ ئەم بابەتە لە بەرنامەی "باوەڕنما" بە بەشداریی پسپۆڕانی ئایینی و دەروونناسی تاوتوێ کرا.
د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، کە دکتۆرای لە شەریعەتی ئیسلامدا هەیە، رایگەیاند کە لێخۆشبوون هەمیشە کارێکی باش نییە. ئەو گوتی، "لە ئیسلامدا لێخۆشبوون 3 حاڵەتی هەیە؛ ئەگەر ببێتە هۆی ئەوەی کەسی ستەمکار چاک بێت، ئەوا کارێکی باشە. بەڵام ئەگەر وای لێبکات لە ستەمەکەی بەردەوام بێت، ئەو کاتە لێخۆشبوون کارێکی خراپە." خەزنەوی، نموونەی بەو کەسانە هێنایەوە کە خاوەن دەسەڵاتن و پشتیان هەیە و گوتی، "کاتێک کەسێک ستەم دەکات چونکە کوڕی بەرپرسێک یان شێخ و ئاغایەکە و خەڵک گوشار دەکەن لێی خۆش بن، ئەمە لێخۆشبوونێکی خراپە، چونکە تاوانبارەکە هان دەدات و دەڵێت کەس ناتوانێت لێم بپرسێتەوە."
پ. د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی، باسی لایەنە شاراوەکانی ئەم بابەتەی کرد و پێی وابوو زۆرجار ئەوەی روودەدات لێخۆشبوون نییە، بەڵکو لەبەر شەرم و ترسی خەڵکە. د. محێدین، گوتی، "ئێمە کێشەی شەرمکردنمان هەیە، زۆرجار بۆ ئەوەی خەڵک بە خراپە باسمان نەکات، لە مافی خۆمان خۆش دەبین. ئەم جۆرە لێخۆشبوونە مرۆڤ ئارام ناکاتەوە، چونکە لە دڵیدا پڕ دەبێت لە رق و کینە." ئەو هۆشیاری دا کە لێخۆشنەبوون لە هەندێک تاوانبار، کارێکی باش و رەوشتییە، چونکە بەزەیی هاتنەوە بە پڵنگ، ستەمکردنە لە مەڕەکان.
مامۆستا جاسم کەلاری، کە ماستەری لە شەریعەتی ئیسلامدا هەیە، رەخنەی لەو کارە گرت کە کێشە گەورەکان تەنیا بە ماچکردنی سەر یان ئاشتەوایی عەشایەری کۆتاییان پێ دێت. ئەو گوتی، "لە ئیسلامدا لێخۆشبوون مەرجی قەرەبووکردنەوەی هەیە. ناکرێت کەسێک بکوژرێت و تەنیا بە قسەیەک بابەتەکە تەواو ببێت و منداڵەکانی بێ سەرپەرشت و هەژار بن." کەلاری، جەختی کردەوە کە دەبێت تاوانبارەکە داوای لێبووردن بکات و هەموو مافە ماددی و مەعنەوییەکانی کەسی ستەملێکراو بداتەوە، نەک بە گوشاری کەسانی ناودار لە سزا رزگاری بێت.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، باسی گرنگیی لێخۆشبوونی دەروونی کرا. مەبەست لێی ئەوە نییە خزمەت بە تاوانبارەکە بکرێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە کەسی ستەملێکراو لە رق و کینە رزگاری بێت. د. محێدین خانی، نموونەی بە گەلی ژاپۆنی هێنایەوە کە دوای بۆردوومانی ئەتۆمی، توانییان لە رووی دەروونییەوە لەو رقە رزگاریان بێت و وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە. ئەو گوتی، "بۆ قوربانیانی ئەنفال و هەڵەبجە، دادپەروەری 100% جێبەجێ نابێت، چونکە مردووەکان ناگەڕێنەوە. بۆیە لێرەدا پێویستیمان بە لێخۆشبوونێکی دەروونی هەیە تاوەکو خۆمان لەو ئازارە رزگار بکەین و بەرەو پێشەوە بڕۆین، بەڵام ئەمە مانای لەبیرکردنی تاوانەکە نییە."
بەشداربووانی بەرنامەکە کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە "دادپەروەری لەپێش لێخۆشبوونەوەیە". نابێت کۆمەڵگە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کەسی ستەملێکراو لە مافەکانی بێبەش بکرێت. هەر لێخۆشبوونێک کە لەژێر گوشاردا بکرێت، لە رووی یاسا و شەرعەوە جێگەی پرسیارە و لە رووی دەروونیشەوە تەنیا کێشەکان بۆ ماوەیەکی کاتی بێدەنگ دەکات.
بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان.
پێشکێشکار: دەروون گێژەن
پرۆدیوسەر: سەنگەر ستار
کاتی پەخش: 22:00