نیشتمانپەروەری و ئایین، ئایا کوردبوون و موسڵمانبوون دژبەیەکن؟
لە بەرنامەی ئەمجارەی باوەڕنمادا، تیشک خرایە سەر بابەتێکی هەستیار و جێگەی مشتومڕی ناو کۆمەڵگە، ئەویش پەیوەندی نێوان دینداری و نیشتمانپەروەرییە. پسپۆڕانی ئایینی و دەروونی لە بەرنامەکەدا جەختیان کردەوە کە نەک تەنیا ئایین دژی نیشتمانپەروەری نییە، بەڵکو خۆشویستنی خاک بەشێکی گرنگە لە باوەڕی مرۆڤی ئیماندار.
دکتۆر مورشید مەعشووق خەزنەوی، پسپۆڕی فیقهی ئیسلامی، بە راشکاوی رەخنەی لەو کەسانە گرت کە ئایین بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەکانی دیکە بەکاردەهێنن. ئەو گوتی "ئایینی ئیسلام نەهاتووە دژی نەتەوەکان بوەستێت، بەڵکو رێزی داوە بە هەموو نەتەوە و زمانەکان."
د. مورشید ئاماژەی بەوە کرد کە نەتەوە و زمان دیاری خودایە و مرۆڤ ناتوانێت نەتەوەکەی بگۆڕێت. هەروەها تیشکی خستە سەر بابەتێکی گرنگ و گوتی "بەپێی دەقی قورئانی پیرۆز، کوردستان سێیەم خاکی پیرۆزە لە دوای مەککە و قودس، چونکە خودا بە هەمان ئەو وشەی موبارەکەی کە بۆ مەککە و قودسی بەکارهێناوە، بۆ شوێنی نیشتنەوەی کەشتییەکەی حەزرەتی نووحیش (کە لەسەر چیای جوودیە لە کوردستان) بەکاریهێناوە."
لای خۆیەوە مامۆستا جاسم کەلاری، ماستەر لە فیقهی ئیسلامی، وەڵامی ئەو مشتومڕەی دایەوە کە دەڵێت "پێش ئەوەی موسڵمان بم کوردم". ئەو رایگەیاند کە ئەمە کێشەیەکی نییە و گوتی "ئێمە بە ویستی خۆمان ئیسلاممان هەڵبژاردووە، بەڵام کوردبوونمان فیتڕەتە، ئەگەر ئینگلیزیش بووینایە و حەقیقەتمان بناسیایە هەر ئیسلاممان هەڵدەبژارد."
مامۆستا جاسم هۆشداری دا لەو بۆچوونەی کە دەڵێت نیشتمان گرنگ نییە و گوتی "بە پێچەوانەوە، نیشتمان یەکێکە لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی پاراستنی ئایین، ئەو کەسەی نیشتمانی نەبێت، زۆر بە لاوازی دەتوانێت دینداری بکات"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە خودا لە قورئاندا رێگەی نەداوە دۆستایەتی ئەو کەسانە بکرێت کە مرۆڤ لە نیشتمانەکەی دەردەکەن.
پڕۆفیسۆر دکتۆر محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی پەروەردەیی، لە روانگەیەکی دەروونی و زانستییەوە سەیری بابەتەکەی کرد و نیشتمانی چواند بە دایک. گوتی "مرۆڤ جیناتی لە دایک و باوکی وەردەگرێت، بەڵام هەموو خانەکانی لە دایکەکەیەوە دروست دەبن، هەر بۆیە بەهەشت لەژێر پێی دایکدایە. نیشتمانیش بۆ مرۆڤ وەکو دایک وایە، زمان، کولتوور و هەستی لێ وەردەگرێت."
د. محەممەد خانی جەختی کردەوە کە مرۆڤ ناتوانێت نەتەوەکەی بگۆڕێت و پێویستە شانازی پێوە بکات، چونکە ئایین بەبێ زەوی و خاک دروست نابێت.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، میوانەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە تێڕوانینی شۆڤینییانەی هەندێک لە نەتەوە دەسەڵاتدارەکان لە ناوچەکەدا، وای کردووە ئایین بە جۆرێک تەفسیر بکرێت کە نەتەوەی کورد پشتگوێ بخرێت. بەرنامەکە بەو پەیامە کۆتایی هات کە پاراستنی زمان، خاک و نەتەوە نەک تەنیا کوفر نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئایینییە و خۆشویستنی نیشتمان نیشانەی ئیمانە.
بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان.