ئایین و نەتەوە لە روانگەی ئیسلامەوە
لەم بەرنامەیەی باوەڕنمادا، چەمکی ئوممەتی ئیسلامی و پەیوەندیی نێوان ئایین و نەتەوە خرایەڕوو. بەرنامەکە بە گەنگەشەکردنی چەند پرسیارێکی راشکاوانە دەستیپێکرد، لەوانە: ئایا ئیسلام تەنیا بۆ نەتەوەی عەرەب هاتووە؟ ئایا زمانی عەرەبی لە زمانەکانی کوردی و ئیسپانی پیرۆزترە؟ هەروەها ئایا نەتەوە نا عەرەبەکان بە موسڵمانی پلە دوو دادەنرێن؟
مامۆستا جاسم کەلاری، وەکو یەکێک لە میوانە سەرەکییەکانی بەرنامەکە، تیشکی خستە سەر جیهانگیریی پەیامی ئیسلام و رایگەیاند کە خودا پێغەمبەرانی بۆ سەرجەم نەتەوەکان ناردووە. ناوبراو جەختی لەسەر فەرموودەی کۆتایی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) کردەوە کە دەفەرمووێت "هیچ عەرەبێک بەسەر غەیرە عەرەبێکدا هیچ رێز و گەورەیییەکی نییە، مەگەر بە تەقوا و لەخواترسان نەبێت." کەلاری روونیکردەوە کە پێگەی مرۆڤەکان لەسەر بنەمای کردەوەکانیان دیاری دەکرێت، نەک لەسەر بنەمای رەگەز و نەتەوەیان و گوتی "کوردێکی خواناس لە رۆژی دواییدا دەکرێت لە پێش عەرەبێکەوە بێت کە پابەندی ئایین نەبووبێت."
لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر مورشید مەعشووق خەزنەوی، خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانەی بۆ مێژووی فیقهی سیاسیی ئیسلامی پێشکێش کرد. خەزنەوی ئاشکرای کرد کە لەناو زۆرینەی مەزهەبە سوننییەکاندا (شافعی، حەنەفی، مالیکی و حەنبەلی) مەرج دانراوە کە پێویستە ئیمام و خەلیفە لە نەتەوەی عەرەب و لە هۆزی قوڕەیش بێت. بە بڕوای ناوبراو، ئەم تێڕوانینە بووەتە هۆی ئەوەی رۆڵی نەتەوەکانی دیکە وەکو کورد، لە کایەی سیاسیی باڵای جیهانی ئیسلامیدا سنووردار بکرێت. خەزنەوی هەروەها رەخنەی لەو پیرۆزکردنە گرت کە بۆ زمانی عەرەبی دەکرێت و پێی وابوو کە هەندێک فەرموودەی هەڵبەستراو بۆ ئەم مەبەستە بەکارهێنراون، لە کاتێکدا زمانی عەرەبی وەکو هەر زمانێکی دیکە، تەنیا ئامرازێک بووە بۆ گەیاندنی پەیام.
پڕۆفیسۆر دکتۆر محێدین محەممەد خانی، لە گۆشەنیگایەکی زانستی و فەلسەفییەوە لە گفتوگۆکەدا بەشدار بوو. ناوبراو جیاوازیی لە نێوان پەیام و زماندا کرد و رایگەیاند "پەیامەکە پیرۆزە کە داوای چاکەکاری دەکات، نەک ئەو زمانەی کە پەیامەکەی پێ دەگەیەنرێت." خانی نموونەی بە زانستی بیرکاری هێنایەوە کە لە هەموو جیهاندا یەک راستیی هەیە، بەڵام بە زمانی جیاواز دەردەبڕدرێت. ناوبراو هۆشداریشی دا لەوەی کە سەپاندنی یەک زمان یان یەک شێوەزار بەسەر ئەوانی دیکەدا دەبێتە هۆی لاوازبوونی کولتوور و زمانەکانی دیکە و گوتی "لە چەمکی ئوممەتدا پەیامەکە گرنگە، نەک زاڵبوونی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەیەکی دیکەدا."
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، مامۆستا جاسم کەلاری و دکتۆر مورشید خەزنەوی لەسەر پرسی خەلیفەی کورد رووبەڕووی یەک بوونەوە. لە کاتێکدا کەلاری هەوڵی دەدا ئەوە روونبکاتەوە کە لەناو فیقهدا بۆچوونی دیکە هەن کە رێگە بە ئەوانە دەدەن کە قوڕەیشی نین ببنە خەلیفە، دکتۆر مورشید پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە دەقە کلاسیکییەکانی فیقهی سیاسی رێگرن لەوەی کوردێک ببێتە خەلیفەی گشتیی موسڵمانان.
بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان.
کاتی پەخش: 22:00