قەرز و سووی بانکی لەنێوان پێویستیی ژیان و شەریعەتدا

قەرز و سووی بانکی لەنێوان پێویستیی ژیان و شەریعەتدا

لە بەرنامەیەکی نوێی باوەڕنمادا مژاری قەرز و سووی بانکی خرایە بەرباس، لە کاتێکدا قەرزدانی نێوان مرۆڤەکان بەهۆی بێمتمانەیی و هەڵاوسانی ئابوورییەوە بەرەو نەمان دەچێت، بانکەکان بوونەتە تەنیا جێگرەوە، بەڵام پرسی ریبا و سوو بووەتە کێشەیەکی گەورە لەبەردەم هاونیشتمانییان.


لە سەرەتای بەرنامەکەدا، پ. د. محەمەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی، ئاماژەی بەوە کرد کە قەرزدان لەناو کۆمەڵگەدا بە پیاوەتی دەستپێدەکات و زۆرجار بە ناپیاوەتی و شەڕ و دادگا کۆتایی دێت، ئەو گوتی "پێشتر مرۆڤەکان زیاتری چاکەیان دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی گۆڕانی پێداویستییەکانی ژیان و بێوەفایی قەرزدارەکان، خەڵک جورئەتی قەرزدانیان نەماوە.“ دکتۆر محەمەد خانی روونیکردەوە کە بانکەکان ئەو بۆشاییە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەیان پڕکردووەتەوە کە بەهۆی نەمانی متمانەوە دروستبووە، بەڵام بە مەرجی سوو و قازانج کە ئەمەش باری دارایی هەژاران قورستر دەکات.

د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی، باسێکی قووڵی زانستیی لەسەر گرنگیی پارە کرد، ئەو ئاماژەی بەوە دا کە لە فیقهی کۆندا ریبا لە زێڕ و زیودا بووە، بەڵام سەبارەت بە پارەی کاخەز (دینار و دۆلار) جیاوازیی لەنێوان زانایاندا هەیە. دکتۆر مورشید دەڵێت "هەندێک لە زانایان پێیان وایە پارەی کاخەز ریبای تێدا نییە، چونکە وەک زێڕ و زیو بەهاکەی لە خودی خۆیدا نییە و بە رێسا و یاسای حکومەت بەهای پێدەدرێت." ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک لە بانکە ئیسلامییەکان بە پشتبەستن بەم تێڕوانینە زانستییانە کار دەکەن بۆ ئەوەی رێگەیەک بۆ هاوکاریی خەڵک بدۆزنەوە بێ ئەوەی بکەونە ناو ریبای حەرامکراو.

لە بەرامبەردا، مامۆستا جاسم کەلاری، ماستەر لە فیقهی ئیسلامی، جەختی لەسەر حەرامبوونی ریبا کردەوە و گوتی "ناکرێت بە ناوی زەروورەتەوە ریبا حەڵاڵ بکرێت، مەگەر لە حاڵەتێکدا کە مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ هەبێت.“ ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسلام جێگرەوەی بۆ قەرز و سوو داناوە، وەک "مورابەحە" کە تێیدا بانک کاڵاکە دەکڕێت و بە قازانجێکی دیاریکراو بە کڕیارەکەی دەفرۆشێتەوە. جاسم کەلاری هۆشداری دا لەوەی کە سووی بانکی دەبێتە هۆی دروستبوونی چینایەتی و کۆیلایەتیی نوێ لەناو کۆمەڵگەدا و کەرامەتی مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە.

دکتۆر محەمەد خانی لایەنێکی دیکەی ئابووریی وروژاند، ئەویش پرسی هەڵاوسان بوو. ئەو گوتی "کاتێک من سێ هەزار دۆلار دەدەم بە هاوڕێیەکم و ساڵێکی دیکە بۆم دەهێنێتەوە، بەهای ئەو پارەیە دابەزیوە و من زیانم کردووە." ئەو پێشنیازی کرد کە بۆ پاراستنی مافی قەرزدەر، باشترە قەرزەکان بە زێڕ یان شتێک بێت کە بەهاکەی جێگیر بێت، تاوەکو قەرزدەر ستەمی لێ نەکرێت و هانی خەڵکیش بدرێتەوە بۆ کاری چاکە.

میوانانی بەرنامەکە لە کۆتاییدا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە پرسی مامەڵە بانکییەکان پرسێکی ئاڵۆزە و پێویستی بە دانیشتنی هاوبەشی زانایانی ئایینی، ئابووریناسان و دەروونناسان هەیە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکی گونجاو کە لەگەڵ ژیانی سەردەمدا بگونجێت.

بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان. 

پێشکێشکار: دەروون گێژەن

پرۆدیوسەر: سەنگەر ستار

کاتی پەخش: 22:00