عیبادەت لەبەردەم کامێرا

عیبادەت لەبەردەم کامێرا

لەم رۆژگارەدا کە هەموومان مۆبایلمان پێیە، سنوورێکی زۆر باریک لەنێوان عیبادەتی راستەقینە و نمایشکردندا هەیە. لە مانگی رەمەزاندا، پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە: ئایا ئێمە بۆ خودا بەڕۆژوو دەبین، یان بۆ ئەوەی خەڵک لە سۆشیاڵ میدیا لایک و کۆمێنت بنووسن و پێمان بڵێن "ئافەرین"؟

بەرنامەی "باوەڕنما"، لەگەڵ چەند پسپۆڕێکی ئایینی و دەروونناس، باسی لەم دیاردەیە کرد کە لە سۆشیاڵ میدیادا زۆر باو بووە. دیاردەکە ئەوەیە کە پەرستش لە کارێکی رۆحییەوە بووەتە شتێک بۆ خۆدەرخستن لەسەر ئینتەرنێت.

مامۆستا جاسم کەلاری، کە ماستەری لە فیقهی ئیسلامیدا هەیە، ئەو کەسانەی بە "فریشتەکانی فەیسبووک" ناوبرد کە پڕۆفایلەکانیان پڕە لە پۆستی ئایینی و باسی خودا، بەڵام لەوانەیە لە ژیانی ئاسایی خۆیاندا بەو شێوەیە نەژین. کەلاری، چیرۆکێکی کاریگەری گێڕایەوە و گوتی: "پیاوێک لە مزگەوتدا بە گریانێکی زۆرەوە کڕنۆشی دەبرد، چونکە وای دەزانی کەسێک لە دواوە سەیری دەکات. کاتێک ئاوڕی دایەوە، بینی تەنیا سەگێک لە پشتییەوە بوو. کەواتە ئەو هەموو گریانەی بۆ سەگەکە بووە، نەک بۆ خودا." ئەم چیرۆکە ئەوەمان پێ دەڵێت کە کاتێک مرۆڤ عیبادەت بۆ ئەوە دەکات خەڵک بیبینێت، ئەگەری هەیە لە رۆژی دواییدا هیچ پاداشتێکی بۆ نەمێنێتەوە و تەنیا وەکو نمایشێک بۆی هەژمار بکرێت.

د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، پسپۆڕی فیقهی ئیسلامی، جەختی لەوە کردەوە کە جوانیی رۆژوو لەوەدایە کە بە نهێنی ئەنجام بدرێت. ئەو گوتی: "ئیخلاس و نیازی پاک، کلیلی رزگاربوونە." خەزنەوی، ئاماژەی بەوەش کرد کە گریان و پاڕانەوە لەبەردەم کامێرا لە کاتی حەج و عومرە، بەها و شکۆی ئەو پەرستشە کەم دەکاتەوە. ئەو پێی وایە مرۆڤ دەبێت "کارێکی چاکی هەبێت کە تەنیا خودا و خۆی بیزانن،" نەک هەموو پەرستشەکانی وێنە و ڤیدیۆ بگرێت بۆ ئەوەی خەڵک بیبینێت.

پ. د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی، روونیکردەوە کە مرۆڤ بە سرووشتی خۆی حەزی لەوەیە خەڵک دەستخۆشی لێ بکات. سۆشیاڵ میدیاش وای لە مرۆڤ کردووە کە ئالوودەی لایک و کۆمێنتەکان بێت. دکتۆر خانی، چیرۆکی پیاوێکی گێڕایەوە کە لە گوندێکی دوورەدەستدا لەسەر 20 بەرماڵی جیاواز نوێژی دەکرد، تەنیا لەبەر ئەوەی دەیگوت "با بەرماڵەکان هەست بە تەنیایی نەکەن." ئەو گوتی: "ئەمەیە پەرستشی راستەقینە، چونکە کەسی لێ نییە لایکی بۆ بکات یان وێنەی بگرێت." خانی، هۆشداری دا کە ئەگەر مرۆڤ تەنیا بۆ نمایش کار بکات، ئەوا سێ جۆر درۆ دەکات: درۆ لەگەڵ خۆی، درۆ لەگەڵ خەڵک و درۆ لەگەڵ خودا.

هەموو میوانەکانی بەرنامەکە لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ئامانجی رۆژوو ئەوەیە مرۆڤ زیاتر لە خۆی و لە خودا نزیک ببێتەوە، نەک بۆ ئەوەی خۆی بۆ خەڵک دەربخات. لەم سەردەمەدا کە پڕە لە شاشە و خۆنواندن، پاراستنی نیازی پاک و راستگۆیی لە پەرستشدا، یەکێکە لە گەورەترین ئەرکەکان لەسەرشانی مرۆڤی باوەڕدار.

بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان. 

 

کاتی پەخش: 22:00