ئایا رۆژوو تەنیا برسییەتییە یان قوتابخانەیەک بۆ بونیادنانەوەی مرۆڤ؟

ئایا رۆژوو تەنیا برسییەتییە یان قوتابخانەیەک بۆ بونیادنانەوەی مرۆڤ؟

لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان، جارێکی دیکە پرسیاری جەوهەری دەربارەی حیکمەت و فەلسەفەی رۆژووگرتن دەبێتەوە رۆژەڤ، لە بەرنامەی ئەمجارەی باوەڕنمادا کە تایبەت بوو بە ئامانجی رۆژووگرتن و کاریگەریی لەسەر رۆحی رۆژووەڤان و موسڵمانان بەگشتی، هەروەها بۆچی زۆرجار رۆژوو لە مانایەکی رۆحییەوە دەگۆڕێت بۆ رەفتارێکی کۆمەڵایەتیی رووت و بێ کاریگەری؟

رۆژوو؛ پەرستشێکی دوور لە ریایی
مامۆستا جاسم کەلاری، تیشکی خستە سەر لایەنە نهێنییەکانی رۆژوو و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پەرستشە لە پەرستشەکانی دیکە جیاوازە، دەڵێت"رۆژوو تەنیا عیبادەتێکە کە دەرفەتی ریایی و خۆدەرخستنی تێدا نییە، چونکە تەنیا لەنێوان مرۆڤ و خودادایە. مرۆڤ دەتوانێت لە شوێنە چۆڵەکاندا رۆژووەکەی بشکێنێت، بەڵام کە خۆی دەگرێت، ئەوە نیشانەی پەیوەندییەکی بەردەوام و راستەوخۆیە لەگەڵ خودا"، ئەو جەختی کردەوە کە رەمەزان دەبێت ببێتە قەڵغان بۆ مرۆڤ تاوەکو لە پاشەڕۆ و پۆخڵەواتەکانی دونیا پاکببێتەوە و پەیوەندییە روحییەکانی نوێبکاتەوە.

د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی، بە دیدێکی رەخنەگرانەوە سەیری دۆخەکەی کرد و جیاوازیی کرد لەنێوان فقهی تەکنیکی و فقهی مەقسەدی. ئەو رایگەیاند زۆرجار مامۆستایانی ئایینی تەنیا باسی ئەوە دەکەن چی رۆژوو دەشکێنێت، بەڵام فەلسەفەی راستەقینەی رۆژوو کە تەقوایە پشتگوێ دەخرێت. د. خەزنەوی گوتی "رۆژوو ئامانج نییە، بەڵکو وەسیلەیەکە بۆ گەیشتن بە تەقوا، ئەگەر رۆژوو نەبێتە هۆی کۆنترۆڵکردنی زمان، دەست و ناخی مرۆڤ، ئەوا ئەو رۆژووە تەنیا برسییەتییەکی بێ مانایە". ئەو ئاماژەی بە فەرموودەکان کرد کە دەڵێن خودا پێویستی بە تینوێتیی ئەو کەسە نییە کە قسەی ناڕەوا و کردەوەی خراپ تەرک ناکات و گوتیشی "تەقوا واتە بوونی فیوزێک یان کۆنترۆڵێک لە ناوەوەی مرۆڤدا کە رێگری لێ بکات لەوەی سنوورەکان ببەزێنێت."

لە روانگەی دەروونناسییەوە، پرۆفیسۆر، د. محێدین محەممەد خانی شیکارییەکی قووڵی بۆ کەسایەتیی مرۆڤ لە کاتی رۆژوودا کرد، ئەو ئاماژەی بەوە دا کە مرۆڤ لەنێوان سێ جەمسەری کەسایەتیدا دەژی: بەشە ئاژەڵییەکە کە داوای تێرکردنی غەریزەکان دەکات، بەشە باڵاکە کە نوێنەرایەتیی ئەخلاق و دین دەکات. د. محێدین گوتی "رۆژوو تاقیکردنەوەیەکە بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵی ناوەکی. کاتێک تۆ خواردن و ئاوی حەڵاڵ لەبەرچاوتە و دەتوانیت بیخۆیت، بەڵام نایخۆیت، تۆ خەریکی بەهێزکردنی ئیرادەی خۆتیت"، ئەو هۆشداریی دا کە ئەگەر مرۆڤ تەنیا لەبەر چاوی خەڵک یان وەکو نەریتێکی کۆمەڵایەتی رۆژوو بگرێت، ئەوا هیچ گۆڕانکارییەکی دەروونیی تێدا روونادات، گۆڕانکاریی راستەقینە ئەو کاتەیە کە مرۆڤەکە لە ناوەوە بڕیار بدات و دوای 30 رۆژ، شوێنەوارەکانی ئەو خۆڕاگرییە لە رەفتارەکانیدا رەنگبداتەوە.

یەکێک لە خاڵە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی گفتوگۆکە، تێبینییەکانی دەروون گێژەن بوو لەسەر رەفتاری رۆژانەی خەڵک، ئەو پرسیاری کرد "بۆچی مانگی رەمەزان کە مانگی ئارامییە، کەچی پێنج خولەک پێش بانگ دەبێتە شەڕە هۆڕن و بێسەبرییەکی زۆر لە شەقامەکاندا دەبینرێت؟ وەڵامی بەشداربووان ئەوە بوو کە ئەمە نیشانەی ئەوەیە رۆژووەکە نەچووەتە ناو قووڵایی دەروونی تاکەکانەوە، ئەوانەی تەنیا بە جەستە برسین و مێشکیان لەسەر خواردنە، ناتوانن ئەو ئارامییە دەستەبەر بکەن کە رۆژوو دەیبەخشێت.

بەشداربووانی بەرنامەکە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە رۆژوو تەنیا دوورکەوتنەوە نییە لە خواردن و خواردنەوە، بەڵکو مەشقکردنە لەسەر ئازادی، ئازادبوون لە کۆت و بەندی غەریزەکان، ئەگەر مرۆڤ بتوانێت لەو 30 رۆژەدا سەرکەوتن بەسەر ئارەزووە حەڵاڵەکانیدا بهێنێت، ئەوا لە دوای رەمەزان زۆر بە ئاسانی دەتوانێت بەسەر ئارەزووە حەرامەکانیشدا سەربکەوێت.

وەک دکتۆر محێدین کۆتایی پێهێنا "ئەگەر دوای مانگێک کێشت دانەبەزیبێت یان رەوشتت نەگۆڕابێت، بزانە کە تۆ یەکەم کەس بوویت درۆت لەگەڵ خۆت کردووە."

 

بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان. 

کاتی پەخش: 22:00