گرنگیی وەفا و وەفاداری لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا
لەم بەرنامەیەی باوەڕنمادا، لە روانگەی ئایین، دەروونناسی و مێژووەوە قسە لەسەر وەفا و وەفاداری کرا. میوانەکان جەختیان کردەوە کە وەفا تەنیا قسە نییە، بەڵکو پێوەرێکە بۆ ئەوەی مرۆڤی باش لە مرۆڤی خراپ جیابکرێتەوە.
د. بوشرا کەسنەزانی، مامۆستای زانکۆ، بە هێنانی نموونەی شیعرێکی مەحوی، باسی لە گرنگیی وەفا کرد و گوتی "وەفا فەرمانێکی خودایە و لە سەرووی هەموو رەوشتێکەوەیە". ئەو گوتی یەکەم پەیمانی وەفاداری لەنێوان خودا و مرۆڤدا بووە، بۆیە هەر بێوەفاییەک بەرامبەر مرۆڤەکان، بێڕێزییە بەرامبەر ئەو پەیمانەی خودا. د. بوشرا، رەخنەی لە هەندێک رەفتاری ناو کۆمەڵگەی کوردی گرت و گوتی "بێوەفاییەکی گەورەیە پیاوێک لەناو خەڵکدا باسی خراپیی ژنەکەی بکات. پیاوێکی وا سبەی بەرامبەر کۆمەڵگەش بێوەفا دەبێت". ئەو هەروەها باسی ژنانی گەرمیان و ئەنفال کرد کە چەندین ساڵە چاوەڕێی هاوسەرە بێسەروشوێنەکانیان دەکەن و گوتی "ئێمە لەوانەوە فێری وەفا بووین".
پ. د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی، گوتی "وەفا پەیوەندی بە هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسینەوە هەیە کە متمانە دروست دەکات". خانی روونیکردەوە کە بێوەفایی زۆرجار لە "نەخۆشیی خۆبەزلزانی"یەوە دێت، کاتێک مرۆڤ پێی وایە هەموو دونیا قەرزاری ئەون و چاکەی خەڵک بە ئەرک دەزانێت. د. خانی، باسی لە گرنگیی یادەوەری کرد و گوتی "وەفا لە یادگەدایە، هەر کەسێک چاکەی خەڵکی لەیاد بچێت، دەبێتە مرۆڤێکی بێوەفا". ئەو گوتیشی وەفاداری بۆ نیشتمان لە پاکڕاگرتنی ژینگەکەیەوە دەست پێدەکات. داوای کرد لە کاتی جیابوونەوەی هاوژینان یان هاوڕێیان، رێزی یەکتر بگرن و نهێنییەکان بپارێزن، چونکە ئاشکراکردنیان گەورەترین بێوەفاییە.
مامۆستا جاسم کەلاری، پسپۆڕی فیقهی ئیسلامی، چیرۆکی سەماوەلی جووی گێڕایەوە کە ئامادەبوو کوڕەکەی بکوژرێت، بەڵام خیانەت لەو ئەمانەتە نەکات کە لای بوو. کەلاری گوتی "وەفا بابەتێکی ویژدانییە و ئایین زۆر گرنگی پێدەدات". هەروەها ئاماژەی بە ئایەتێکی قورئان کرد سەبارەت بە تەڵاق و گوتی "خوای گەورە دەفەرموێت ئەگەر لە یەکیش جیابوونەوە، چاکییەکانی رابردوو لەبیر مەکەن".
د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، پسپۆڕی فیقهی ئیسلامی، ئاماژەی بەوە کرد کە وەفاداری سیفەتی پێغەمبەرانە و یەکێکە لە قورسترین تاقیکردنەوەکانی مرۆڤ. ئەو نموونەی بە پێغەمبەر محەممەد (د.خ) هێنایەوە کاتێک بە ئاشکرا خۆشەویستیی خۆی بۆ عائیشەی هاوژینی دەردەبڕی، کە ئەمەش نیشانەی ئازایەتی و ڕاستگۆییە.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، پێشکەشکار دەروون گێژەن هیوای خواست پەیامی وەفاداری بگاتە هەموو شوێنێکی کوردستان، بۆ ئەوەی وەفا ببێتەوە هۆی یەکگرتنەوەی کۆمەڵگەی کوردی.
بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان.
پێشکێشکار: دەروون گێژەن
پرۆدیوسەر: سەنگەر ستار
کاتی پەخش: 22:00