گوناهکردن بە نهێنی و بە ئاشکرا

گوناهکردن بە نهێنی و بە ئاشکرا

لە بەرنامەیەی باوەڕنمادا، تیشک خرایە سەر یەکێک لە هەستیارترین بابەتە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان، ئەویش پرسی ئەنجامدانی گوناهـ و هەڵەیە بە شێوازی نهێنی و ئاشکرا. لە بەرنامەکەدا کە هەریەکە لە پ. د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی، مامۆستا جاسم کەلاری، ماستەر لە فیقهی ئیسلامی و د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی، بەشدار بوون، بە وردی باسیان لە هۆکار و لێکەوتەکانی گوناهـ کرد.

لە سەرەتای بەرنامەکەدا، دەروون گێژەن، باسی لە گرنگیی پاڕانەوە کرد و گوتی: "ساڵی پار لە یەکێک لە بەرنامەکان باسمان کرد کە یەکێک لە باشترین نزاکان ئەوەیە بڵێین: خوایە زۆر سوپاست دەکەم کە ئەو گوناهانەی دەیکەم تەنیا تۆ دەیانزانیت و کەسی تر ئاگادار نییە. چونکە ئەگەر ئەو گوناهە ئاشکرا بێت، لەوانەیە ئابڕووی مرۆڤ بچێت، بەڵام خوای گەورە بۆتی دەشارێتەوە."

دەروون گێژەن، پرسیارێکی گرنگی لە میوانەکان کرد: "کاتێک هەڵەیەک دەکەین، باشترە بیشارینەوە یان باسی بکەین؟ ئەگەر بیشارینەوە کێشەی چییە و ئەگەر نەیشارینەوە چی دەبێت؟ چۆن دەتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین بەبێ ئەوەی ئابڕوومان بچێت؟"

پ. د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسی، لە وەڵامدا گوناهی بە شێوەیەکی زانستی پێناسە کرد و گوتی: "لە روانگەی ئایینەوە، گوناهـ ئەو کارەیە کە خودا قەدەخەی کردووە. بەڵام لە زانست و ئەخلاقیشدا سنوور هەیە. بۆ نموونە دزینی نووسینی زانستیی کەسێکی دیکە گوناهە. کاتێک مرۆڤ سنوورەکان دەبەزێنێت، یان بە نەزانییە کە گوناهێکی بچووکە، یان بە ئەنقەستە کە گوناهێکی گەورەیە." د. خانی، جیاوازیی نێوان گوناهی ئاشکرا و نهێنی روونکردەوە و گوتی: "لە گوناهی ئاشکرادا، یاسا و کۆمەڵگە سزات دەدەن و شەرم دەکەیت، بۆیە زۆرجار دووبارەی ناکەیتەوە. بەڵام گوناهی نهێنی خراپترە، چونکە پلانی بۆ دادەنێیت و لە خەڵکی دەشاریتەوە. گوناهی ئاشکرا ئابڕووی مرۆڤ دەبات، بەڵام گوناهی نهێنی کەسایەتیی مرۆڤ لەناوەوە دەڕووخێنێت و دەیکات بە کەسێکی بۆش."

سەبارەت بەوەی مرۆڤ چۆن بزانێت شتێک گوناهە، دکتۆر خانی گوتی: "عەقڵ پێمان دەڵێت مافی کەسی تر پێشێل نەکەین. هەر شتێک مافی ژیان و ئازادی لە کەسێک بسەنێتەوە، گوناهە. عەقڵ و ئەخلاق دەتوانن رێگری لە گوناهـ بکەن، تەنانەت ئەگەر ئایینیش نەبێت، چونکە مرۆڤ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی یاسا دادەنێت."

مامۆستا جاسم کەلاری، ماستەر لە فیقهی ئیسلامی، گوتی کە خوای گەورە حەز و ئارەزووی لە مرۆڤدا دروست کردووە بۆ ئەوەی ژیان بەردەوام بێت، بەڵام سنووریشی بۆ داناوە و گوتی: "خوای گەورە 3 رێگری داناوە: یەکەم ئایین، دووەم ناخۆشی و نەخۆشییەکان، سێیەم عەقڵ کە وا دەکات یاسا دابنرێت."

مامۆستا جاسم ئاماژەی بە فەرموودەیەکی پێغەمبەر (د.خ) کرد و گوتی: "پێغەمبەر دەفەرموێت خوای گەورە لە هەموو ئوممەتەکەم خۆش دەبێت، تەنیا ئەو کەسانە نەبێت کە بە ئاشکرا گوناهـ دەکەن و شانازیشی پێوە دەکەن. لە رۆژی قیامەتدا، خودا بەندەیەک بانگ دەکات و گوناهە نهێنییەکانی بەبیر دەهێنێتەوە. کاتێک بەندەکە دان بە هەموویاندا دەنێت، خودا پێی دەفەرموێت: لە دونیا بۆم شاردیتەوە و ئەمڕۆش لێت خۆش دەبم."

سەبارەت بە پرسیاری شاردنەوەی گوناهی رابردوو لە کاتی هاوسەرگیریدا، مامۆستا جاسم، گوتی "پێویستە مرۆڤ گوناهی رابردووی خۆی بشارێتەوە و باسی نەکات، تەنانەت بۆ هاوسەرەکەشی. لە ئیسلامدا باش نییە باسی رابردوو بکرێت و دەبێت داپۆشرێت. ئەگەر بەڵگەش نەبوو، کێشە نییە مرۆڤ بڵێت شتی وای نەکردووە بۆ ئەوەی ئابڕووی خۆی بپارێزێت."

دکتۆر مورشید خەزنەوی، کە دکتۆرای لە فیقهی ئیسلامیدا هەیە، بە شێوەزارێکی تێکەڵ لە بادینی و سۆرانی باسی لە بۆچوونی ئەهلی سوننە کرد و گوتی: "لای ئێمەی سوننە، گوناهـ بەپێی قورئان و فەرموودە دیاری دەکرێت. مرۆڤ بێ هەڵە نییە و تەنیا پێغەمبەران لە گوناهـ پارێزراون. هەموو مرۆڤێک هەڵە دەکات، بەڵام باشترین کەس ئەوەیە کە بە زوویی تەوبە دەکات."

دکتۆر مورشید جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە موسڵمانان دەبێت گوناهی یەکدی بشارنەوە و، باسی چیرۆکی مائیزی کرد کە هاتبووە لای پێغەمبەر بۆ ئەوەی دان بەوەدا بنێت زینای کردووە، بەڵام پێغەمبەر (د.خ) چەند جارێک رووی لێ وەرگێڕا، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە و تەوبە بکات و ئابڕووی نەچێت.

بەڵام دکتۆر مورشید، جیاوازییەکی گرنگی خستەڕوو و گوتی "ئەگەر گوناهەکە تاکەکەسی بێت، دەبێت بشاردرێتەوە، بەڵام ئەگەر گوناهەکە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە و وڵات هەبێت، وەکو خیانەت لە نیشتمان یان گەندەڵی، نابێت بشاردرێتەوە و دەبێت ئاشکرا بکرێت تاوەکو چارەسەر بکرێت."

دکتۆر محێدین محەممەد خانی، جارێکی دیکە جەختی لەسەر لایەنی دەروونی کردەوە و گوتی "یەکێک لە ئەرکەکانی ئێمە داپۆشینی هەڵە و گوناهی خەڵکە. کاتێک گوناهـ ئاشکرا دەبێت، ناشرینییەکەی نامێنێت و لەنێو کۆمەڵگەدا بڵاو دەبێتەوە. سەبارەت بە هاوسەرگیریش، رابردوو کۆتایی هاتووە. ئەگەر کەسێک تەوبەی کردبێت، واتە چیتر ئەو کارە دووبارە ناکاتەوە، بۆیە پێویست ناکات بە گێڕانەوەی رابردووی، هاوسەرەکەی ئازار بدات. مەولانا دەڵێت: خوای گەورە بەندەکانی خۆش دەوێت و گوناهەکانمان دادەپۆشێت، تۆ بۆچی ئاشکرای دەکەیت؟"

بەرنامەکە بەو پەیامە کۆتایی هات کە پاراستنی ئابڕووی مرۆڤەکان و هاندانیان بۆ تەوبەکردن و چاکەکاری، بنەمایەکی سەرەکییە هەم لە زانستی دەروونناسی و هەم لە ئایینی ئیسلامدا.

بەرنامەیەکی گفتوگۆیی سەرنجڕاکێشە. پێشکێشکاری دیاری رووداو دەروون گێژەن لەگەڵ چەند زانا و کەسایەتیی ئایینی گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەو مژار و بابەتانەی پەیوەستن بە ژیانی موسڵمانان لە کوردستان، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. ئامانج لە بەرنامەکە تیشکخستنەسەر ئەو بابەتانەیە کە بۆ موسڵمانان گرنگن. گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەنێوان چوار کەسایەتیی ئایینی ناسراوی کوردستان. 

 

کاتی پەخش: 22:00