هەڵسوکەوتی دکتۆرەکان لەگەڵ نەخۆش

06 September 2025
هەڵسوکەوتی دکتۆرەکان لەگەڵ نەخۆش

لە بەرنامەی ئەمجارەی دەروون دا باس لە هەڵسوکەوتی دکتۆرەکان لەگەڵ نەخۆش و جێبەجێکردنی ستانداردەکان و مافی نەخۆش کرا.
دکتۆر ئازاد خۆشناو، پزیشکی نەخۆشییە دەروونییەکان، د. رێبین مەحموود،

پسپۆری کارگێڕی تەندروستی، د. سۆلاڤ فەرەیدوون، پزیشکی ددان، روان عەبدولمەجید، توێژەری کۆمەڵایەتی و رێباز کاکل، مامۆستای زانکۆ میوانی بەرنامەکە بوون.

د. ئازاد خۆشناو، لە بەرنامەکەدا رایگەیاند کە پزیشکەکانیش "قوربانیی ئەو سیستەمەن" و هەڵقوڵاوی نێو ئەم کۆمەڵگەیەن. هەروەها گوتیشی:" ئەم دیاردەیە تەنیا لە کلینیکە تایبەتەکانی دکتۆرەکان نییە، بەڵکو لە نەخۆشخانە گشتییەکانیش وایە و ئێمە لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر لە کاژێر 8:30 بۆ 12:30 نزیکەی 129 نەخۆشمان بینیوە". هەروەها گوتیشی کە ئەمەش وادەکات "ئاستی زانستی، بڕیاردان و تێگەیشتنی پزیشک بێتە خوارەوە" و ئەگەری هەڵەی پزیشکی زیاد دەکات.  هاوکات، دکتۆر رێبین مەحموود، پسپۆڕی حوکمڕانیی تەندروستی، جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی یاسای مافی نەخۆش، "دوو نەخۆش نابێت پێکەوە بچنە ژووری پزیشک" و ئەگەر پزیشکێک ئەمە بکات، دەبێت لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت، ئەمەش مافێکی بنەڕەتیی نەخۆشە کە لە کوردستاندا زۆرجار پێشێل دەکرێت.
دکتۆر سۆلاڤ فەرەیدوون، پزیشکی ددان پێیوایە خودی نەخۆشەکان هۆکاری ئەم قەرەباڵخییەن، چونکە لێهاتوویی پزیشک بە قەرەباڵخیی نۆرینگەکەی دەبەستنەوە نەک زانستەکەی. بەڵام دکتۆر رێبین مەحموود جەخت دەکاتە سەر ئەوەی کە "قەت نابێت پەنجە بۆ نەخۆش درێژ بکرێت و هەمیشە ماف بە نەخۆش دەدرێت."
رێباز کاکل، مامۆستای زانکۆ، یەکێکی دیکە لە میوانەکانی بەرنامەکە، پێشنیازی ئەوە دەکات کە وەزارەتی تەندروستی پزیشکەکان ناچار بکات ژمارەی بینینی نەخۆش دیاری بکەن.
پشتگوێخستنی لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتیی نەخۆش و نەپاراستنی زانیارییە تایبەتییەکانیان، کێشەیەکی دیکەی گەورەیە. روان عەبدولمەجید، توێژەری کۆمەڵایەتی، دەڵێت، "نۆرینگە تەنیا شوێنی پشکنینی پزیشکی نییە، بەڵکو تۆڕێکی سەلامەتیی دەروونیشی لەگەڵە،" کە ئەم لایەنە لە کوردستاندا فەرامۆش کراوە. 

لە کۆتاییدا، پسپۆڕان کۆکن لەسەر ئەوەی کە سیستەمی تەندروستیی کوردستان "بێسەروبەرە" و پێویستی بە چاکسازیی ریشەیی هەیە. هەروەها ئاماژە بە بوونی "پەیوەندیی ناشەرعی لەنێوان نۆرینگەکان و دەرمانخانەکان" کرا، کە وادەکات دەرمانی ناپێویست بە نەخۆش بدرێت.