راستییە تاڵەکانی ژیانی بلوگەر و ئینفڵوەنسەرەکان و کاریگەرییان بەسەر خێزان و کۆمەڵگە

راستییە تاڵەکانی ژیانی بلوگەر و ئینفڵوەنسەرەکان و کاریگەرییان بەسەر خێزان و کۆمەڵگە

بەرنامەی دەروون پەردەی لەسەر مژارێکی هەستیاری ناو کۆمەڵگە لادا و تیشکی خستە سەر ئەو شەپۆلە لە رواڵەتگەرایی کە لە رێگەی ئینفڵوەنسەر و بلوگەرەکانەوە خەریکە شیرازەی خێزانەکان هەڵدەوەشێنێتەوە، میوانانی بەرنامەکە هۆشدارییان دا لەوەی کە چەند چرکەیەکی وێنەگیراوی سۆشیالمیدیا، تەنیا نمایشێکی هەڵبژێردراوە و نابێت ببێتە پێوەر بۆ بەراوردکردنی ژیانی راستی.

"چەند چرکەیەک نمایش، سەدان خێزانی وێران کردووە"

محەممەد گۆمەشینی، راوێژکاری خێزانی، وەک یەکێک لە میوانانی بەرنامەکە، زەنگی مەترسی لێدا و رایگەیاند کە لاساییکردنەوەی کوێرانەی خەڵک بۆ ژیانی بلوگەرەکان، بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی قووڵ لەنێوان هاوژینەکاندا، ئەو گوتی"ئەو نمایشە ساتییانەی کە بۆ ریکلام یان سەفەرێکی چەند رۆژە دەکرێن، وایکردووە خەڵک چێژی تایبەتی ژیانی خۆیان لەدەست بدەن"، گۆمەشینی داوای لە خێزانەکان کرد بە واقیعی خۆیان رازی بن و نەکەونە ژێر کاریگەریی وێنە رەنگاوڕەنگەکان.

فریوی وزەی ئەرێنی مەخۆن

شاهی حەمۆ، ئینفڵوەنسەر، لە گۆشەنیگای کارەکەی خۆیەوە باسی لە راستییەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هیچ هاوسەرگیرییەک لە جیهاندا بێ کێشە نییە، شاهی دەڵێت "وەک ئینفڵوەنسەرێک تەنیا لایەنە گەش و ئەرێنییەکان نیشان دەدەین، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ژیانی ئێمە بێ کێشەیە"، ناوبراو داوای لە خانمان کرد کە چاو لە ژیانی کەس نەکەن و جەختی کردەوە کە قەناعەت و رێز بنەمای بەختەوەریین، نەک ئەو دیاری و سوپرایزانەی تەنیا بۆ لایک و کۆمێنت نمایش دەکرێن.

پەردە لادان لەسەر سیناریۆکان، "پارە قەرز دەکەن بۆ ئەوەی ئەکتیڤ بن"

شکار کەریم، کە وەک فۆتۆگرافەر و ئینفڵوەنسەرێک لە ناو جەرگەی رووداوەکاندایە، هەندێک نهێنی پشت کامێرای ئاشکرا کرد. ئەو باسی لەوە کرد کە زۆرێک لەو دیمەنانەی دەبینرێن تەنیا سیناریۆن و گوتی"هەندێک کەس ئۆتۆمبێلی گرانبەها بە کرێ دەگرن یان پارە قەرز دەکەن بۆ گەشتکردن، تەنیا بۆ ئەوەی لە سناپچات بە ئەکتیڤی بمێننەوە"، شکار جەختی کردەوە کە خەڵک نابێت بە رەنگ و دیوی دەرەوەی بابەتەکان هەڵبخەڵەتێن.

تەنگژەی مرۆڤ لە سەردەمی سەرمایەداریدا

ئاهوورا کوردستانی، توێژەری ئەدەبی، لە روانگەیەکی فەلسەفییەوە شرۆڤەی بابەتەکەی کرد و پێی وابوو کە سیستمی سەرمایەداری حەزی خۆنمایشکردنی مرۆڤی بۆ مەرامی ماددی بەکار هێناوە، ئاهوورا ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرجار مرۆڤەکان ئەو شتانە نمایش دەکەن کە لە ژیانیاندا نییە و وەک قەرەبوویەک بۆ کەمکوڕییەکانیان پەنای بۆ دەبەن، ئەو رێگەی رزگاربوون لەم فشارە دەروونییەی سۆشیالمیدیای بۆ خودناسییەکی راستەقینە و گەڕانەوە بۆ بەها مرۆییەکان گەڕاندەوە.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، کاروان ئەژین و میوانانی دیکە کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە هۆشیاریی کۆمەڵگە تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت جیهانی گریمانەیی سۆشیالمیدیا، بەختەوەریی راستیی ناو ماڵەکان تێک بدات.

بەرنامەی دەروون رۆژانی شەممە کاژێر 22:00 پەخشدەبێت.