کەزی

31 January 2026
کەزی

لە بەرنامەی دەرووندا کەزی هۆنینەوە لە کولتووری کوردیدا و پاڵپشتی لە ژنانی کورد خرایە بەرباس و گفتوگۆ. لە بەرنامەکەدا ئاهوورا کوردستانی، توێژەری ئەدەبی؛ لاجان محەممەد، کۆمەڵناس و؛ ئاڤان جاف، چالاکڤانی مافی ژنان بەشداربوون.

تێیدا جەخت لەوە کرایەوە کە کەزی تەنیا شێوازێکی جوانکاریی قژ نییە، بەڵکو رەهەندێکی کولتووری و بەرخۆدان و ناسنامەی ژنی کوردە.

ئاڤان جاف، چالاکڤانی مافی ژنان رایگەیاند، ترێندی کەزی شتێک نییە تەنیا بۆ ماوەیەک لە سۆشیاڵمیدیا بمێنێتەوە، بەڵکو مانایەکی قووڵتری هەیە. هەروەها گوتیشی، "کەمپەینی کەزی دەنگی ژنانی کورد بوو بۆ جیهان".

ئەو چالاکڤانە رەخنەی لەو بۆچوونە گرت کە دەگوترێت "نەوەی نوێ نیشتمانپەروەر نین" و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو قسەیە بەبێ هیچ داتایەک دەکرێت.

ئاهوورا کوردستانی، توێژەری ئەدەبی، ئاماژەی بەوە کرد کە لای کورد جەستە پیرۆزە و قژ لە پلەیەکی باڵای ئەو پیرۆزییەدایە.

هەروەها گوتی: "لە ئایینی یارسان و ئێزدیدا سمێڵ بۆ پیاو و کەزی بۆ ژن پیرۆزە." ئەو توێژەرە ئەوەشی خستەڕوو کە مێژووی حیزب لە کوردستاندا بە بەراورد بە دۆزی کورد نوێیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پڕە لە دەستکەوت و سەروەری.

لاجان محەممەد، کۆمەڵناس، باسی لەوە کرد کە ژنانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەرگری لە نیشتمان و کەرامەتی خۆیان دەکەن.

ئەو گوتیشی، "کە دەوڵەتت نەبێت، هەمیشە لەژێر مەترسی و دڵەڕاوکێدایت" و جەختی لەوە کردەوە کە مرۆڤ بۆی نییە لە نیشتمان تووڕە ببێت، چونکە لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.

ئەو کۆمەڵناسە بە پێویستیشی زانی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا وەلا بنرێن.