مرۆڤ یان مارکە؛ کێ بەها بە ئەویتر دەبەخشێت؟
لە بەرنامەی ئەمجارەی دەرووندا، تیشک خرایە سەر پرسێکی هەستیاری کۆمەڵایەتی و دەروونی، ئایا مرۆڤ نرخ بە شتەکان دەدات، یان کاڵا و مارکەکان بەها بە مرۆڤ دەبەخشن؟ لە بەرنامەکەدا پسپۆڕان هۆشدارییان لە بارەی گۆڕانی مرۆڤ بۆ ئامراز و زاڵبوونی سۆز بەسەر عەقڵدا لە کاتی کڕینی کاڵاکاندا دا.
کۆمپانیاکان کار لەسەر سۆزی کڕیار دەکەن
ئارام قەرەداغی، راهێنەری مارکێتینگ، لە میانی بەشدارییکردنی لە بەرنامەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، مرۆڤ لەم سەردەمەدا کۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە و کەوتووەتە ژێر رکێفی کاڵاکانەوە. ئەو دەڵێت"کۆمپانیاکان کار لەسەر وروژاندنی هەستی کڕیار دەکەن بۆ ئەوەی بە سۆز بڕیار بدات نەک بە ژیری". قەرەداغی ئامۆژگاری هاووڵاتیانی کرد کە پێش کڕینی هەر کاڵایەک، لانی کەم 10 خولەک بیربکەنەوە بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر کاریگەریی ریکلام و براندەکان.
مرۆڤ بووەتە ئامراز
لەلایەکی دیکەوە، مورشید ئەحمەد، دەروونناس، گۆشەنیگایەکی دەروونی و ئەخلاقی بۆ بابەتەکە خستەڕوو. ئەو پێیوایە لە سەردەمی مۆدێرندا مرۆڤ خەریکە دەکرێتە ئامراز، و دەڵێت"لە هەر شوێنێک مرۆڤ بوو بە ئامراز، ئەو پڕۆسەیە نائەخلاقییە"، بە بڕوای ئەو دەروونناسە، مۆدێل و مارکەکان خەریکە ناسنامەی راستەقینەی مرۆڤەکان دادەپۆشن.
"سیستمی پەروەردە بیرکردنەوەی رەخنەگرانەی خنکاندووە"
ئارەزوو باراوی، چالاکڤانی کولتووری، رەخنەی تووندی لە سیستمی پەروەردە و تێڕوانینی کۆمەڵگە گرت، باراوی باسی لەوە کرد کە کاڵا تەنیا دروستکراوی دەستی مرۆڤە و بەبێ نرخاندنی مرۆڤ هیچ بەهایەکی نییە. ئەو گوتیشی"نەوەی نوێ تووشی شەپۆلێکی مارکەپەرستی بووە و لە ترسی کۆمەڵگە، بۆ رازیبوونی خەڵک دەژی". ئاماژەی بەوەش کرد کە پەروەردە نەیتوانیوە منداڵان بە شێوەیەک باربهێنێت کە خاوەن بیرکردنەوەی رەخنەگرانە بن و تەنیا لاسایی کلتووری بەکاربردن نەکەنەوە.
گوشاری دەوروبەر و ناسنامەی پۆشاک
لە بەشێکی بەرنامەکەدا، ئامادەبووان ئەزموونی خۆیان گێڕایەوە. یەکێک لە گەنجە بەشداربووەکان ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی هەموو هاوپۆلەکانی خاوەنی مۆبایلی ئایفۆنن، بەڵام ئەو نەکەوتووەتە ژێر ئەو گوشارە و بەوەی هەیەتی قایلە. هەندێکی دیکە لە ئامادەبووان باسیان لەوە کرد کە پۆشاک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بووەتە ناسنامە و زۆر کەس شەرم دەکەن جلی سادە بپۆشن، چونکە دەترسن لە لایەن دەوروبەرەوە بە کەم سەیر بکرێن.
بەرنامەی دەروون شەوانی شەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت و تیشک دەخاتە سەر گرنگترین کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی تاک و کۆمەڵگە لە هەرێمی کوردستان.
"دەروون" یەکێکە لە دیارترین تۆک شۆ هەفتانەییەکانی رووداو، کە رۆژنامەڤان و پێشکێشکاری ناسراو، دەروون گێژەن، پێشکێشی دەکات. بەرنامەکە لە گەورەترین ستۆدیۆی رووداوەوە پەخش دەکرێت و تیشک دەخاتە سەر گرنگترین پرسە کۆمەڵایەتییەکان، لە پەروەردە و تەندروستییەوە تاوەکو کێشە خێزانییەکان و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان. هەر بەرنامەیەک کۆمەڵێک شارەزا و بڕیاربەدەست کۆدەکاتەوە بۆ شیکردنەوەی قووڵی بابەتەکە، گفتوگۆکردن لەسەر دیدگە جیاوازەکان و، کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کرداری. ئەوەی "دەروون" جیادەکاتەوە، ئامادەبوونی ئۆدیەنسە لە بەرنامەکە، ئەو کەسانەی راستەوخۆ کێشەکە کاریگەریی لەسەر ژیانیان داناوە بانگهێشتی ستۆدیۆ دەکرێن، بۆ دڵنیابوون لەوەی دەنگی خەڵکی ئاسایی شانبەشانی دەنگی بڕیاربەدەستان و پسپۆڕان دەبیسترێت.