کاریگەرییە کوشندەکانی خۆبەزلزانین لەسەر تاک و کۆمەڵگە

04 October 2025
کاریگەرییە کوشندەکانی خۆبەزلزانین لەسەر تاک و کۆمەڵگە
لە جیهانێکی پڕ لە پەیوەندی و کارلێککردندا، هەندێک سیفەت هەن کە نەک تەنیا رێگری لە گەشەکردنی تاک دەکەن، بەڵکو دەبنە هۆی دروستبوونی کەلێنێکی گەورە لەنێوان مرۆڤ و دەوروبەرەکەیدا، یەکێک لەو سیفەتە مەترسیدارانە خۆبەزلزانییە، لەم دواییانەدا، پرسی خۆبەزلزانی و چۆنییەتی چارەسەرکردنی، بووەتە بابەتێکی گەرم لەناو توێژەرانی دەروونناس و کۆمەڵناسیدا، لە بەرنامەی دەروون بە وردی تیشک خرایە سەر ئەم دیاردەیە.
لە بەرنامەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆرە شوکریە رەسووڵ، نووسەر و مامۆستای زانکۆ، تیشکی خستە سەر گرنگیی تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە و دووری لە لووتبەرزی و رایگەیاند، کەسانی تێکەڵ بە کۆمەڵگە لە کەسانی خۆبەزلزان جوانترن و جەختی لەوە کردەوە کە "جوانیی مرۆڤ لەوەدایە لەناو خەڵکەکەی دابێت"، ئەم قسانە وەکو بانگەوازێک بوون بۆ خاکەڕایی، کە بە بڕوای ئەو، جوانترە لە لووتبەرزی.
لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر میراودەل ئەحمەد، پسپۆڕی دەروونناس، قسەکانی قووڵتر کردەوە و رایگەیاند کە لە سایکۆلۆژیدا خۆبەزلزانی رەفتارێکی نائەخلاقی و بێ پاساوە، ئەو خۆبەزلزانیی بە سیفەتێکی شڵەژانی کەسێتی خودشەیدایی ناساند، کە نیشانەی کێشەیەکی دەروونی قووڵە.
هەر لە درێژەی گفتوگۆکەدا، فەیسەڵ ئیبراهیم، کۆمەڵناس، جەختی لەوە کردەوە کە هەموو جۆرە خۆبەزلزانینێک لادانە لە هاوسەنگی، ئەو روونیکردەوە کە "کەسی خۆبەگەورەزان فۆکەس دەخاتە سەر ئەوانی دیکە نەک خۆی، واتا زیاتر خەریکی سەکوتکردنی ئەوانی دیکەیە نەک گەشەپێدانی خۆی، ئیبراهیم سەرنجێکی گرنگی خستە روو کاتێک گوتی "لووتبەرزی فەرمانی دەروونی نییە، بەڵکو فەرمانێکی کۆمەڵایەتییە"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەندێکجار گوشارە کۆمەڵایەتییەکان مرۆڤ ناچار دەکەن رەفتارێک بکات کە لە بنەڕەتدا باوەڕی پێی نییە، تەنیا بۆ رازیکردنی دەورووبەرە.
خۆبەزلزانی تەنیا کێشەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی کولتووریشی لەسەرە، دکتۆر میراودەل ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە زۆرجار سایکۆلۆجی بە شێوەیەکی نەرێنی و خراپ بەکاردەهێندرێت، ئەو باس لە جیاوازییەکانی نێوان کولتوورەکان دەکات کاتێک دەڵێت "لە کولتووری ئێمەدا پێکەنینی زۆر هەیبەتی مرۆڤ کەمدەکاتەوە، لە کاتێکدا لە کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان گاڵتەجاڕی بە خەسڵەتێکی باش دادەنرێت"، ئەمەش دەریدەخات کە پێوەرەکانی سەنگینی و خۆبەگەورەزانین لە کۆمەڵگەیەکی وەک هی ئێمەدا، رەنگە هەندێک جار بە شێوەیەکی هەڵە لێکبدرێتەوە.
پرۆفیسۆر دکتۆرە شوکریە رەسووڵ بە تووندی رەخنەی لە خۆبەزلزانی گرت و بە "شێرپەنجەی عەقڵ" وەسفی کرد، ئەو گوتی "لووتبەرزەکان حەزیان بە قسەی زلە و دەیانەوێ بەس خۆیان قسە بکەن و ئەوان خۆشەویت نین لەنێو خەڵکدا".
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، گفتوگۆیەکی گەرم دروست بوو لەسەر جیاوازیی نێوان خۆ قورسکردن و خۆبەزلزانی، بەشداربوویەک رایگەیاند کە "دەبێت کەمێک خۆ قورسکردن لە ناخماندا هەبێت"، کە د، شوکریە رەسووڵ لەگەڵیدا هاوڕا بوو و رایگەیاند "پێویستە هەموو کەسێک کەمێک قورسایی تێدا بێت"، بەڵام بە روونی ئاماژەی بەوەدا کە "لووتبەرزی نەخۆشییەکی کوشندەیە" و پێویستە لە پەروەردەی ماڵ و کۆمەڵگەوە، کەسایەتییەک دروست بکرێت کە لەم نەخۆشییە بەدوور بێت.
فەیسەڵ ئیبراهیم سنووری نێوان ئەم دوو چەمکەی روونکردەوە و گوتی "قورسی مرۆڤ بە فریودانی کەسانی دیکە بەدەست نایەت، بەڵکو سەنگینی مرۆڤ رەفتارەکانی لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی خۆیەتی، واتا سەنگینی راستەقینە لە ناخەوە دێت نەک لە رەفتارێکی رووکەشەوە.
دکتۆر میراودەل ئەحمەد جیاوازییەکی دیکەی خستەڕوو لە نێوان "متمانە بەخۆبوون" و "خۆبەزلزانی"دا، ئەو رایگەیاند "متمانە بەخۆبوون ئەرێنییە، بەڵام خۆبەزلزانین هیچ سوودێکی نییە"، روونیکردەوە کە "خۆبەزلزان کێشەی لە هەڵسەنگاندنی خۆی و کەسانی دیکەدا هەیە" و "خۆی بە گەورە و ئەوانی دیکە بە بچووک دەبینێت"، مەترسیدارترین خاڵیش ئەوە بوو کە "کەسانی خۆبەزلزان خۆیان بە نەخۆش نازانن"، ئەمەش وادەکات چارەسەرکردنیان قورس بێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا، دکتۆر میراودەل ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە "خۆبەزلزان گرێی هەستکردن بە کەمی خۆی هەیە و لووتبەرزی پەردەیەکە بۆ شاردنەوەی بێهێزی ناخ"، ئەم بۆچوونە قوڵانە ئاماژە بەوە دەدەن کە خۆبەزلزانی نیشانەیەکە بۆ ناخی ناسەقامگیر و هەستکردن بە بێتوانایی.
لە کۆتایی دکتۆرە شوکریە رەسووڵ پەیامێکی گرنگی دایە کۆمەڵگە کاتێک رایگەیاند "خۆبەزلزانین لە چاوی خەڵکدا بچووک دەردەکەوێت".
ئەم گفتوگۆیانە تیشکیان خستە سەر دەرهاویشتە خراپەکانی خۆبەزلزانی لەسەر تاک و کۆمەڵگە، و داوایان کرد کە پێویستە لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگەش کار بکرێت بۆ هۆشیارکردنەوە و چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پڕ لە رێز و خۆشەویستی دروست بکرێت.
بەرنامەید ەروون هەموو شەوانی شەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.