ماتۆڕسکیل لە کوردستان؛ لەنێوان پارووی نان و مەترسیی مەرگدا
ماتۆڕسکیل لە کوردستان؛ لەنێوان پارووی نان و مەترسیی مەرگدا
لە نوێترین بەرنامەی دەروونی تۆڕی میدیایی رووداو تیشکی خستەسەر دیاردەی بەکارهێنانی ماتۆڕسکیل لە هەرێمی کوردستان و لێکەوتە کۆمەڵایەتی، ئابووری و دەروونییەکانی، بەرنامەکە بە میوانداریی هەریەک لە پێشڕەو حوسێن، نووسەر و هونەرمەند؛ د. توانا ئەمین، کۆمەڵناس؛ نەجات نەجم، نووسەر و ئامادەکاری پڕۆگرامی هاتووچۆ، لەگەڵ ژمارەیەک ماتۆڕسوار، هەوڵیدا لە رەهەندە جیاوازەکانەوە لەو پرسە بکۆڵێتەوە.
میوانانی بەرنامەکە کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ماتۆڕسکیل لەلایەک بووەتە ئامرازێکی گرنگی بژێوی و لەلایەکی دیکەشەوە هۆکارێکە بۆ خۆدەرخستنی گەنجان، بەڵام لە هەمان کاتدا بووەتە سەرچاوەی پیسبوونی دەنگی و بێزارکردنی هاووڵاتییان، پێشڕەو حوسێن ئاماژەی بەوەکرد کە بارودۆخی سەختی ژیان ناچاری کردووە روو لە کارکردن بە ماتۆڕسکیل بکات و گوتی"ماتۆڕ جگە لەوەی ئامرازێکی کارکردنە، جۆرێک لە پیسبوونی دەنگی و دڵەڕاوکێی دەروونیش دروست دەکات."
لە گۆشەنیگایەکی کۆمەڵناسییەوە، د. توانا ئەمین روونیکردەوە کە گەنجی هەژار زۆرجار ماتۆڕسکیل وەک هۆکارێک بۆ خۆدەرخستن و سەلماندنی خود بەکاردەهێنێت، د. توانا گوتیشی"حەزی خێرالێخوڕین حەزێکی ئاساییە لەنێو گەنجاندا، بەڵام دەبێت حکومەت شوێنی تایبەت و سەلامەتیان بۆ دابین بکات تاوەکو ئەو حەز و وزەیەیان بە شێوازێکی دروست و لەژێر چاودێریدا بەتاڵ بکەنەوە، نەک لەنێو شەقامە گشتییەکاندا کە ژیانی خۆیان و خەڵکی دیکە دەخەنە مەترسییەوە."
لەلایەکی دیکەوە، ماتۆڕسوارە بەشداربووەکانی بەرنامەکە باسیان لە کێشە و ئاستەنگەکانیان کرد و رایانگەیاند کە تێچووی تۆمارکردن و تابلۆکردنی ماتۆڕسکیلەکانیان زۆر گرانە، یەکێک لە ماتۆڕسوارەکان گوتی"نرخی تابلۆ نزیکەی 400 هەزار دینارە، لە کاتێکدا هەندێک ماتۆڕ نرخیان ناگاتە 300 هەزار دینار، ئەگەر حکومەت نرخەکان هەرزان بکات، هەموومان ئامادەین پابەندی یاسا بین". ئەوان هۆکاری سەرەکیی بەکارهێنانی ماتۆڕسکیلیان بۆ هەرزانیی تێچووی هاتووچۆ گەڕاندەوە بە بەراورد بە تەکسی و پاس، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە گەڕەکە دوورەدەستەکانی شاردا دەژین.
نەجات نەجم، ئامادەکاری پڕۆگرامی هاتووچۆ، هۆشداریی دا لەوەی کە پێشبڕکێ و نمایشکردن بە "ماتۆڕی کەسابەت" بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار، هەروەها ئاشکرای کرد کە زۆربەی ئەو ماتۆڕسکیلانە بە شێوەی نایاسایی و وەک پارچەی یەدەگ هاوردە دەکرێن و لەنێوخۆی کوردستان لێکدەدرێنەوە، نەجات نەجم ئامارێکی مەترسیداریشی خستەڕوو و گوتی"ساڵانە نزیکەی 50 ماتۆڕسوار بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیان لەدەست دەدەن و لە ماوەی ساڵێکیشدا زیاتر لە 650 کەس بەهەمان هۆکار بریندار بوون."
لە کۆتاییدا، میوان و بەشداربووانی بەرنامەکە داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە رێوشوێنی پێویست بۆ رێکخستنەوەی کەرتی ماتۆڕسکیل بگرنەبەر، بەتایبەتی لە رێگەی کەمکردنەوەی باج و رسووماتی تۆمارکردن، چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی پابەندبوونی ماتۆڕسواران بە یاسا و لە ئەنجامدا کەمبوونەوەی رووداوە دڵتەزێنەکانی هاتووچۆ و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان.
بهشی بكه لە