پەیوەندیی مامۆستاکانی زانکۆ لەگەڵ خوێندکارە کچەکان
بەرنامەی ئەم هەفتەی دەروون بابەتێکی مشتومڕهەڵگڕ بوو لەسەر مژاری "پەیوەندیی مامۆستاکانی زانکۆ لەگەڵ خوێندکارە کچەکان و بەکارهێنانی پیگەیان بۆ مەرامی کەسیی خۆیان" کە بە میوانداریید. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، د. ژیا عەباس، پسپۆڕ لە بواری ژن و گەشەپێدانی مرۆیی، دانا رەزگەیی، رێنوێنیکاری پەروەردەیی، د. یوسف حەمەساڵح، پسپۆڕی دەروونی و هانا بابەشێخ، دەرچووی زانکۆ، بەڕێوەچوو.
دکتور توانا نەجەف، بەرێوەبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەم بارەیەوە گوتی: "لەم کابینەیەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا تەنیا دوو کەیسی سکاڵا لە مامۆستای زانکۆ هاتووەتە لای ئێمە و ئێمە لەگەڵ وەزیر و دەستەی دەستپاکی بەدواداچوونمان بۆ کردووە و ئەو مامۆستایانەمان دەرکردووە".
هەروەها د. توانا گوتیشی: "ئەم بابەتە لەنێو زانکۆکاندا نەبووەتە دیاردە و ئەگەر شتی واش هەبێت من تەنانەت ئەو کارە شەرعییەکەشی بە ناشەرعی دەزانم و ئەگەر مامۆستایەک بە شەرعی، لەگەڵ قوتابییەکەی خۆی هاوسەرگیری بکات، لای من قبووڵنەکراوە".
دانا رەزگەیی وەکو مامۆستایەکی بواری پەروەردە لە بارەی بابەتەکەوە گوتی: "لەم بابەتە تەنیا دوو کەیس بە یاسایی چووەتە لای وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەڵام دوو کەیس نییە و تەنیا لە یەک کۆلیژ چەندین کەیس هەن کە باس ناکرێن و هاتوونەتە لای ئێمە".
دانا رەزگەیی پێیوابوو کە ئەم کەیسانە زۆریان بە یاسایی چارسەر ناکرێن و زۆریان بە پێدانی بڕە پارەیەک داپۆشراون و چەندین کەیس هەن کە مامۆستای زانکۆ بوون و بە پارە چارەسەریان بۆ کراوە و دۆسییەکە داخراوە.
د. ژیا عەباس، پسپۆڕ لە بواری ژن و گەشەپێدانی مرۆیی میوانێکی دیکەی بەرنامەکە بوو و لەسەر ئەم بابەتە گوتی: "ئەم بابەتە لەنێو زانکۆکاندا بە زۆری هەیە و بەڵام دادەپۆشرێن و باسی لێناکرێت".
هەروەها د. ژیا باسی لە چەندین جۆری هەراسانکردن کرد و گوتی: "جۆری هەڕەشە و تۆقاندن یەکێکە لە شێوەکانی گێچەڵکردن کە لە زانکۆکاندا لەلایەن مامۆستاکانەوە بەرامبەر بە قوتابییەکان روودەدات. بەو جۆرەی کە پێگەی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ناچارکردنی قوتابی بە کارێک کە ویستی خۆی نییە".
د. ژیا عەباس باسی لە بێدەنگیی قوربانییەکان کرد و گوتی: "بێدەنگیی قوربانییەکان رێگەخۆشکەرە بۆ ئەو مامۆستایانە کە بەرامبەر کەسانی دیکەش گێچەڵ بکەن و نابێت بێدەنگ بن".
د. یوسف حەمەساڵح، پسپۆڕی دەروونی، لەمبارەیەوە گوتی: "ئەم دیاردەیە لەنێو زانکۆکاندا هەیە و من وەکوو مامۆستای زانکۆ، لە چەندین لیژنە بەشداریم کردووە بۆ لێپێچینەوە لەم مامۆستایانە بە هۆی گێچەڵکردنەوە بەرامبەر بە قوتابییەکان".
هەروەها لە وەڵامی پرسیاری دەرووندا کە ئایا ئەم مامۆستایانە دەرکراون؟ گوتی: "لە ماوەی 30 ساڵ ئەزموونی کارکردنم وەکوو مامۆستای زانکۆ، نەمدیوە مامۆستایەک لەبەر گێچەڵکردن دەربکرێت".
هەروەها گوتیشی: "ئەم بابەتە هی ئەوە نییە کە سزا بدرێن، دەبێت ئەمجۆرە مامۆستایانە دەربکرێن و لە ناوەندی زانکۆکاندا نەمێنن و ئێمە پێویستمان بە زێدەڕەوی لە چاودێریکردنی مامۆستاکان و قوتابییەکاندا هەیە".
هانا بابەشیخ، دەرچووی زانکۆ، یەکێکی دیکە لە میوانەکانی بەنامەکە بوو و گوتی: "بۆچی دەبیت مامۆستا بە دیدێکی سێکسییەوە سەیری قوتابییەکەی بکات لە بارێکدا مامۆستاکان سوێندیان خواردووە کە قوتابییەکانیان بپارێزن و وەکوو رۆڵەی خۆیان سەیریان بکەن".
هەروەها گوتیشی: "من وەکقو کچێک کە لە زانکۆ بووم، ئەم بابەتەم زۆر دیوە و تەنیا ئامۆژگاریم بۆ کچەکان بوێرییە و ئەوەیە کە نەترسن لە باسکردنی ئەم بابەتە".
هانا بابەشیخ ئاماژەی بە پێویستیی پاڵپشتیکردن لە قوتابییەکان کرد و گوتی: "ئەگەر کچەکانمان پاڵپشتیی خێزان و زانکۆیان هەبێت، ئیتر ناترسن لە باسکردنی ئەم تاوانانە و لە جێگەیەکدا ئەم شتە ناشرینە دەوەستیت".
لە بەرنامەکەدا ئاماژە بە ژمارەی 1015ی دەستەی دەستپاکی کرا بۆ ئەو کەسانەی کە بیانەوێت سکاڵای خۆیان بەرامبەر بەمجۆرە کەیسانە تۆمار بکەن.
بهشی بكه لە