قومار، وێرانکەرێکی بێدەنگی کۆمەڵگە

08 February 2025
قومار، وێرانکەرێکی بێدەنگی کۆمەڵگە



ژمارەیەک شارەزای بواری ئابووری و دەروونناسی هۆشدارییان لە پەرەسەندنی دیاردەی قومار و زیانە کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابوورییەکانی دا، بەتایبەت لەسەر توێژی گەنجان.

لە بەرنامەی "دەروون"ی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە بە بەشداری باوەڕ جەمال، شارەزای ئابووری؛ یادگار ئیسماعیل، توێژەر و چارەسەرکاری دەروونی؛ د. یوسف حەمەساڵح، دەروونناس و؛ جێگر زێباری، زیانلێکەوتووی قوماری ئەلیکترۆنی بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر لایەنە جیاوازەکانی ئەم دیاردەیە.

یادگار ئیسماعیل، توێژەر و چارەسەرکاری دەروونی بە رووداوی راگەیاند: "قومار و یارییە ئەلیکترۆنییەکان وەکوو نەخۆشییەک لەژێر چەتری نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە ئالوودەبوون ناوی هاتووە". ناوبراو باسی لەوەشکرد: "بۆ بابەتی ئالوودەبوون، بە پێی زانست 12 نیشانە دانراوە و ئەگەر کەسێک بۆ ماوەی ساڵێک چوار لەو نیشانانەی تێدا بێت، ئەوا بە ئالوودەبوو دادەنرێت".

سەبارەت بە لایەنی یاسایی، یادگار ئیسماعیل ئاماژەی بەوەدا: "بۆ ئەوانەی قومار دەکەن مادەی 389 هەیە و زۆربەی زۆری بە سزای دارایی دەڕوات و بەشێکی زۆر کەم حوکمی تێدایە". ناوبراو پێیوایە "پێویستمان بە هەموارکردنی هەندێک لە یاساکان و تەنانەت یاسای تازە هەیە بۆ بابەتی قومار".

لەلایەکی دیکەوە باوەڕ جەمال، خاوەن کۆمپانیا و شارەزای ئابووری هۆشداری لە مەترسییەکانی قوماری ئەلیکترۆنی دایە گەنجان و گوتی: "گەنجەکان کاتێک بڕوایان وایە بە کارکردن و مووچەیەکی مانگانەی 500 هەزاری بە ئاواتەکانیان ناگەن، روو دەکەنە قومار". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد "کافتریاکان بوونەتە هۆکارێک بۆ گواستنەوەی ئەمجۆرە یارییە ئەلیکترۆنییانە و ئەگەر ئاگاداری خۆتان نەبن هەمیشە قومارخانەیەک لە گیرفانتاندایە".

شارەزای ئابووری رەخنەی لە کەمی سزای یاسایی گرت و رایگەیاند: "بەرزترین سزای قومار یەک ملیۆن دینارە و بۆ کەسێک ئامادە بێت 20 دەفتەر دۆلار بدۆڕێنێت، یەک ملیۆن دینار کەی سزایە؟".

باوەڕ جەمال داواکارییەکی ئاراستەی حکومەتی هەرێم کرد و گوتی: "ئەو ئەپڵیکەیشنانەی لە کوردستان یاری پێدەکرێت، زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت بلۆک بکرێن بۆ ئەوەی بە هێڵی ئینتەرنێتی هەرێمی کوردستان کار نەکەن". ناوبراو داوای لە حکومەت کرد "بڕیارێکی چارەنووسساز بدات و دیاردەی قوماری ئەلیکترۆنی بۆ پاراستنی گەنجان لە هەرێمی کوردستان قەدەخە بکات".

د. یوسف حەمەساڵح، پسپۆڕی دەروونناسی روانینێکی جیاوازی هەبوو و رایگەیاند: "نابێت روخساری قومارچی زۆر خراپ بکەین و بڵێین هەموو قومارچییەک مرۆڤی خراپن. زۆر کەس هەن کە رۆژێک لە رۆژان قوماریان کردووە و ئالوودەش نەبوون".

ئەو پسپۆڕە دەروونناسە ئاماژەی بە ئاماری قومارکردن لە وڵاتە ئەوروپییەکان کرد و گوتی: "رێژەی قومارچی لە دونیا لە سەدا دووە و لە 60٪ بۆ 70٪ی ئەوروپییەکان قوماردەکەن، بەڵام تەنیا لە 2٪ی ئەو رێژەیە دەبنە قومارچیی سەخت".

د. یوسف باسی لە مێژووی قومار کرد و گوتی: "قومار بەشێکە لە کلتوری مرۆڤایەتی، لە وڵاتی چین 4500 ساڵ پێش ئێستا زار دۆزراوەتەوە، لە میسر 3500 ساڵ لەمەوبەر و لە ئیتالیاش لە سەدەی 17 لە رۆم، کازینۆ کراوەتەوە". ناوبراو پێیوایە قوماری ئەلیکترۆنی لە هەموویان خراپترە و قومار شتێکی باش نییە و، گوتیشی: "بەڵام هاوڕای ئەوە نیم کە قومار نەخۆشییە، تەنیا ئەو کاتە دەتوانین بڵێین نەخۆشییە کە زیان بە تەندروستیی دەروونی و جەستەیی و کەسبوکارمان بگەیەنێت".